لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا دژی حزبوڵا 4 کەس لە باشووری لوبنان دەکوژرێن

بەرپرسانی تەندروستی لوبنان دەڵێن ڕۆژی سێشەممە هێزەکانی ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر باشووری لوبنان و بەهۆیەوە چوار کەس کوژراون.

سوپای ئیسڕائیل وتی لە هێرشە ئاسمانییەکانیاندا بۆ سەر ناوچەی نەباتیە چەکدارانی حزبوڵایان کردووەتە ئامانج، حزبوڵاش وتی ڕۆژی سێشەممە لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کردووەتە سەر ئیسڕائیل.
هێرشەکان نوێترینن لە شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵادا کە هەردووکیان لە سنووری خۆیانەوە هێرش دەکەنە سەر یەکتر، کە بەهۆی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە لە غەززە هێرشەکان زیاتر بوون. هەروەها لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاردەکات بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکان لە ناوچەکەدا.

هەفتەی ڕابردوو ئیسڕائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر بەیروت فەرماندەیەکی باڵای حزبوڵای کوشت، هەروەها هەر لە هەفتەی ڕابردوودا لە هێرشێکدا سەرکردەی سیاسیی حەماس ئیسماعیل هەنییە لە تاران کوژرا، ئێران و حەماس ئیسڕائیلییان بە بەرپرس داناوە لەو هێرشە. ئەمانەش نیگەرانییەکانییان سەبارەت بە پەرەسەندنی ململانێکان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاد کردووە.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ ڕۆژی سێشەممە وتی " گرژییەکان بەردەوام لە پەرەسەندندان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ناوچەکەیان خستووەتە سەر لێواری جەنگێکەوە کە دەرەنجامەکەی نادیارە. هەموومان دەبێت ڕێگری بکەین لە کارەساتێکی دیکە. هەمووان ئێستا ئاگربەستییان دەوێت لە غەززە."

ڕۆژی سێشەممە کۆریای باشووریش داوای لە هاووڵاتیانی کرد دەستبەجێ ئیسڕائیل و لوبنان جێبهێڵن.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن و وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت ڕۆژی دووشەممە تاوتوێی بارودۆخەکەیان کرد، ئۆستن جەختی " لە پشتیوانییە جێگیرەکەی ئەمەریکای کردەوە بۆ ئاسایشی ئیسڕائیل " بە ڕووی هەڕەشەکانی ئێران و لایەنگرەکانیدا، لەوانەش حزبوڵا.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جەنەڕاڵ پاتریک ڕایدەر وتی ئۆستن و گالانت هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی هێرشەکەی ڕۆژی دووشەممەی گروپێکی چەکداریی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژئاوای عێراق " پەرەسەندنێکی مەترسیدار بووە و ڕۆڵە ناسەقامگیرکارەکەی ئێرانی لە ناوچەکەدا دەرخستووە."

بەرپرسێکی بەرگری ئەمەریکا وتی هێرشەکە بووەتە هۆی برینداربوونی چەند سەربازێک.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا