حوثییەکان بانگەشەی هێرشکردنە سەر کەشتییەکی سەر بە یۆنان دەکەن

حوثییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، ڕۆژی هەینی بانگەشەی هێرشەکەی سەر کەشتییەکی سەر بە یۆنانییان کرد لە دەرەوەی کەناری یەمەن، ئەوەش لە ڕێی بەکارهێنانی کەشتی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکەوە.

وتەبێژی سەربازیی حوثییەکان یەحیا ساری وتی " هێرشەکە کەشتی یانیسی کردووەتە ئامانج کە سەر بە کۆمپانیای هاتوچۆی دەریایی ئیستێرن مێدیتێریانی یۆنانە، لە کاتێکدا بووە کە کەشتییەکە بە دەریای سووردا تێپەڕیوە."

وتیشی هێرشەکە دوای ئەوە ئەنجام دراوە کە " سێ کەشتی سەر بە هەمان کۆمپانیا لە 4 و 5 ی مانگی پێنجدا لە بەندەرە داگیرکراوەکانی فەلەستینییەکان ( ئیسڕائیلییەکان ) لەنگەرییان گرتووە."

لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردووەوە حوثییەکان دەستییان کردووە بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکان لە دەریای سووردا، دەڵێن ئەو کارەیان وەکو دەربڕینی پشتیوانییە بۆ فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە، لە ماوەی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا.

ناوەندی زانیاری هاوبەشی هاتوچۆی دەریایی کە لەلایەن هاوپەیمانییەکی هێزە دەریاییەکانی ڕۆژئاواوە بەڕێوەدەبرێت لە ناوچەکەدا، ڕۆژی پێنجشەممە وتی کەشتی یانیس کە ئاڵای ماڵتای بەسەرەوەیە لە ڕێی موشەکێکەوە لەلایەن حوسییەکانەوە کراوەتە ئامانج.

بەپێی ناوەندەکە و دەزگای ئامبری ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی و دەزگای ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی بەڕیتانیایی، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی یاخود ماددی لێنەکەوتووەتەوە.

دەزگای ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی بەڕیتانیا وتی موشەکەکە " کەوتووەتە ناو ئاوەکەوە لە نزیک کەشتییەکەوە."

ڕۆژی هەینی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکاش باسی لەو هێرشە کرد، وتی " کاتژمێر نزیکەی 7:26 خولەک بە ( کاتی سەنعا ) لە 23 ی مانگی پێنجدا، حوثییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت دوو موشەکی باڵیستیکی دژە کەشتییان هەڵداوەتە دەریای سوورەوە."

وتیشی " ئەمەریکا و هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکەش باسییان لە کەوتنەوەی هیچ زیانێکی گیانی یاخود ماددی نەکردووە."

حوثییەکانی یەمەن کە خاکێکی بەرفراوانی یەمەنییان لە ژێر دەستدایە، بانگەشەی ئەنجامدانی دوو هێرشی دیکەیان کرد بەڵام باسییان لەوە نەکرد کەی ئەنجامییان داون، دەڵێن هێرشەکان بۆ سەر " کەشتی ئیسڕائیلی MSC ئالیکساندریا لە دەریای عەرەبی و کەشتی ئێسێکسی ئیسڕائیلی لە دەریای ناوەند " بوون.

لە مانگی دوانزەدا ئەمەریکا دەستپێشخەرییەکی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی ڕاگەیاند بە مەبەستی پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور لە هێرشەکانی حوثییەکان، هێرشەکانی حوثییەکان کەشتییە بازرگانییەکانی ناچار کردووە ڕێڕەوی دەریای سوور بەکارنەهێنن کە لە کاتی ئاساییدا لە سەدا 12 ی بازرگانی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.

لە مانگی یەکەوە، ئەمەریکا و بەڕیتانیا هێرشی ئاسمانی تۆڵەکردنەوەیان دژی ئامانجەکانی حوثییەکان لە یەمەن ئەنجامداوە، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ هێرشی حوثییەکان بۆ سەر کەشتییەکان.

هێرشەکان تاوەکو ئێستا نەبوونەتە هۆی ئەوەی حوثییەکان کۆڵ بدەن لە هێرشەکانییان، هەروەها بەڵێنییانداوە کەشتییە ئیسڕائیلی و ئەمەریکایی و بەڕیتانیاییەکان و سەرجەم ئەو کەشتییانەی دیکە بکەنە ئامانج کە بەرەو بەندەرەکانی ئیسڕائیل دەچن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس