ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ: هێرشەکانی ئیسڕائیل هاووڵاتیانی سڤیلییان لەسەر سنووری لوبنان - سوریا خستووەتە مەترسییەوە

ڕۆژی دووشەممە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ وتی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل لە نزیک خاڵی سەرەکی سنووری نێوان سوریا و لوبنان هاووڵاتیانی سڤیلییان خستووەتە " مەترسییەکی گەورەوە " لە کاتێکدا کە هێرشەکان ڕێگە نادەن خەڵکی ئەو ناوچانە هەڵبێن و هەروەها کۆسپیشیان لەبەردەم ئەرکە مرۆییەکاندا دروست کردووە.

ڕۆژی هەینی سوپای ئیسڕائیل وتی فڕۆکە شەڕکەرەکانی لە شوێنەکانی حزبوڵایان داوە لە نزیک خاڵی سنووری مەسنای دۆڵی بێکای ڕۆژهەڵاتی لوبنان.

بەرپرسی وەزارەتی گواستنەوەی سوریا سلێمان خەلیل ڕۆژی دووشەممە بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت شەقامەکە هێشتا " بە تەواوەتی داخراوە بە ڕووی هاتوچۆی ئوتومبێلەکاندا." بەڵام خەڵکەکە هێشتا دەتوانن بە پیادە پێیدا تێپەڕ ببن.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ وتی هێرشە ئاسمانییەکان " بەربەستییان داناوە لەبەردەم ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەدا کە دەیانەوێت هەڵبێن و هەروەها ئەرکە مرۆییەکانیشیان تێکداوە." وتیشی " دۆخەکە خەڵکە سڤیلەکە دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە."

وتیشی " هێرشێکی ئیسڕائیل بۆ سەر ئامانجێکی ڕەوای سەربازیی هێشتا دەکرێت نایاسایی بێت ئەگەر پێشبینی ئەوەی لێبکرێت زیانێکی دەستبەجێیی هەبێت لەسەر هاووڵاتیانی سڤیل."

وتیشی ئەگەر حزبوڵا ئەو خاڵە سنوورییەی بەکارهێنابێت بۆ گواستنەوەی چەکەکان، ئەوا حزبوڵاش " ڕەنگە شکستی هێنابێت لە گرتنەبەری سەرجەم ڕێوشوێنەکاندا بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیلی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی."

سوپای ئیسڕائیل وتی " لە تونێلێکی ژێرزەمینی داوە " کە بە ژێر سنوورەکەدا دەڕوات و " لەوێوە گواستنەوەی بڕێکی زۆر لە چەک دەگوازرێنەوە و هەڵدەگیرێن."

سوپا وتیشی " ئەرکەکانی تونێلەکە لەلایەن یەکەی 4400 ەوە سەرکردایەتی کراون، یەکەکە بەرپرسە لە گواستنەوەی چەکەکان لە ئێران و بریکارەکانییەوە بۆ حزبوڵا لە لوبنان."

سەرۆکی دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان فیلیپۆ گراندی ڕۆژی دووشەممە وتی لێشاوی خەڵکەکە " کەم بووەتەوە بەڵام هێشتا سەدان کەس دێن، لە خاڵە سنوورەکانی دیکەشەوە دێن."

سەرچاوە/ فرانس پرێس