لە گەڕەکی شارەوانی هەڵەبجە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکەوە گەنجێکی کاکەیی گیانی لەدەستداو و لە ڕوونکردنەوەیەکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزووریشدا هاتووە ڕووداوەکە خۆکوژی بووە و گەنجەکە کۆتایی بە ژیانی خوی هێناوە و کردەوەی تێرۆرستی نەبووە.
لە ڕوونکردنەوەکەی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی شارەزووردا هاتووە کە وێنەیەکی بۆ دەنگی ئەمەریکا نێردراوە هاتووە"سەبارەت بەو ڕووداوەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کە لە پارکێکی گەڕەکی شارەوانی ڕوویداوە، گەنجێکی لەدایکبووی ساڵی 1992 کاتژمێر 9ی سەرلەبانی چووەتە پارکەکە و دووباخەوانی لێبووە، دوای سڵاوکردن لە باخەوانەکان و دوورکەوتنەوە لێـیان بە ماوەیەکی کەم دەنگێک بیستراوە. "
هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە"دوای ئاگاداربوون و گەشتنی هێزەکانمان، بە شوێنی ڕووداوەکە لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە کە کەسێکە بە ناوی ( ڕ،ت،ف) کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، ڕووداوەکە ڕووداوێکی خۆکوژی بووە و لە ڕێگەی نارنجۆکێکی دەنگیەوە بووە و لێکۆلینەوەش بەردەوامە ".
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە" هاوڵاتیان ئاگاداردەکەن، کە پێویست بە شڵەژان و دڵەڕاوکێ ناکات، چوونکە ڕووداوەکە تەنها کارێکی خۆکوژی بووە.
موقدەم بەرزان عوسمان وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لەم ساڵدا ئەمە یەکەم حاڵەتی خۆکوژیە لە هەڵەبجە توماردەکرێت و یەک حاڵەتی کوشتنیش تۆمارکراوە .