ڕۆژی چوارشەممە دادگاییکردنی پێنج لە چالاکوان و مامۆستایانی پارێزگای دهوک لە دادگای تاوانی دووی هەولێر بەڕێوەچوو، بەڵام بڕیاری دواخستنی درا. پاش هێنانی ڕاگیراوان بۆ دادگا و ئامادەبوونی دادوەر و پارێزەران و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی کوردستانی عێراق، بڕیاری دواخستنی دادگاییکردنی ئەو پێنج كەسە درا و کەسوکاری ڕاگیراوانیش ناڕەزایەتیان دەربڕی و داوای ئازادکردنیان دەکەن.
ئەو پێنج کەسەی کە بڕیار وابوو ئەمڕۆ دادگایی بکرێن پێکهاتبوون لە سلێمان کەمال و سلێمان موسا و جەمال خەلیل و فەرسەت ئەحمەد و عامر خالید.
سەبارەت بە هۆکاری دادگاییکردنی ئـەو پێنج کەسە، هەرێم رفعەت یەکێک لە پارێزەرانی ئەو پێنج ڕاگیراوەیە بۆ دەنگی ئەمەریکا گووتی " ئەو تومەتانەی کە ئاراستەیان کراوە هەوڵدانی پشێوی و هەوڵدان بۆ وەرگرتنی هاوکاری مادی لە سەرۆک کۆماری و سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەوڵدانی تەقەکردن لە بەرپرسانی پارێزگای دهوک بووە کە لە دانیشتنەکانی تر هەموو ئەو تومەتانە باسکراون."
سەبارەت بە هۆکاری دواخستنی دادگاییکردنی ئەو پێنج کەسە ، دەنگی ئەمەریکا هەوڵیدا ئومێد موحسین وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری بدوێنێت بەڵام بەردەست نەبوو.
هەلز ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستانی عێراق کە بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی ئـەو پێنج ڕاگیراوە لە دادگای هەولێر ئامادەبوو، بە دەنگی ئەمەریکای وت " ئەندامی داواکاری گشتی داوای کرد کە دوابخرێت چونکە پێداچوونەوەی بە ئەوراقەکان نەکردووە بۆیە دەستەی دادوەرانیش داواکەی بەرچاو وەرگرت و دوایخست"
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی" یاداشتێکمان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئامادەکردووە و تێدا داواکانی خۆمان نوسیوە کە چی بۆ ئەو کەسانە بکرێت داواکەمان هەمان داوای کەسوکاری ڕاگیراوانن بەتایبەتیش بینین و گواستنەوەی ئەو ڕاگیراوانەیە بۆ دهوک و سەرەدانی لیژنەکانی پەرلەمان بۆ لای ڕاگیراوان بەردەوامیان هەبێت".
ژمارەیەكی زۆر لە كەسوكاری ڕاگیراوان لە بەردەم دادگای هەولێر ئامادەبوون و لە چاوەڕوانی بینینی كەسوكاریان و بڕیاری كۆتایی دادوەر بوون بەڵام دواخستنی دادگاییكردنەكەیان نیگەرانیەكی زۆری لای ئەوان دروستكرد.
ئامەد سلێمان کوری ڕاگیراو سلێمان کەماڵ بە دەنگی ئەمەریکای وت" ئەگەر چارەنوسی کەسوکاری ئێمە دیارنەبێت و هەر وا بەردەوام بێت تا هەفتەی داهاتوو هەموو خانەوادەی ڕاگیرا و سزادراوانی بادینان مانگرتنی تا مردن ڕادەگەیەنین".
جێی باسە لە ماوەی ڕابردوو هەریەک لە چاڵاکوان و ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی و گوهدار زێباری و شڤان سەعید و هاریوان عیسا و ئەیاس کەرەم بڕیاری شەش ساڵ زیندانیکردنیان بۆ دەرچوو بەتۆمەتی ئەوەی کە هەوڵی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و کاری سیخوڕیان کردووە بەڵام کەسوکار و پارێزەرانی ئەو پێنج کەسە تۆمەتەكان ڕەتدەکەنەوە و داوای ئازادکردنیان دەکەن، هەروەها ڕۆژی دووشەممە 6ی ئەیلولی 2021 بڕیاربوو هەریەک لە چالاکوان و ڕۆژنامەنووس شێروان تاها و کارکەر عەباس و بەندەوار ئەیوب و مەسعود شنگالی بەتومەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی دادگایی بکرێن بەڵام دادگاییکردنی ئەوچوار کەسەش بۆ کاتێکی تر دواخرا و ئەمەش بووە جێگەی ناڕەزایەتی لای کەسوکاری ئەو ڕاگیراوانە و تومەتەکانیش ڕەت دەکەنەوە و داوای ئازادکردن دەکەن.
Your browser doesn’t support HTML5