ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتی ساڵانەی سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە 100 وڵاتان لە ساڵی 2021هەڵسەنگاندنی کردووە و ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە دەکات ئیبراهیم ڕەئیسی کە لە هەڵبژاردنەکانی نائازاد و ناڕەوای مانگی جۆزەرداندا بە پلەی سەرۆکایەتی گەیشت و پێشتریش بەرپرسی بەشی پێشێلکاری دادی ئەو وڵاتە بوو، تۆمەتەتی لەسەرە کە چاودێری بەسەر ئێعدامکردنی بەندکراوانی سیاسی لە ساڵی 1988ی زاینیدا کردووە کاتێک حکومەتی ئێران بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسادا هەزاران بەندکراوی سیاسی نێو بەندیخانەکانی ئێران کوشت کە بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی دەناسرێت.
ئازادی پێکهێنانی کۆبوونەوە و مافی ڕادەربڕین
کاربەدەستانی ئێران ئازادی پێکهێنانی کۆبوونەوە و ئازادی ڕادەربڕینیان بە توندی سنووردار کرد. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا هێزەکانی ئاسایش وەڵامی خۆپێشاندانەکانی بەربڵاو سەبارەت بە مافەکانی ئابوری، بە هێزی زۆر و لە ڕێگای هێزی مەرگهێنەرەوە وەڵام داوەتەوە و هەزاران ناڕازییان دەستبەسەرکردوون.
داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکانی مافەکانی مەدەنی
ژمارەیەک لە داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ هەروا لە نێو بەندیخانەکاندان لە دەمێکدا کاربەدەستان درێژە بە ئازاردان، گرتن دەدەن و ستەمکاری بەرامبەر بە ئەو کەسانە ئەنجام دەدەن کە بە دوای داددا دەگەڕێن، لە نێویاندا پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ نەسرین ستودە، محەمەد نەجەفی و ئەمیر ئەرسەلان داودی.
لە 26ی مانگی نۆ، داکۆکیکاری ناسراوی مافەکانی مرۆڤ نەرگیس محەمەدی ڕایگەیاند کە کاربەدەستانی بانگیان کردووە بۆ ئەوەی 30 مانگ لە بەندیخانەدا بێت لەبەر ئەوەی "نامەیەکی واژۆکردووە کە لە دژی سزای لەسێدارەدانە."
کاربەدەستان پێشتر ئەو خانمەیان لە 5 ی مانگی دەی 2020 دا لە بەندیخانە ئازاد کرد، دوای ئەوەی پێنج ساڵ بە تاوانی چالاکی لە بواری مافەکانی مرۆڤدا خستبوویانە بەندیخانەوە.
لەوەتا بەردانەوەی فڕۆکەی ئوکراینی لە مانگی یەکی 2020 ەوە کە بوو بە هۆی کوژرانی 175 سەرنشین، کاربەدەستان بنەماڵەی قوربانیـیەکانی هەراسان کردووە و ڕێگای ئەوانیان بەربەست کردووە کە بە دوای ڕاستی و داددا بگەڕێن.
مافی ژیان و لە سێدارەدانەکان
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە ئێران یەکێکە لە وڵاتە هەرە پێشەنگەکانی جیهان لە جێبەجێکردنی سزای ئێعدام. بە گوێرەی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، لە 2021 دا ئێران لانی کەم 254 کەسی هەتا 8 ی مانگی یازدە ئێعدام کردووە، لە نێویاندا لانی کەم 7 کەس گوایە لەسەر تۆمەتی تێرۆرستی.
دوای زیاتر لە 2 ساڵ تێپەربوون بەسەر سەرکوتی بێبەزەییانەی بۆ سەر خۆپێشاندانەکانی بەربڵاو لە مانگی یازدەی 2019 دا، کاربەدەستانی ئێران هیچ لێکۆڵینەوەیەکی ڕوونیان سەبارەت بە بەکارهێنانی زۆری نایاسایی بۆ سەر خۆپێشاندەران نەکردووە.
دەستڕاگەیشتن بە ڤاکسینی کۆڤید 19
قەدەغەکردنی کڕینی ڤاکسینەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا، نەبوونی شەفافیەت و خراپ بەڕێوەبردن ئاکامەکانی کۆڤید نۆزدەی لە ئێران زۆر زیاتر کردووە و هەتا ڕێکەوتی 8 ی مانگی یازدە ژمارەی فەرمی ئەوانەی بەو پەتایە گیانیان لە دەستداوە گەیشتووەتە 127299 کەس.
مافەکانی ڕەوتی دادگاییکردن و دۆخی بەندیخانەکان
دادگاکانی ئێران و بە تایبەتی دادگاکانی سوپای پاسداران، دادگاییکردنی ڕەوا دابین ناکەن و لە ڕێگای دانپێهێنانی ژێر ئەشکەنجە وەک بەڵگە لە دادگادا بە کاری دەهێنن. کاربەدەستان سەبارەت بە چەندین دەنگۆی ئەشکەنجەدانی بەندکراوان لێکۆڵینەوەیان نەکردووە و نەیان هێشتووە بەندکراوان بە تایبەتی لە ماوەی سەرەتای لێکۆڵینەوەدا دەستیان بە پارێزەری یاسایی بگات.
مافەکانی ژنان و منداڵان و شووناسی جێندەری
ژنان لە ڕووی باری کەسێتیدا کە پەیوەندی بە هاوسەرگیری و تەڵاق و میرات و بڕیارەکانی تایبەت بە منداڵانەوە هەیە، ڕووبەڕووی جیاکاری و نادادپەروەری دەبنەوە.
بەپێی یاسا و ڕێسای حکومەتی ئێران بۆ پاسپۆرت، ژنانی مێرددار، بەبێ مۆڵەتی نووسراوی هاوسەرەکەی، ناتوانێت ببێت بە خاوەنی پاسپۆرت بۆ ئەوەی گەشت بکات. هاوسەری ژنەکە هەر کاتێک بییەوێت دەتوانێت موڵەتی وەرگرتن و گەشتکردنی ژنان هەڵبوەشێنێتەوە و ڕێگر بێت لەبەردەم هاوسەرەکەیدا بۆ گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات. بەپێی یاساکانی مەدەنی، پیاو مافی هەڵبژاردنی شوێنی ژیانی خۆی و هاوسەرەکەی هەیە و هەر کاتێک هەست بکات کارکردنی ژنەکەی بەها خێزانییەکانی دەخاتە مەترسییەوە، دەتوانێت ڕێگری لە هاوسەرەکەی بکات لە کارکردن. یاسای ئێران ڕێگە بە کچان دەدات کە لە تەمەنی 13 ساڵیدا هاوسەرگیری بکەن و کوڕەکانیش لە تەمەنی 15 ساڵیدا، هەروەها لە تەمەنی خوارەوەی ئەم تەمەنانەش بە موڵەتی دادوەر دەتوانن هاوسەرگیری بکەن.
لە ئێستادا بەلایەنی کەمەوە پێنج چالاکوان بەهۆی بەشداریکردنیان لە ناڕەزایی ئاشتیخوازانە لە دژی یاساکانی حیجابی زۆرەملێ لە زینداندان.
بەپێی یاسای ئێران، سێکسکردن لە دەرەوەی هاوسەرگیری بە تاوان لە قەڵەم دەدرێت و ئەگەر کەسەکە هاوسەرگیری نەکردبێت ئەوە بە قایش لێدەدرێت و گەریش هاوسەری هەبێت ئەوا لەگەڵ سزای مردندا ڕووبەڕوو دەبێتەوە. ئەم یاسایەش کاریگەری زۆرتری هەیە لەسەر ژنان بە تایبەتی گەر دووگیان ببن، چوونکە دووگیانییەکەیان وەک بەڵگەی پەیوەندی سێکسی ئەو ژنانە لە قەڵەم دەدرێت.
ئەگەر ژنێک ڕاپۆرتی توندوتیژی سێکسی بە پۆلیس و دادگا بدات و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە پێیان وابێت پەیوەندییەکە بە ڕەزایەتی هەردوو لا بووە، ئەوا پێدەچێت خوودی ئەو ژنەش ڕووبەڕووی سزا ببێتەوە. هەروەها ڕەفتاری حکومەت لەگەڵ هاوڕەگەزخوازاندا زۆر خراپە و بەردەوام ڕووبەڕووی سزای لێدان دەبنەوە و پیاوانی هاوڕەگەزخوازیش ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە.
هەرچەندە ئێران ڕێگە بە نەشتەرگەری گۆڕینی ڕەگەز دەدات بۆ خەڵکانی ترەنس، بەڵام هیچ یاسایەک بۆ پشتیوانیکردنی ئەو کەمینەیە دەرنەکردووە.
جۆرەی مامەڵەکردنی حکومەتی ئێران لەگەڵ کەمینەکان و پەنابەران و کۆچبەراندا
یاسای ئێران نکۆڵی لە ئازادی ئایین دەکات بۆ بەهاییەکان و جیاکاری لە دژیان دەکات. دەسەڵاتداران بەردەوامن لە دەستگیرکردن و دادگاییکردنی بەهاییەکان بە تۆمەتی ناڕوونی ئاسایشی نیشتمانی. دەسەڵاتدارانی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک ڕێگە بە بەهاییەکان نادەن بڕۆنە زانکۆ حکومیەکان بۆ خوێندن بە بەهۆی باوەڕەکانیانەوە.
حکومەت هەروەها جیاکاری لە دژی کەمینە ئاینییەکانی تر لەوانە موسڵمانە سوننەکان دەکات و چالاکی کلتوری و سیاسی لە نێوان کەمینەی ئەتنیکی ئازەری و کورد و عەرەب و بەلووچ، سنووردار دەکات.
چالاکوانانی کەمایەتییەکان بە بەردەوامی دەستگیردەکرێن و بە تۆمەتی ئاسایشی نیشتمانی لە دادگایکردنێکی نادادپەروەرانەدا دادگایی دەکرێن.
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتی ئێران، هەڵمەتەکانی دژ بە چالاکوانانی سیاسی کورد زیاد کردووە. ڕۆژی 9 ی مانگی نۆ، هێزەکانی حکومەتی ئێران هێرشی موشەکیان کردە سەر بنکەکانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی کورد (حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران) لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.
ئێران نزیکەی 780 هەزار پەنابەری ئەفغانی بە شێوەی یاسایی لە خۆدەگرێت و نزیکەی 850 هەزار ئەفغانی بێ بەڵگەش لەو وڵاتەدا دەژین.
لە ناوەڕاستی مانگی هەشتدا، حکومەت سێ کەمپی کاتی دانا بۆ ئەو پەنابەرانەی لە ئەفغانستان هەڵاتوون، بەڵام سنوورەکەی بۆ زۆربەی پەناخوازانی ئەفغانی داخرابوو، چونکە چونەژوورەوە بۆ ئەو کەسانەی کە پاسپۆرت و ڤیزایان هەبوو، سنووردار بوو.
لە ماوەی مانگی هەشتدا، نزیکەی 2000 ئەفغانی لە ڕۆژێکدا بە شێوەی نایاسایی ڕۆیشتونەتە ناو ئێرانەوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆری ئەفغانییەکان لە ئێران دەرکران.
کاریگەرییەکانی حکومەتی ئێران لەسەر گۆڕانی کەش و هەوا
ئێران وەک یەکێک لەو 10 وڵاتانە دادەنرێت کە زۆرترین گازە ناسازەکانی ژینگە بەرهەمدەهێنیت لە جیهاندا.
لەسەدا، 94ی کارەبای ئێران بە سووتەمەنی بەرهەم دێت و ئێران هەشتەمین بەرهەمهێنەری گەورەی نەوتی خاوە و سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری گازی سروشتیە.
ئێران چەند هەنگاوێکی ناوە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سووتەمەنی و بە بەردەوامیش سزا نێودەوڵەتییەکانی وەک بەربەستێک بۆ گواستنەوە بەرەو وزەی پاکتر ناو دەبات و یەکێکە لەو شەش وڵاتەش کە هەتا ئێستا پەیماننامەی پاریسی پەسەند نەکردووە.
گۆڕانی کەش و هەوا مەترسییەکی جدییە بۆ سەر بژێوی ژیانی خەڵکی ئێران، لەوانە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و ئاگرگرتنی دارستانەکان بە بەردەوامی و دروستبوونی گەردەلوول و لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان.
لە ساڵی 2021دا وشکەساڵی فشاری درێژخایەنی لەسەر سەرچاوەکانی ئاو زیاد کرد و ئەمەش دەبێتە هۆی وشکەساڵی زۆرتر و کەم کردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی و لە ئەنجامدا دابینکردنی خۆراک و خواردن دەخاتە مەترسییەوە.
کارەکتەرە سەرکییەکانی نێودەوڵەتی
لە کاتێکدا چەند خولێکی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەنێوان ئێران و ئەمەریکادا ئەنجامدراون بۆ گەڕانەوە بۆ پابەندبوون بە رێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران، بەڵام ئەمەریکا هێشتا گەمارۆی ئابوریی و داراییەکانی لەسەر ئێران وەک خۆی هێشتۆتەوە، هەرچەندە حکومەتی ئەمەریکا داوای لێخۆشبوونی بۆ هاوردەی مرۆیی دەرکردوە بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام لە پراکتیکدا کۆمپانیا و بانکەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا بەردەوامن لە خۆ بە دوورگرتن لە هەناردەکردن یان پارەدانی کاڵا و خزمەتگوزارییە مرۆییەکان لە ترسی سزاکانی ئەمەریکا.
لە 27ی مانگی حەوتدا، داواکاری گشتی سوید بڕیاری خۆی بۆ دادگاییکردنی هاوڵاتیەکی ئێرانی بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و کوشتن لە ئێران لە ساڵی 1988 ڕاگەیاند.
دادگاییکردنەکە لە 10ی مانگی هەشتەوە دەستیپێکردوە و پێشبینی دەکرێت تا مانگی چواری ساڵی 2022 بەردەوام بێت.