هه‌له‌و واشنتن: کێشه‌ سیاسیـیه‌کانی عێراق و سیسته‌می دادی ئه‌و وڵاته‌

له‌وه‌تای له‌ سـاڵی 2003 وه‌ کۆتایی به‌ ڕژێمی دیکتاتۆری پـێشـووی عێراق سه‌دام حسێن هاتووه‌ هه‌تا ئێستا ئه‌و وڵاته‌ ئارامیـیه‌کی درێژخایه‌نی به‌رچاوی به‌خۆوه‌ نه‌دیوه‌.

هه‌ر ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ زنجیره‌یه‌ک ته‌قینه‌وه‌ به‌غدای پایته‌خت و چه‌ند پارێزگایه‌کی ئه‌و وڵاته‌ی گرته‌وه‌ و له‌ ئاکامدا به‌ ده‌یان کوژراو و بریندار که‌توونه‌ته‌وه‌.

زۆرێـک هه‌ن ده‌ڵێن ئه‌و ناسه‌قامگیریه‌ی له‌ باری ئاسایشی عێراقدا هه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ کێشه‌ سیاسیـیه‌کانی نێو ئه‌و وڵاته‌، به‌ڵام که‌میش نین ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن ده‌سـتی ده‌ره‌کی له‌ پشـت ئه‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌وه‌ن.

کێشه‌کان گه‌لێـکن و له‌ ژمارده‌ نایه‌ن و هه‌موو لایه‌نه‌کانی گرتووه‌ته‌وه‌ و هه‌تا دێت و قوڵتر ده‌بنه‌وه‌ و هه‌ر یه‌که‌یان ئه‌وی دیکه‌یان به‌ دیکتاتۆر و بگره‌ به‌ تێرۆرست تاوانبارده‌که‌ن.

باشه‌ لێره‌دا پـێویسته‌ کێشه‌کان بـبرێنه‌ به‌رده‌م ده‌زگای داد و له‌وێ به‌پـێی یاسا، دادگا بڕیاریان له‌سه‌ر بدات، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌و ڕاوبۆچوونه‌ش هه‌ن که‌ ده‌ڵێن سیسته‌می دادی عێراق سه‌ربه‌خۆی نیـیه‌ و به‌شێـکه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات.

باشترین نمونه‌ مه‌سه‌له‌که‌ی جێـگری سه‌رۆک کۆماری عێراق تاریق ئه‌لهاشمیـیه‌ که‌ حکومه‌تی به‌غدا ده‌ڵێت ده‌سـتی له‌ کاری تێرۆرسـتیدا هه‌بووه‌ و دادگا‌ فه‌رمانی ده‌سـتگیرکردنی ده‌رکردووه‌‌، به‌ڵام هاشمی نکوڵی ده‌کات و ده‌ڵێت ئه‌و تۆمه‌تانه‌یان بۆ هه‌ڵبه‌سـتووه‌ و مه‌به‌ستـی سیاسی له‌ پشـته‌وه‌یه‌. ده‌شڵێت ئه‌و بڕوای به‌ ســسته‌می دادی حکومه‌تی ناوه‌ندی نیـیه‌.

به‌ڵام هاوکات له‌ گه‌رمه‌ی ئه‌م کێشه‌یه‌ دادگای باڵای تاوانه‌کانی عێراق بڕیاری ئازادکردنی ژماره‌یه‌ک له‌ کاربه‌ده‌سـتانی باڵای ڕژێمی پـێشـووی سه‌دام حسێن ده‌دات و ده‌ڵێت هیچ تاوانێـکیان به‌سه‌ردا سـاغ نه‌بووه‌ته‌وه‌. ئه‌م بڕیاره‌ بووه‌ مایه‌ی سه‌رسوڕمانی زۆر که‌س، چونکه‌ دوای چه‌ندین سـاڵ له‌ ده‌سـتگیرکردنیان ئێسـتا وا بۆ دادگا ڕوون بووه‌ته‌وه‌ بێ تاوانن؟!

سه‌باره‌ت به‌ به‌شه‌که‌ی دیکه‌ی عێراقیش که‌ هه‌رێمی کوردسـتانه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ ده‌زگای دادی ده‌گیرێت و زۆرش له‌وێ هه‌ن ده‌ڵێن کاریگه‌ری لایه‌نه‌ سیاسیـیه‌کانی له‌سه‌ره‌ و ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت مه‌سه‌له‌یه‌کی بۆ زه‌ق ده‌که‌نه‌وه‌ و له‌سه‌ری دادگایی ده‌که‌ن و ئه‌وه‌ی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتیش بێت، ئه‌وا ئه‌گه‌ر سـکاڵاشی له‌سه‌ر تۆمار بکرێت که‌یسه‌که‌ی دیزه‌ به‌ده‌رخۆنه‌ ده‌کرێت و دووچاری هیچ سـزایه‌ک نابێت.

لێره‌دا چه‌ند پـرسیارێـک دێنه‌ ئاراوه‌، یه‌که‌م سـسـته‌می داد له‌ عێراقدا هه‌تا چه‌ند سه‌ربه‌خۆیه‌ و سه‌نگی خۆی هه‌یه‌ و ده‌توانێت بڕیار له‌سه‌ر کێشه‌کان بدات؟
ئایا ئاسه‌واره‌ خراپه‌کانی ڕژێمی پـێشـوو سه‌دام حسێن به‌سه‌ر ئه‌و ده‌زگایه‌دا ماوه‌؟

ئه‌م پـرسیارانه‌ و چه‌ندین پـرسیاری دیکه‌ی په‌یوه‌ست حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتنی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ئاڕاسته‌ی میوانه‌کانی ده‌کات که‌ ئه‌م به‌ڕێزانه‌ن:
ئوسامه‌ جه‌میل، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیسـتی یه‌کگرتووی ئیسلامی.
فه‌رهاد ئه‌تروشی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی هاپه‌یمانی کوردسـتانی.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی به‌رنامه‌که‌‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ‌، ماوه‌كه‌ی 49:22 خوله‌كه‌.