کاردانەوە لەسەر هەڵبژاردنی تم واڵز لەلایەن کامڵا هێرس

تیم واڵز

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرس فەرمانڕەوای ویلایەتی مینیسۆتا تم واڵزی وەکو جێگری خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەستنیشان کرد.

هێرس لە نامەیەکدا بۆ لایەنگرەکانی وتی " خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم کە بڕیاری خۆمم داوە: فەرمانڕەوای مینیسۆتا تم واڵز پەیوەندی دەکات بە هەڵمەتەکەمانەوە وەکو جێگرم. تم سەرکردەیەکە لە شەڕدا تاقیکراوەتەوە و تۆمارێکی سەرسوڕهێنەری هەیە لە جێبەجێکردنی شتەکاندا بۆ خێزانەکانی مینیسۆتا. دەزانم کە هەمان سەرکردایەتی دەهێنێت بۆ هەڵمەتەکەمان، بۆ ئۆفیسی جێگری سەرۆک."

ڕاگەیاندنە فەڕمییەکە بەیانی ڕۆژی سێشەممە هات، پێش هەڵمەتێکی هەڵبژاردن لە فیلادیلفیای ویلایەتی پێنسلڤانیا.

پێشکەوتنخوازان پشتگیرییان لە واڵزی تەمەن 60 ساڵ کردووە کە پشتیوانی لە سیاسەتەکانی ئەوان کردووە وەکو فەرمانڕەوای مینیسۆتا. واڵز پێشتر لە سوپای پاسەوانی نیشتمانی ئەمەریکادا بووە و مامۆستاش بووە کە دەنگدەرە سپی پێستە دووردەستەکان بەدڵییانە.

جۆلی ڕۆگینسکی دیموکراتی شارەزا لە بواری ستراتیژیدا بە دەنگی ئەمەریکای وت " واڵز هەڵبژاردنێکە سەرسوڕهێنەرە، وزە دەدات بە دەنگدەرانی سەرانسەری ڕۆژئاوای ناوەڕاست لە ویلایەتەکانی وەکو ویسکۆنسن و میشیگن و پێنسلڤانیا."

دوابەدوای ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی سێشەممە، بڕیارە هێرس لە چوارچێوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا گەشت بکات بۆ چەند ویلایەتێکی گرنگ کە بڕیار دەدەن کێ لە هەڵبژاردنەکانی مانگی یانزەدا سەردەکەوێت، هێرس سەردانی ویسکۆنسن و میشیگن و ئاریزۆنا و نیڤاداش دەکات.

جێنیفەر لۆولێسی پڕۆفیسۆر لە سیاسەت لە زانکۆی ڤێرجینیا وتی دیموکراتەکان لە واڵزدا لیبڕاڵێکییان بینی کە دەنگی مینیسۆتای بە دەستهێناوە، چەکی هەیە، ئەزموونی سەربازیی هەیە و لە نیبراسکا لە دایک بووە.

لۆولێس بە دەنگی ئەمەریکای وت واڵز " هەڵبژاردەیەکی زۆر پارێزراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە بێزارکەر نییە."

وتی " ئەو کەسێکە کە لە ناوەڕاستی ئەمەریکا تێدەگات و سیاسەتی پێشکەوتنخوازی هەیە، نەک لەبەرئەوەی دوورە لە شتەکانەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی باوەڕی وایە کە ئەمە باشترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی وڵاتەکە بەرەوپێشەوە بڕوات."

واڵز لەلایەن یەکێتییەکانیشەوە ڕێزی لێدەگیرێت، ئەوەش خاڵێکی بەهێزە لە کاتێکدا کە ترامپ هەوڵ دەدات کرێکاران بەلای خۆیدا ڕابکێشێت.

تەنانەت پێش ئەوەی هەڵمەتەکەی هێرس بە فەڕمی دەستنیشانکردنی واڵز ڕابگەیەنێت وەکو جێگری هێرس، هەڵمەتەکەی ترامپ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و واڵزی بە " لیبڕاڵێکی بێتوانا " ناوبرد.

وتەبێژی هەڵمەتەکەی ترامپ، کارۆلین لیڤیت وتی " جێی سەرسوڕمان نیە کە کامڵا هێرسی لیبڕاڵی سان فرانسیسکۆ دەیەوێت تم واڵزی کەناری ڕۆژئاوا هەڵبژێرێت وەکو جێگری. واڵز ئاڵوودەی بڵاوکردنەوەی ئەجێندا لیبڕاڵە مەترسیدارەکەی کالیفۆرنیایە.


فەرمانڕەوای ویلایەتی پێنسلڤانیا جۆش شاپیرۆی دیموکرات، کە لە نێو ئەو کاندیدانەدا بوو کە هێرس بیری لێدەکردەوە وەکو جێگری خۆی دەستنیشانی بکات، دوای ڕاگەیاندنەکە لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وتی " لە ماوەی 90 ڕۆژی داهاتوودا، بە پەرۆشەوە دەبم بۆ گەشتکردن بە سەرانسەری کۆمۆنوێڵثدا بۆ یەکخستنەوەی پێنسلڤانیاییەکان لە پشت کامڵا هێرس و تم واڵزی هاوڕێم لە پێناو شکست هێنان بە دانۆڵد ترامپ."

وتیشی " کارەکەم لێرە لە پێنسلڤانیا هێشتا تەواو نەبووە، شتانێکی زۆری دیکە هەن کە دەبێت جێبەجێیان بکەم."


وتیشی " نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر جێگری سەرۆک کامڵا هێرس داوای لێکردم لەگەڵ تمەکەیدا کاربکەم بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی پشکنینەکان بۆ ئەوەی ببمە کاندیدێک بۆ جێگری، دوابەدوای ئەم گفتوگۆیانە، ڕۆژی یەکشەممە سوپاسگوزار بووم کە دەرفەتێکم هەبوو ڕاستەوخۆ لەگەڵ جێگری سەرۆکدا قسە بکەم سەبارەت بە دیدی خۆی بۆ ڕۆڵەکە و هەڵمەتەکەی.

وتیشی " بە پەرۆشەوە پشتگیری تەواوی جێگری سەرۆک کامڵا هێرس دەکەم، دەشزانم تم واڵزی فەرمانڕەوا زیادکردنێکی زۆر بەهێزە بۆ تکتەکە کە یارمەتی کامڵا دەدات وڵاتەکەمان بەرەو پێشەوە ببات."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا