ڕابەری حزبوڵا دان دەنێت بە لە دەستدانی زۆرینەی پەرلەمانی لوبناندا

ڕابەری حزبوڵای لوبنان سەعید حەسەن نەسڕەڵا لە وتارێکدا دانی بەوەدانا کە حزبەکەی و هاوپەیمانەکانی لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی یەکشەممەدا زۆرینەیان لە پەرلەمانی لوبناندا لەدەستداوە.

نەسڕەڵا وتی " بە پێچەوانەی بارودۆخەکەی پەرلەمانەوە لە ساڵی 2018 دا، هیچ گروپێکی سیاسیی ناتوانێت بانگەشەی زۆرینە بکات."

بەپێی ئامارێکی ڕۆیتەرز، لەمیانەی هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی یەکشەممەی پەرلەمانی لوبناندا، حزبوڵا و هاوپەیمانەکانی 62 کورسییان بەدەستهێنا، بەمەش زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانیان لەدەستدا کە لە ساڵی 2018 دا بە بردنەوەی 71 کورسی زۆرینەی پەرلەمان بوون.

حزبوڵا و بزوتنەوەی ئەمەلی هاوپەیمانی سەرجەم دەنگە شیعەکانیان لە پەرلەماندا بەدەستهێناوە، بەڵام هەندێک لە کۆنترین هاوپەیمانەکان، لەوانەش سیاسییەکانی سوننەکان و دروزەکان و کریستیانەکان کورسیەکانیان لەدەستداوە.

ئەنجامی هەڵبژاردنەکان شکستێکی گەورەیە بۆ حزبوڵا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی نەسڕەڵا وتی ئەنجامەکان " سەرکەوتنێکی زۆر گەورە " بوون بۆ حزبوڵا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز