حەماس دڵگرانە بە مەرگی ڕەئیسی و دەڵێت پشتگیری لە حەماس کردووە دژی ئیسڕائیل

گروپی چەکداریی حەماسی فەلەستینییەکان ڕۆژی دووشەممە دڵگرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە مەرگی سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی و وتی پشتگیری لە گەلی فەلەستینی کردووە لە ماوەی جەنگەکەی حەماس لەگەڵ ئیسڕائیلدا.

سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی لە کەوتنەوە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیدا لە ناوچەیەکی شاخاوی لە نزیک سنووری ئازربایجان گیانی لە دەستدا.

بەرەبەیانی زووی ڕۆژی دووشەممە پارچە تێکشکاوەکانی هێلیکۆپتەرەکە دۆزرایەوە کە ڕەئیسی و وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیانی تێدابوو، ئەوەش دوای گەڕانێکی زۆر لە کەشوهەوایەک خراپ و ناوچەیەکی ساختدا.

حەماس وتی " ئەم سەرکردانە پشتگیرییان لە خەباتی ڕەوای گەلەکەمان کردووە دژی لایەنی زایۆنی، پشتیوانی بەنرخییان بۆ بەرخۆدانی فەلەستینییەکان دابین کردووە، لە ماوەی شەڕی لافاوی ئەل ئەقساشدا هەوڵی ماندوونەناسانەیان داوە بۆ دەربڕینی هاوسۆزی و پشتیوانی لە سەرجەم کۆڕبەند و بوارەکاندا بۆ گەلەکەمان لە کەرتی غەززە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ هێرشەکەی 7 ی مانگی دەی ساڵی ڕابردووی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل کە 1200 کەسییان کوشتووە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. هەروەها نزیکەی 250 کەسیشییان بە بارمتە گرت.

وتیشی " هەروەها هەوڵی گەورەی سیاسیی و دیبلۆماتییان داوە بۆ ڕاگرتنی دوژمنکارییەکانی زایۆنییەکان دژی گەلی فەلەستینی."

سەرکردەکانی حەماس چەندین جار سوپاسی ئێرانییان کردووە لەسەر پشتیوانییە سەربازیی و داراییەکەی بۆ گروپەکە لە ماوەی ململانێ دەیان ساڵەکەیاندا دژی ئیسڕائیل.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز