حزبوڵا داوای هەنگاوی کرداری لە ئەمەریکا دەکات نەک تەنها قسەکردن

ئیبراهیم ئەلموسەوی پەرلەمانتاری حزبوڵا لە وەلامی پرسیارێک سەبارەت بە سەرکەوتنی دانۆڵد ترامپ لە هەڵبژاردنەکاندا، وتی حزبوڵا پێشوازی لە هەر هەوڵێک دەکات بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە لە لوبنان بەڵام هیواکانی نابەستێتەوە بە ئاگربەستێکەوە لە ژێر هەر بەڕێوبەرایەتییەکی دیاریکراویی ئەمەریکادا.

موسەوی بە ڕۆیتەرزی وت " ڕەنگە گۆڕانکارییەک لەو پارتەدا کە لەسەر دەسەڵاتە دروست ببێت، بەڵام کاتێک بابەتەکە دێتە سەر ئیسڕائیل، ئەوان زیاد تا کەم هەمان سیاسەتییان هەیە. ئێمە دەمانەوێت هەنگاوی کرداری ببینین، دەمانەوێت ببینین بڕیار دەدرێت."

شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵا کە هاوکاتە لەگەڵ جەنگەکەی ئیسڕائیلدا لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 3000 کەس لە مانگی 10 ی ساڵی 2023 ەوە تاوەکو ئێستا.

ئیسڕائیل دەڵێت ژێرخان و پێگە سەربازییەکانی حزبوڵا دەکاتە ئامانج و خۆی بە دوور دەگرێت لە هاووڵاتیانی مەدەنی. حزبوڵا و بەرپرسانی لوبنان باس لەوە دەکەن ژمارەی کوژراوان لە نێو هاووڵاتیانی مەدەنیدا زۆر بووە.

هەوڵە دیبلۆماتییەکانی ئەمەریکا بۆ وەستاندنی شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵا، کە پێشنیارێکی ئاگربەستی 60 ڕۆژەیی دەگرێتەوە، هەفتەی ڕابردوو پێش هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی سێشەممەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا شکستی هێنا، لەو هەڵبژاردنەدا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سەرکەوتنی بە دەستهێنا.

موسەوی وتی هێرشەکانی ئیسڕائیل بوونەتە هۆی لە ناوبردنی هەزاران بینا بە تایبەتی لەو ناوچانەی لوبناندا کە زۆرینەی دانیشتوانەکانییان شیعەن، هەروەها لە ڕۆژهەڵات و باشووری بەیروتی پایتەخت.

وتی " دڵمان شکاوە، ئازیزەکانمان لە دەست دەدەین، ئەم هەستەی کە ئیسڕائیل ناتوانرێت سزا بدرێت یاخود بهێندرێتە بەردەم دادپەروەریی نێودەوڵەتی دەرەنجامی پشتیوانییەکانی ئەمەریکایە."

وتی " ئەمەریکا هاوبەشێکی تەواوە لەوەدا کە ڕوودەدات چونکە دەتوانن کاریگەرییەکانییان بەکاربهێنن بۆ ڕاگرتنی ئەم کاولکارییە."

حکومەتی ئیسڕائیل پێشوازی لە گەڕانەوەی ترامپ کرد بۆ سەر دەسەڵات، وتی ترامپ سەرکردەیەکە کە " بەبێ مەرج پشتیوانییان لێدەکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز