کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران ڕاپۆرتی لێپێچینەوە لە بایدن بڵاودەکەنەوە

کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕاپۆرتی سەرەتایی لێپێچینەوەیان لە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بڵاوکردەوە، بانگەشەی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و بەربەست دانان لەبەردەم دادپەوەری دەکەن لە مامەڵە داراییەکانی هەنتەر بایدنی کوڕی و هاوکارانی خێزانەکەیدا.

ڕاپۆرتی لێپێچینەوەکەی کۆمارییەکان کە نزیکەی ساڵێکە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن بانگەشەی هیچ تاوانێک ناکات سەرۆک بایدن ئەنجامی دابێت. لە جیاتی ئەوە، ڕاپۆرتەکە کە نزیکەی 300 لاپەڕە دەبێت، باس لەوە دەکات کە خێزانەکەی بایدن بازرگانی بە " براندەکەی " خۆیەوە کردووە لە کارەکاندا بە شێوەیەکی گەندەڵی کە دەچێتە ئاستی ئەو پێوەرە باڵایەوە کە دەستوور دایناوە بۆ لێپێچینەوە.

لە کاتێکدا کە بایدن چیتر کاندیدی دیموکراتەکان نیە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، هەنگاوەکانی دواتر دیار نین. کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران تەنانەت لە نێو کۆمارییەکانیشدا پشتگیرییان لێنەکراوە تاوەکو بە ڕاستی لێپێچینەوە لە سەرۆک بکەن. زۆرێک لە کۆمارییەکان پێیان باشترە سەنگ بخەنە سەر کامڵا هێرسی بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

کۆشکی سپی ڕاپۆرتەکەی کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ڕەت کردووەتەوە و وەکو " خۆدەرخستنێک " ناوی بردووە و داوای لە کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە " لە بیری بکەن."

پانێڵەکانی چاودێری و لێپرسینەوە، دادوەری و ڕێگاکان و ئامرازەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کە سەرکردایەتی لێکۆڵینەوەکە دەکەن، نووسیویانە " کۆی ئەو هەڵسوکەوتە گەندەڵانەی کە لەلایەن لیژنەکانەوە ئاشکراکراون، شتێکی ناشرینن".

ڕاپۆرتەکە دەڵێت " چارەسەری دەستوور بۆ خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن سەرۆکەوە ڕوونە: لێپێچینەوە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە و دوورخستنەوەی لەلایەن ئەنجومەنی سیناتەوە."

کۆمارییەکان بەشێکی زۆری کاتەکەیان لە ماوەی زۆرینەیاندا لە ئەنجومەنی نوێنەران بە سەنگ خستنەسەر بایدن و کارەکانی خێزانەکەی بایدنەوە بەسەر برد، کە لەلایەن دانۆڵد ترامپەوە هانی ئەوە درابوو، ترامپ دووجار لێپێچینەوەی لەگەڵدا کراوە و ئێستا هەوڵی دووبارە هەڵبژاردنەوەی دەدات وەکو سەرۆکی ئەمەریکا.

لە ڕێی تۆماری بانکەکان و چاوپێککەوتنەکان لەگەڵ نزیکەی 30 شایەتحاڵ و لێدوانەکان و ملیۆنان بەڵگەنامە، کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بانگەشەی ئەوە دەکەن هەنتەر بایدنی کوڕی بایدن و هاوکارەکانی چەندین ساڵە دەسەڵاتەکانی خێزانەکەیان لە واشنتن بەکارهێناوە بۆ دەستکەوتنی گرێبەستی کاری گەورەی بیانی.

زۆربەی ڕاپۆرتەکە باس لەو کاتە ناکات کە بایدن سەرۆک بووە، بەڵکو باس لەو کاتە دەکات کە خێزانەکەی بایدن لە قەیراندا بوون دوای ئەوەی کوڕە گەورەکەی لە ساڵی 2015 دا گیانی لە دەستدا، هەروەها لەو کاتەشدا کە جێگری سەرۆک بووە.

هەنتەر بایدن دانی بەوەداناوە کە بە قورسی ئاڵودەی ماددە هۆشبەرەکان بووە لەو ساڵانەدا. لە مانگی شەشدا بە تۆمەتی تاوانی چەک تاوانبار کرا و بڕیارە مانگی داهاتوو لەسەر تۆمەتی باجی فیدڕاڵی دادگایی بکرێت.

لە پێناو بەستنەوەی بایدن بە کارەکانی کوڕەکەیەوە، کۆمارییەکان پشتییان بە چەندین پەیوەندی تەلەفونی و سەردانەکانی جۆو بایدن بەستووە لە کاتێکدا کە هەنتەر کاری کردووە. هەندێک جار هەنتەر باوکی خستووەتە سەر تەلەفونەکە بۆ میوانەکانی لە کاتێکدا باوک و کوڕەکە سڵاوییان لە یەکتر کردووە.

خێزانەکەی بایدن بەوە ناسراوە کە زۆر نزیکن لە یەکترەوە و ڕۆژانە قسە لەگەڵ یەکتردا دەکەن، بەو کاتەشەوە.

بەڵام هەنتەر بایدن سوورە لەسەر ئەوەی کە باوکی نەهێناوەتە ناو کارەکانییەوە.

کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بانگەشەی ئەوە دەکەن خێزانەکەی بایدن و هاوکارەکانی نزیکەی 27 ملیۆن دۆلارییان لە پارەی کارەکان لە هاوبەشەکان یاخود لە کڕیارەکانی چین و ڕووسیا و وڵاتانی دیکەوە وەرگرتووە. بانگەشەی ئەوە دەکەن 8 ملیۆن دۆلاری دیکەیان لە قەرزەکان وەرگرتووە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت " ئەوە جێی باوەڕ نیە " کە سەرۆک بایدن تێنەگەیشتبێت چی ڕوودەدات.

ڕاپۆرتەکە بانگەشەی ئەوە دەکات " سەرۆک بایدن بەشداری کردووە لە پلانگێڕییەکاندا بۆ پارەدارکردنی سندووقی گشتی ئۆفیسەکەی بۆ دەوڵەمەندکردنی خێزانەکەی."

ڕاپۆرتەکە بایدن تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی بەربەست دانان لەبەردەم دادپوەرییدا لە لێکۆڵینەوەکەدا، جارێکی دیکە باس لەو گلەییانە دەکات سەبارەت بە مامەڵەی وەزارەتی داد لەگەڵ لێکۆڵینەوەکاندا لەسەر هەنتەر بایدن. وەزیری داد مێریک گارلاند بە توندی ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە، داکۆکی لە وەزارەتەکە کردووە دژی بانگەشە سیاسییەکان.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا