مەراسیمێکی ماتەمینی لە هەڵەبجە بۆ ڕەحیمی زەبیحی بەڕێوەچوو

کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە به ‌هاوکاری و ڕوناکبیران و سینەماکارانی هەڵەبجە بۆ گیان لەدەستدانی هونەرمەند و سینەماکار ڕەحیمی زەبیحی، مەراسیمێکی ماتەمینیان لە مونۆمێنیتی هەڵەبجە رێکخست.

هۆشمەند موراد وتەبێژی کومەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە وتاری کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە وتی " ڕەحیمی زەبیحی بە بۆنەی کارە سینەمایـیەکانیەوە لەسەر کەیسی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە ڕەحیمی زەبیحی نزیکیەکی زۆری لە ئێمەوە هەبوو، بە ئەرکی خۆمان زانی ئەمڕۆ ماتەمگێربین بۆی."

هۆشمەند موراد

هەروەها هونەرمەند و شانۆکار سەڵاح ئەحمەد، هاوڕێی نزیکی ڕەحیمی زەبیحی لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، دەڵێت ڕەحیمی زەبیحی هەشت فیلمی تایبەتی بە هەڵەبجە ی ئامادەکردووە کە بەشێکیان وەرگیڕاون بۆ سەر زمانەکانی تر و له ‌دەرەوە پەخشکراون.

سەڵاح ئەحمەد

وتیشی فیلمەکانی بریتین : ئەو پیاوەی چوو بۆ سەیران ، تیرۆستێک دادەبەزێت ،ئەو هەنارەی بە با نەخنکا، ئەوڕۆژەی بابانوئێل گریا، بەپێی دەستوور ، ئەفسانە ،سەتەلایت ،ئەلفال"

هۆمایۆن ساحیب، یەکێک لە بەشداربووانی فیلمەکانی زەبیحی لە لێدوانیکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " زەبیحی سیناریۆی ئامادەکراوی بۆ فلیمەکانی نەبوو. هەمووساتێک سەرقالی دەرهێنان و تومارکردن بوو، یەکێکیش بوو لە دەرهێنەرە هەرە بەهێزەکان لە بواری فیلمە تەنز ئامێزەکاندا.

ڕەحیمی زەبیحی لە ساڵی 1971 لە شاری بانه ‌لەدایکبووە، خاوەنی ژمارەیەکی زۆر لە کورتە فیلم و فیلمی سینەمایە کە له ‌ناوەوە و دەرەوەی کوردستان نمایشکراون و چەند خەڵاتێکیشی پێ‌ وەرگرتوون، ڕۆژی هەینی ڕابردوو خۆیی و براکەی بە دووری 5 کم لە نێوان ڕێگەی بانە - ئارمەرە لە ناو ئۆتۆمبیلێکدا به ‌مردوویی دۆزرانەوە ، ڕۆژی یەکشەممە 9 ی مانگی دوازدەی ساڵی 2018 لە بەشی هونەرمەندانی سڵێمان بەگی بانە تەرمی هەردووکیان بەخاک سپێدران.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی فەرحان هەورامی