سەرکردە سەرەکییەکانی حەماس کێن؟

گروپی چەکداریی حەماسی فەڵەستینییەکان کە ڕۆژی شەممە، 7ی مانگی 10 هێرشی کردە سەر ئیسڕائیل و زیاتر لە 1300 کەسی کوشت، لە ساڵی 2007 ەوە فەرمانڕەوایی کەرتی غەزە دەکات.

ڕابەرانی باڵای حەماس کێن کە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو دەڵێت هاوشێوەی ڕێکخراوی داعشن.

لەم نووسینەدا سەرنج دەخرێتە سەر ناو و ژیانی سەرکردە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی حەماس، چ لە لقی سیاسی و چ لە لقی سەربازی ئەو بزووتنەوەیەدا.

ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی باڵی سیاسی حەماس:

ئیسماعیل هەنییەی تەمەن 60 ساڵ لە ساڵی 2017 دا وەکو بەرپرسی نوسینگەی سیاسی حەماس دەستنیشانکرا و جێی خالید میشعەلی گرتەوە، بەڵام هەنییە پێشتریش لە ساڵی 2006 دا کەسایەتییەکی دیار بوو کاتێک بووە سەرۆک وەزیری دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان، ئەوەش دوای ئەوەی حەماس لەو ساڵەدا لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

بەڵام پەیوەندییەکان لەگەڵ بزووتنەوەی فەتحی سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان مەحمود عەباسدا ماوە کورت بوون و لە ساڵی 2007 دا حەماس کۆنتڕۆڵی کەرتی غەزەی کرد، ئەوەش دوای ئەوەی لایەنگرانی سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکانی بە بەکارهێنانی هێز لە غەززە دەرکرد.

هەنییە خۆبەخشانە دەربەدەر ژیاوە، کاتەکانی لە نێوان تورکیا و قەتەڕدا بەسەربردووە.

هەنییە لە مێژە هەوڵی ئاشتەوایی دەدات لە نێوان گروپە چەکدارییە فەڵەستینییەکاندا دژی ئیسڕائیل و بەدوای هەڵوێستێکی سیاسیی لە ناوخۆی حەماسدایە. حەماس لەلایەن ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندراوە.

هەروەها دەوترێت هەنییە پەیوەندییەکی باشی هەیە لەگەڵ ڕابەرانی فراکسیۆنە جۆراوجۆرەکانی فەڵەستینییەکاندا، بە ڕکابەرەکانیشییەوە و لە گەنجێتیدا ئەندامی لقی خوێندکارانی برایەتی موسوڵمانان بووە لە زانکۆی ئیسلامی غەززە.

لە ساڵی 1987 دا پەیوەندی بە حەماسەوە کردووە کاتێک حەماس وەکو یەکەم شۆڕشی فەڵەستینی دامەزرا و دژی ئیسڕائیل وەستایەوە، هەتاوەکو ساڵی 1993.

لەو ماوەیەدا هەنییە چەندین جار لەلایەن ئیسڕائیلەوە دەستگیرکراوە، دواتریش بۆ ماوەی شەش مانگ دەرکراوە بۆ باشووری لوبنان.

لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە ڕۆژی شەممە میدیایەکی سەر بە حەماس بڵاویکردەوە، تێیدا هەنییە سەیری وێنەکانی هێرشەکانی حەماس دەکات بۆ سەر ئیسڕائیل و دواتر لەگەڵ ڕابەرانی دیکەی حەماسدا نوێژ دەکەن و "سوپاسی خودا دەکەن بۆ ئەم سەرکەوتنە."

محەممەد زەیف، بەرپرسی باڵی سەربازیی حەماس:

محەممەد زەیفی سەرۆک ئەرکانی حەماس کە سەرکردایەتی باڵی سەربازیی حەماس 'لیواکانی عیزەدین ئەل قەسام ' دەکات، دوژمنی یەکەمی ئیسڕائیلە و ئەو پیاوەیە کە ئیسڕائیل لانیکەم شەش جار هەوڵیداوە بیکوژێت و لە ساڵی 2015 ەوە لە لیستی "تیرۆریستانی نێودەوڵەتی" ئەمەریکادایە.

زەیف ئەو کەسە بوو کە لە پەیامێکی دەنگیدا دەستپێکردنی هێرشەکەی حەماسی بۆ سەر ئیسڕائیل ڕاگەیاند کە بە " گەردەلوولی ئەل ئەقسا " ناسراوە.

لە پەیامە دەنگییەکەدا زەیف دەڵێت " شوێنەکانی دوژمن لەڕێی 5000 موشەک و گولەوە لە 20 خولەکی سەرەتادا کراونەتە ئامانج."

حەماس لەگەڵ پەیامە دەنگییەکەدا وێنەیەکی زەیفی لە تاریکیدا بڵاوکردەوە، وەکو هەموو جارێک چونکە زەیف نایەوێت بناسرێتەوە.

تەنها چەند وێنەیەکی کەمی زەیف هەن کە کواڵێتییان خراپە، دوایین وێنەیان بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 20 ساڵ لەمەوبەر.

حەشارگەکەشی نەزاندراوە، باس لەوە دەکرێت مامۆستای خۆشاردنەوەیە و لە توانایدا هەیە بەبێ ئەوەی گومانی لێبکرێت بچێتە ناو خەڵکەوە.

زەیف کە ناوە ڕاستەقینەکەی محەمەد دیاب ئەل مەسڕییە، لە ساڵی 1965 لە کامپی پەنابەرانی خان یونسی غەززە لە دایک بووە.

لە ساڵی هەشتاکانەوە پەیوەندی لەگەڵ حەماسدا هەیە و بەشداری لە چەندین ئۆپەراسیۆنی حەماسدا کردووە، لەوانەش: ڕفاندنی سەربازان و تەقینەوەی خۆکوژی.

لە ساڵی 2002 دا وەکو بەرپرسی باڵی سەربازیی حەماس دەستنیشانکرا، ئەوەش دوای ئەوەی سەڵاح شەهیدی لە هێرشێکدا کوژرا و زەیف شوێنەکەی گرتەوە.

دوو ساڵ لەوەوبەر، لە دەستپێکی شۆڕشی دووەمدا، زەیف هەڵات یاخود لە زیندانێک ئازاد کرا کە لەلایەن سەرۆکی ئەو کاتەی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان یاسر عەرەفاتەوە بەڕێوەدەبرا.

ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی وەکو بەرپرسی باڵی سەربازیی حەماس دەستنیشانکرا، ئیسڕائیل پێنجەمین هەوڵی خۆیدا بۆ کوشتنی لە غەزە، لە هێرشێکدا کە بە سەختی بریندار بوو.

دوایین جار ئیسڕائیل لە ساڵی 2014 دا بوو هەوڵیدا زەیف بکوژێت، کاتێک هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر غەزە و خێزانەکەی و یەکێک لە منداڵەکانی کوشت.

دوژمنانی زەیف بە "پشیلەی نۆ ڕۆح " ناوی دەبەن، لە کاتێکدا فەڵەستینیەکان بە ئەفسانەیەکی زیندوو ناوی دەبەن.

یەحیا سینوار " پیاوە ئازاکەی " غەززە:

سینوار لەلای ڕاستەوە

یەحیا سینوار فەرماندەی پێشووی باڵی سەربازیی حەماس بووە، سینواری تەمەن 61 ساڵ لە ساڵی 2017 دا وەکو بەرپرسی گروپە چەکدارییەکە دەستنیشانکرا لە غەززە.

قۆناغ بە قۆناغ لە نێو حەماسدا پلەکانی بڕی، هاندەرێکی توندی خەباتە چەکدارییەکەی حەماسە دژی ئیسڕائیل و لەلایەن حەماسەوە وەکو " وەزیری بەرگری " سەیر دەکرێت.

نادیارییەکی زۆر هەیە لەسەر سینوار کە ئیسڕائیل بە باشی دەزانێت و 23 ساڵ لە زیندانەکانی ئیسڕائیلدا بووە و لە ساڵی 2011 دا ئازاد کراوە، ئەوەش لە ماوەی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکاندا لەگەڵ سەربازێکی ئیسڕائیلی فەڕەنسی گیلعاد شالیت کە لەلایەن حەماسەوە دەستگیرکرابوو.

هاوشێوەی زەیف، سینواریش لە لیستی ئەمەریکادایە بۆ " تیرۆریستیانی نێودەوڵەتی."

ڕۆژی پێنجشەممە وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل ڕیچارد هێخت بە ڕۆژنامەنووسانی وت هێرشەکەی سوپا بۆ سەر غەزە ڕابەرانی حەماس دەکاتە ئامانج بە سینواریشەوە.

مەروان عەبدولکەریم عەلی عیسا:

مەروان عیسا دەستی ڕاستی محەممەد زەیف، جێگری فەرماندەی کەتیبەکانی عیزەدین قەسامە و ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەربازی بزووتنەوەی حەماسە.

هێزەکانی ئیسرائیل لە ساڵی1987 دەستگیریان کرد و بە تۆمەتی چالاکی لە حەماس کە لە تەمەنێکی بچووکەوە پەیوەندی بە حەماسەوە کردبوو، بۆ ماوەی پێنج ساڵ زیندانی کرا.

ئیسرائیل دەڵێت "جەنگی مێشک" لەگەڵ حەماس بەردەوام دەبێت تا مەروان عیسا لە ژیاندا بێت. ئیسرائیلییەکان بە پیاوی "کردەوە نەک قسە"ی دەزانن و دەڵێن ئەوەندە زیرەکە دەتوانێت پلاستیک بکاتە مێتاڵ.

لە گەنجیدا یاریزانێکی نایابی باسکە بووە و نازناوی "کۆماندۆی فەلەستینی"ی پێدراوە. بەڵام نەیتوانی لە وەرزشدا بگاتە هیچ شوێنێک، چونکە ئیسرائیل لە ساڵی 1987 بە تۆمەتی ئەندامبوون لە بزووتنەوەی حەماس دەستگیری کرد. دواتریش لە ساڵی 1997 لە لایەن ڕێکخراوی فەلەستینی دەستگیر کرا و تا سەرەتای ئینتیفادەی دووەم لە ساڵی 2000 لە زینداندا بووە.

دوای ئازادبوونی لە زیندان، ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە دروستکردن و پەرەپێدانی هەیکەلی سەربازی کەتیبەکانی قەسام.

بەهۆی ڕۆڵی دیار و بەرچاوی لە بزووتنەوەی حەماسدا، بووە یەکێک لە کەسایەتییە داواکراوەکانی ئیسرائیل. ئیسرائیل لە ساڵی 2006 لە میانی کۆبوونەوەی بارەگای حەماس کە بە ئامادەبوونی محەمەد زەیف و سەرکردە باڵاکانی تری کەتیبەکانی قەسام بەڕێوەچوو، هەوڵیدا بیکوژێت، بەڵام لەو هەوڵەدا مەروان عیسا بریندار بوو و ئیسرائیل بە ئامانجەکەی نەگەیشت.

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە کاتی هێرشەکانی ساڵی 2014 و 2021 بۆ سەر غەززە دوو جار ماڵەکەیان بۆردومان کرد و لە یەکێک لەو هێرشانەدا براکەی کوژرا.

تا ساڵی 2011 دەموچاوی نەبینرابوو. لەو کاتەدا لە وێنەیەکی گروپیدا بینراوە کە لە کاتی پێشوازیکردن لە دیلەکان تۆمارکراوە کە بە گیلعاد شەلیت سەربازێکی ئیسرائیلی گۆڕدرانەوە.

عەبدوڵڵا بەرغوسی:

عەبدوڵڵا بەرغوسی لە ساڵی1972 لە کوێت لەدایک بووە و دوای یەکەمین جەنگی کەنداو لە ساڵی 1990چووەتە ئوردن بۆ ژیان و ڕەگەزنامەی ئوردنی بەدەستهێناوە و بۆ ماوەی سێ ساڵ لە زانکۆیەکی کۆریای باشوور ئەندازیاری ئەلیکترۆنی خوێندووە. بوارەکەی خوێندنی یارمەتی دا بۆ پەرەپێدانی پسپۆڕی داهاتووی خۆی کە دروستکردنی بۆمب بوو. ئەو خوێندنی تەواو نەکرد و توانی مۆڵەتی چوونە ناو خاکەکانی فەلەستین بەدەستبهێنێت.

کەس نەیدەزانی ئەو لێهاتوویی و کارامەیی هەیە لە بواری بەرهەمهێنانی تەقەمەنیدا و دوای گەڕانێکی دوور و درێژ متمانە بە بیلال بەرغوسی ئامۆزاکەی دەکات و دەچێتە لای و دەیباتە شوێنێکی دوور لە کەرتی ڕۆژئاوا و ئەو تەقەمەنیانەی لەگەڵ خۆی دروستی کردبوو دەیبات بۆ ئەوەی لەبەردەم بیلالدا بیتەقێنیتەوە و کارامەیی خۆی پیشان بدات و دوای ئەوەش بیلال بەرغوسی داوای لە عەبدوڵڵا ی ئامۆزای دەکات بێتە ناو ڕیزەکانی کەتیبەکانی قەسامەوە.

چالاکی سەرەکی عەبدوڵڵا بەرغوسی بریتی بوو لە دروستکردنی ئامێری تەقەمەنی، هەروەها بەرهەمهێنانی مادەی ژەهراوی، لەوانەش لە دروستکردنی ژەهر لە پەتاتە. بەرغوسی کارگەیەکی تایبەتی بۆ بەرهەمە سەربازییەکان لە کۆشکێک لە شارەکەی خۆی دامەزراند. لە ئۆپەراسیۆنەکاندا کە بە سەرکردایەتی یان هەماهەنگی ئەو ئەنجام دراون، لانیکەم 66ئیسرائیلی کوژراون و 500کەسیش بریندار بوون.

بەرغوسی لە ساڵی 2003بە هەڵە لەلایەن بریکارە تایبەتەکانی ئیسرائیلەوە دەستگیرکرا و بۆ ماوەی سێ مانگ لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرا.

لە دووەم دادگاییکردنیدا، دەیان کەس لە ڕزگاربووانی ئیسرائیلییە کوژراوەکان ئامادەبوون. لەو دادگایەدا، بەرغوسی درێژترین سزای زیندانیکردنی لە مێژوودا وەرگرت و بە 67 جار سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی لەگەڵ 5200 ساڵ سزای زیندانیکردن سزا درا و تا ئێستاش لە زینداندایە.

خالید مەشعەل:

خالید مەشعەل کە بە نازناوی "ئەبو الوەلید" ناسراوە، لە ساڵی 1956 لە گوندێکی کەناری ڕۆژئاوا لەدایک بووە. لە منداڵیدا خێزانەکەی کۆچیان کرد بۆ کوێت و لەوێ دەچێتە قوتابخانە.

مەشعەل وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی حەماس ناودەبرێت و هەر لە دامەزراندنیەوە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەم گرووپە بووە. لە نێوان ساڵانی 1996 بۆ 2007 بەرپرسی فەرمانگەی سیاسی بزووتنەوەی حەماس بووە، دوای کوشتنی شێخ ئەحمەد یاسین و عەبدولعەزیز ڕەنتیسی لە ساڵی 2004، سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماسی گرتە ئەستۆ.

لە ساڵی 1997مۆساد بە فەرمانی ڕاستەوخۆی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل مەشعەلیان کردە ئامانجی تیرۆر و 10 بریکاری مۆساد بە پاسپۆرتی ساختەی کەنەدا چوونە ناو ئوردن بۆ کوشتنی ناوبراو. خالید مەشعەل کە لەو کاتەدا دانیشتووی ئوردن بووە، لە یەکێک لە شەقامەکانی عەممانی پایتەختی ئوردن هێرشی دەکرێتە سەر و مادەیەکی ژەهراوی لێدەدرێت.

دەسەڵاتدارانی ئوردن دوو ئەندامی مۆسادیان لە پەیوەندیی بەو ڕووداوەوە دەستگیر کرد و حسێن بن تەلال پاشای پێشووی ئوردن داوای لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد کە دژە ژەهری ئەو ژەهرەی لە مەشعەل دراوە، بنێرم بۆ ئوردن بۆ چارەسەرکردنی.

ناتانیاهۆ سەرەتا داواکارییەی ڕەتکردەوە. بەڵام هەوڵی تیرۆرکردنی مشعەل ڕەهەندی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا و بیل کلینتۆن سەرۆکی ئەمریکا لەو کاتەدا داوای لە ناتانیاهۆ کرد کە دژە ژەهرەکە بۆ ئوردن دابین بکات. دواجار ناتانیاهۆ ملکەچی فشارەکانی کلینتۆن بوو و ڕازی بوو دژە ژەهرەکە بۆ ئوردن ڕەوانە بکات.

خالید مشعەل لە مانگی دوانزەی ساڵی 2012 بۆ یەکەمجار سەردانی کەرتی غەززەی کرد. گەشتەکەی مشعەل یەکەم سەردانی بوو بۆ ناوچەکانی فەلەستین دوای ئەوەی لە تەمەنی 11ساڵیدا کەناری ڕۆژئاوای بەجێهێشتبوو. ناوبراو لە دەروازەی ڕەفەح لەلایەن سەرکردەی گرووپە جیاجیاکانی فەلەستینی پێشوازی لێکرا.

ئەنجوومەنی بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی لە مانگی پێنجی ساڵی 2017، ئیسماعیل هەنییەی لە شوێنی مشعەل وەک بەرپرسی فەرمانگەی سیاسی بزووتنەوەی حەماس دانا و خالید مشعەلیش وەک بەرپرسی کاروباری دەرەوەی ئەو نووسینگەیە دەستنیشان کرا.

مەحمود خالید ئەلزەهار:

​مەحمود زەهار لە ساڵی 1945لە شاری غەززە لە دایکبووە. باوکی فەلەستینی و دایکی میسری بووە و ساڵانی سەرەتای منداڵی لە میسر بەسەر بردووە.

ناوبراو لەگەڵ خێزانەکەی دوای ماوەیەک گەڕاوەتەوە بۆ غەززە و لەوێ دەچێتە قوتابخانە.ئەو بڕوانامەی پزیشکی لە قاهیرە لە ساڵی 1971بەدەستهێناوە و لە ساڵی 1976یش بڕوانامەی نەشتەرگەری گشتی وەرگرتووە.

لەدوای تەواوکردنی خوێندن. ناوبراو وەک پزیشک لە نەخۆشخانەکانی غەززە و خان یونس کاری کردووە تا ئەو کاتەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بەهۆی پۆستە سیاسییەکانییەوە لە کارەکەی دووریانخستوەتەوە. زەهار بە یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی بزووتنەوەی حەماس ناسراوە و لە ڕیزی سەرکردە سیاسییەکانی ئەم بزووتنەوەدایە.

ناوبراو لە ساڵی 1988 واتە شەش مانگ دوای دامەزراندنی بزووتنەوەی حەماس دەستبەسەر و بۆ ماوەی شەش مانگ لە ئیسرائیل زیندانی کرا. لە نێو ئەو کەسانەدا بوو کە لە ساڵی 1992دا دەربەدەری دەڤەری مەرجەزهور کران و ساڵێکی تەواوی لەوێ بەسەر برد.

کاتێک حەماس لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی2006دا زۆرینەی کورسییەکانی ناوچەکانی فەلەستین بەدەست هێنا، زەهار وەک وەزیری دەرەوە لە حکومەتەکەدا بە سەرۆکایەتی ئیسماعیل هەنییە دەستنیشانکرا. دوای جیابوونەوەی گرووپە فەلەستینییەکان، مەحمود عەباس، سەرۆکی ڕێکخراوی خۆبەڕێوەبەری، حکوومەتی هەنییەی لە کارەکەی دوورخستەوە.

ئیسرائیل کە هەمیشە هەوڵی نەهێشتنی مەحمود زەهار دەدات، لە ساڵی 2003 هەوڵی تیرۆرکردنی دا. لەو ئۆپەراسیۆنەدا فڕۆکەیەکی جۆری ئێف16ی ئیسرائیلی بۆمبێکی نیو تۆنی خستە سەر ماڵی زەهار لە گەڕەکی ڕێماڵ لە غەززە. لە هێرشەکەدا برینێکی سوکی بەرکەوتووە، بەڵام کوڕە گەورەکەی و هاوڕێکەی لە تەقینەوەکەدا گیانیان لەدەستداوە.

کوڕی دووەمی بە ناوی حسام کە ئەندامی کەتیبەکانی عزەدین قەسام بوو، لە ڕیزی ئەو 18کەسەدا بوون کە لە مانگی یەکی ساڵی 2008 لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی غەززە کوژران.

زەهار بەرهەمی سیاسی و ئەدەبی هەیە و کتێبی چاپکراوی هەیە.


سەرچاوە/ فرانس پرێس/بی بی سی