حه‌سه‌ن قازی ده‌ڵێت پێویسته‌ خه‌ڵکی کورد پێزانین له‌ به‌رامبه‌ر خزمه‌ته‌کانی ئیگڵتون نیشان بده‌ن

باڵیۆز ویلیام لێستر ئیگڵتون (William Lester Eagleton Jr) له‌ 27 ی مانگی 1ی 2011 له‌ شاری تائوسی، ئه‌یاله‌تی نیومه‌کسیکوی ئه‌مه‌ریکا کۆچی دوایی کرد. به‌ڕێز ئیگڵتون له‌ ئه‌نستیتوی زانسته‌ سیاسیـیه‌کانی پاریس، و زانکۆی پرینستۆن له‌ ئه‌مه‌ریکا خوێندنی باڵای ته‌واو کردبوو. ناوبراو سه‌رجه‌م 42 ساڵان وه‌ک دیپڵۆمات له‌ به‌شی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا دا چالاک بووه‌ و خاوه‌نی ئه‌زمونی کارکردنی له‌ گه‌لێک له‌ وڵاتانی جیهان وه‌ک سوریا، لوبنان، کوردستانی عیراق، کوردستانی ئێران، له‌نده‌ن، یه‌مه‌ن، ئه‌لجه‌زایر، لیبیا، مۆریتانیا، ئێران و شوێنه‌کانی تر بووه‌.

به‌ڕێز ئیگڵتون تامه‌زرۆی دۆستایه‌تی له‌گه‌ل گه‌لی کورد و مه‌سه‌له‌ی سیاسی و کولتوری ئه‌و گه‌له‌ بووه‌. کتیبی به‌ ناوبانگی ناوبراو که‌ به‌ دۆستانی کوردی ناسراوه‌، "کوماری کورد له‌ مه‌هاباد"ه‌، ئه‌ویش له‌ کاتێکدا نووسی که‌ له‌ کونسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌ شاری ته‌ورێز کاری ده‌کرد.

حه‌سه‌ن قازی لێکوڵه‌رو نووسه‌رێک له‌ سه‌ر مێژوو، کومه‌ڵناسی و زمانناسی کورده‌. به‌ڕێزیان که‌ خه‌ریکی لێکوڵینه‌وه‌ن له‌سه‌ر مێژووی کۆماری کوردستانه‌، گه‌لێک به‌ڵگه‌ی له‌م باره‌یه‌وه‌ وه‌ده‌ست هێناوه‌ و بابه‌تیان له‌سه‌ر ئاماده‌ ده‌کات.

له‌ وتووێژیکی له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا کاک حه‌سه‌ن وێڕای ڕێزگرتن له‌ تێکوشانی ویلیام ئیگڵتون سه‌باره‌ت به‌ نوسینی له‌سه‌ر مێژووی سیاسی و کولتوری کورد، به‌ پێویستی ده‌زانێت که‌ که‌سایه‌تی وه‌ک ئیگڵتون له‌ لایه‌ن خه‌ڵکی کورده‌وه‌ له‌ بیرنه‌کرێن و پله‌ی تایبه‌تیان بو دیاری بکرێت.