حزبوڵا زیاتر لە 100 ڕۆکێت ئاڕاستەی ئیسڕائیل دەکات

سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە حزبوڵای لوبنان زیاتر لە 100 ڕۆکێتی ئاڕاستەی ناوچەیەکی فراوانتر و قووڵتری باکووری ئیسڕائیل کرد، زۆربەی ڕۆکێتەکان لە نزیک شاری حەیفا کەوتوونەتە خوارەوە، لە کاتێکدا کە ئیسڕائیلیش سەدان هێرشی ئاسمانی کردە سەر لوبنان.

هێرشەکەی حزبوڵا بووە هۆی لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوەی موشەک لە سەرانسەری باکووری ئیسڕائیلدا، هەزاران کەس هەڵاتن بۆ پەناگەکان. سوپای ئیسڕائیل وتی ڕۆکێتەکان " بەرەو ناوچەکانی هاووڵاتیانی سڤیل " هەڵدراون.

ڕۆکێتێک لە نزیک بینایەکی نیشتەجێبوونی داوە لە کیریات بیالیک کە کۆمەڵگەیەکە دەکەوێتە نزیک حەیفاوە، لانیکەم سێ کەس بریندار بوون و بووەتە هۆی سوتانی بینا و ئوتومبێلەکان. دەزگای فریاگوزاری ماگین دەیڤد ئادۆمی ئیسڕائیل وتی چوار کەس بەهۆی پارچەوە بریندار بوون.

وەزارەتی تەندروستی لوبنانیش وتی بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلەوە لە نزیک سنوورەکە کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکە بریندار بووە.

هێرشە ئاسمانییەکەی حزبوڵا دوای ئەوە هات ڕۆژی هەینی ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر بەیروت و بەهۆیەوە لانیکەم 45 کەس کوژران، بە فەرماندە باڵاکانی حزبوڵا و ژن و منداڵیشەوە.

سوپای ئیسڕائیل وتی لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوودا کۆمەڵێک هێرشی ئاسمانی لە باشووری لوبنان ئەنجام داوە، لە نزیکەی 400 ئامانجی سەربازیی داوە، بە ڕۆکێت هاوێژەرەکانیشەوە. وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل ناداڤ شۆشانی وتی ئەو هێرشانە بوونە هۆی بەرپەرچدانەوەی هێرشێکی گەورەتری ئیسڕائیل.

وتی " سەدان هەزاران هاووڵاتی سڤیل کەوتنە ژێر تەقەوە لە زۆرێک لە ناوچەکانی باکووری ئیسڕائیلدا. شەوەکەیان لە پەناگەکاندا بەسەربردووە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا