پۆلیسی بەریتانیا ڕۆژی شەممە کەسێکی لە پەیوەند بە دۆزینەوەی پارچەی لەشی مرۆڤ لەناو دوو جانتادا لەسەر پردی بەناوبانگی کڵیفتۆن لە ڕۆژئاوای بەریتانیا دەستگیر کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسدا هاتووە تۆمەتبارەکە کە تەمەنی 34 ساڵە، ڕۆژی شەممە لە شاری بریستۆڵ دەستگیرکراوە، واتە هەمان ئەو شارە کە پردەکەی تیدایە و جانتاکانی تێدا دۆزراونەتەوە.
بڕیارە تۆمەتبارەکە بۆ لێپرسینەوە بگوازرێتەوە بۆ لەندەن.
پۆلیسی بەریتانیا دەڵێت بەرەبەیانی پێنجشەممە هەواڵێکییان بە دەست گەیشتووە لەسەر پیاوێکی گوماناویی کە جانتای پێبووە لەسەر پردەکە پێش نیوەشەو، بەڵام کاتێک کە پۆلیس گەیشتووەتە سەر پردەکە پیاوەکەی لێنەماوە، جانتاکەی بە جێهێشتووە و جانتای دووەمیش لەو نزیکانە دۆزراوەتەوە.
پۆلیسی ئاڤۆن و سۆمەرسێت ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند جانتاکان لاشەی مرۆڤییان تێدا بووە.
فەرماندەی کاربەڕێکەری پۆلیسی بریستۆڵ، ڤیکس هەیوارد مێلین وتی " ئەمە ڕووداوێکی زۆر بێزارەکەرە و بە تەواوەتی تێدەگەم لەو نیگەرانییەی کە دروستی دەکات لە نێو کۆمەڵگەکانماندا."
وتی " کاری سەرەکی و دەستبەجێمان دۆزینەوەی راستییەکان و ناسینەوەی تەرمەکە و ئاگادارکردنەوەی کەسوکارییانە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز