شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان UN لە ڕاپۆرتێکی نوێدا باسییان لەوە کرد کە حوسییەکانی یەمەن لە گروپێکی چەکداریی ناوخۆیی توانا سنووردارەوە بە یارمەتی ئێران گۆڕاون بۆ ڕێکخراوێکی بەهێزی سەربازیی.
شارەزاکان کە چاودێری سزاکان دەکەن دژی حوسییەکان، لە ڕاپۆرتێکی 537 لاپەڕەییدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وتییان حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت سوودیان لە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس لە غەززە وەرگرتووە و کارییان کردووە بۆ پتەوکردنی پێگەیان لە " بەرەی مقاوەمەدا " تاوەکو ناوبانگێک بە دەست بهێنن لە ناوچەکە و دەرەوەشدا.
حوسییەکان وەکو پشتیوانییەک بۆ حەماس کە لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و ئەوەش دواتر بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، لە دەریای ناوەڕاست و کەنداوی عەدەن هێرشییان کردووەتە سەر کەشتییەکان، بەم کارەشیان بازرگانی دەریاییان لە یەکێک لە سەرەکیترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهاندا تێکداوە.
سەرەڕای ئەوەی حوسییەکان وتوویانە کە تەنها ئەو کەشتییانە دەکەنە ئامانج کە سەر بە ئیسڕائیلن، شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەدا باسییان لەوە کردووە کە لێکۆڵەرەوەکانییان ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە حوسییەکان بەبێ هیچ جیاکارییەک هێرشییان کردووەتە سەر سەرجەم کەشتییەکان.
بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی هاتوچۆی دەریایی نێودەوڵەتی و ئەمەریکا و بەڕیتانیا، لە نێوان 15 ی مانگی یانزەی ساڵی 2023 ەوە بۆ 31 ی مانگی حەوتی ساڵی 2024 لانیکەم 134 هێرش لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکانەوە لە یەمەنەوە کراونەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا و بەڕیتانیا لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا.
شارەزایان دەڵێن " گۆڕانی گروپەکە بۆ هێرشکردن لە دەریادا کاریگەرییەکەیانی لە ناوچەکەدا زیاتر کرد. لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئەو هێرشانە بەو فراوانییە و بە بەکارهێنانی سیستمی چەکەکان لەسەر کەشتییە مەدەنییەکان نەبیندراوە."
وتیشیان حوسییەکان لە هێرشەکانییاندا موشەکی باڵیستیکی نوێی حاتەم – 2 بەکارهێناوە کە پێشتر ئاشکرا نەکرابوو.
پێنج ئەندامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە شارەزان لە چەک و دارایی و کاروباری ناوچەکە و یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و گروپە چەکدارییەکان، لە هیندستان و میسڕ و سویسرا و بەلجیکا و کابۆ ڤێردییەوە هاتوون. سەرچاوە نهێنییەکان بە شارەزاکانییان وتووە کە حوسییەکان لەگەڵ ئەلقاعیدەدا هەماهەنگی دەکەن بۆ ئۆپەراسیۆنەکانییان لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا و پەیوەندییەکانییان پتەو کردووە لەگەڵ گروپی چەکداریی ئەلشەبابی سۆماڵیدا کە لقێکی سەر بە ئەلقاعیدەن.
حوسییەکان لە ساڵی 2014 دا دژی حکومەتی یەمەن شەڕییان کرد و کۆنتڕۆڵی سەنعای پایتەخت و زۆربەی باکووری یەمەنییان کردووە.
شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتییان شەڕەکەی ناو یەمەن کە وەکو شەڕێکی ناوخۆیی ناو یەمەن دەستیپێکرد و بوو بە ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە ناوچەکەدا، " ئێستا بووەتە قەیرانێکی نێودەوڵەتی گەورە."
بەپێی شارەزاکان، ژمارەی چەکدارانی حوسییەکان لە ئێستادا نزیکەی 350,000 چەکدارن، لە ساڵی 2022 دا 220,000 بوون و لە ساڵی 2015 دا 30,000 چەکدار بوون.
شارەزاکان وتییان لەیەکچوونییان بینیوە لە نێوان چەندین کەلوپەلی سەربازییدا کە لەلایەن حوسییەکانەوە بەکاردەهێندرێن و ئەوانەی کە لە ئێران بەرهەم دەهێندرێن و بەرەی مقاوەمە بەکارییان دەهێنن، کە حزبوڵا و حەماس و گروپە چەکدارییەکانی ناو عێراق و سوریاش لە خۆدەگرێت.
وتییان ناوەندەکانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە عێراق و لوبنانن و نوێنەرانی حوسییەکانیشی لێن، ئەو ناوەندانە " مەبەست لێیان هەماهەنگی کردنە لە کردەوە سەربازییەکانی بەرەی مقاوەمەدا."
لە ناو یەمەنیشدا شارەزایان دەڵێن حوسییەکان هێرشەکانییان بۆ سەر حکومەتی یەمەن زیاتر کردووە.
حوسییەکانی یەمەن منداڵانیش دەکەنە چەکدار و باس لەوە دەکرێت ئەو دیاردەیە لە دوای جەنگەکەی ناو غەززە و هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا و بەڕیتانیاوە بۆ سەر یەمەن زیاتر بووە. حکومەتی یەمەن وتی 3,298 ڕاپۆرتی بە دەست گەیشتووە لەسەر کردنی منداڵان بە چەکدار لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا، گوایە منداڵان وەکو قەڵغانی مرۆیی و سیخوڕ بەکاردەهێندرێن، هەروەها لە شەڕیشدا بۆ چاندنی مین و بۆمب و ئەرکی دیدەوانی بەکاردەهێندرێن.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا