ئومێد خۆشناو بوو بە 42 هەمین پارێزگاری هەولێر

ڕۆژی دووشەممە لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر پرۆسەی دەنگدان بۆ دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ هەولێر بەڕێوەچوو، هەریەک لە ئومێد خۆشناو کە کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لەگەڵ ئومێد پالانی و سەدرەدین قادر کە ئەوان وەک دوو کاندیدی سەربەخۆ خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری داهاتووی هەولێر کاندید کردبوو.

هەر یەک لە فراکسیۆنەکانی گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ و ئەندامێکی سەربەخۆ بایکۆتی پرۆسەکەیان کرد و فراکسیۆنی یەکێتیش ئامادەی پرۆسەکە بوو بەڵام دەنگیان نەدا، هەریەک لە فراکسیۆنەکانی پارتی و پێکهاتەکان و سەربەخۆ کە ژمارەیەیان گەیشتە 18 ئەندام دەنگیان بە ئومێد خۆشناو دا واتا لە کۆی 23 ئەندامی ئامادەبوو ئومێد خۆشنا توانی 18 دەنگ بەدەست بێنێت و ببێتە 42 یەمین پارێزگاری هەولێر.

دوای ئەوەی کە ئومێد خۆشنا دەبێتە پارێزگاری هەولێر لە بەشێکی ئەو کۆنفرانسەدا کە لە بەردەم میدیاکان و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر پێشکەشی کرد وەهای گووت" شەفافیەت و ڕاستگویی و سادەیی و خەڵک و خاک خۆشویستن کاری سەرەکی ئێمە دەبێت و بەڵێنی گەورە نادەین و دلنیاییتان پێدەدەم دوور دەبین لە مەسائیلی حزبی ئەگەر ئەرکی من ڕابسپێردرابا بۆ کاری حزبی دەیان جێگای دیکە هەبوو و ئێستاش لەبەردەم ئێوە سوزتان پێدەدەم و لە رێگەی ئێوەشەوە سوز بە خەڵکی هەولێر دەدەم تەنها ئامانجان خزمەتکردنی پارێزگای هەولێرە لە هەموو سنورە جوگرافیا دیاریکراوەکەی، تەرکیز لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە بەرامبەر بە سەرپێچیکاران و گەندەڵکاران و ئەوانەی کە خرابە و خرابکاری دەکەن دڵنیاتان دەکەین کە سنورێک نییە بۆ توندیمان".

سەبارەت بە هۆکاری بایکۆتکردنى ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەو هەڵبژاردن و پرۆسەیەداسنار عەبدولرەزاق ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاری هەولێر لە فڕاکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" هۆیەکەی ئەوەبوو کە پێمان وایە کاندید دەهێنن بۆ ئەنجومەن دەنگدانی شتێکی ڕوتینیە و تەنها ڕازاندنەوەی پرۆسەکەیە ئەگەر نا ڕاستەقینە وەکو واقعەکە وانییە واقعەکە ئەوەیە کە حزب بۆ خۆی کاندیدێکی داناوە و پێشتر بە ئەندامەکانیشی وتووە کەوا دەنگی پێدەدەن تەنها وەکو ڕوتینەک هێناوەتە ئەنجومەن نەک ئەندامەکان بە ڕەزامەندی خۆیان دەنگیان پێدابێت یان نا".

سەبارەت بە شێوازی هەڵبژاردنەکە و چۆنیەتی دەنگدان و دەرچوونی ئومێد خۆشناو وەک پارێزگاری داهاتووی هەولێر سامان ستار ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای گووت" کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئومێد خۆشناو بوو دەنگی پێویستی هێنا کە 50+1 بوو و بووە پارێزگاری هەولێر و تاوەکو ئێستا رێکارەکان ماون، چەند ڕۆژی داهاتوو مەرسومی هەرێمی بۆ بچێت و بە رەسمی دەست بەکار بێت ئێمە وەکو ئەنجومەنی پارێزگا بە جدی چاودێری پرۆسەکە دەکەین بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەتگوزاری بگاتە خەڵکی هەولێر رەقیبی کارەکانی داهاتووی پارێزگا هەولێر دەبین، ئەوەی کە لە ئەنجومەن دەنگی پێنەدا ئەمە پرۆسەیەکی دیموکراسیە و بە ئاسایی وەردەگرین."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی ئەحمەد زێباری