ڕاپـۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بارەی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆتایی مانگی سێ ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە لە بارەی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی جیهان لە ماوەی ساڵی 2020 دا.

بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا چەند بەشێکی ڕاپـۆرتەکە، ئەوانەی لە بارەی ئێران، تورکیا، سوریا، عێراق و هەرێمی کوردستانن کردووەتە کوردی.

کورتەیەک لەبارەی ڕاپـۆرتەکەی ئێران کە لە 66 لاپەڕە پـێکهاتووە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە وڵاتە جۆراوجۆرەکان بڵاوکردەوە. لە ڕاپۆرتی ساڵی 2020 دا سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران دەڵێت:

کۆماری ئیسلامی ئێران کۆمارێکی تیۆکراتیکی دەسەڵاتخوازە بە سیستەمێکی سیاسی ئیسلامی- شیعە کە لەسەر بنەمای ''ولایەتی فەقی'' دامەزراوە. مەلاکانی ئێران و بە تایبەت ڕێبەری ئێران بەسەر هەموو پێکهاتە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتەدا زاڵن. هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کە لە ساڵی 2017 ئەنجامدران و هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانیش کە لە ماوەی ئەو ساڵەدا ئەنجامدرا، بە شێوەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە بەڕێوەنەچوون.

ڕێبەری باڵای ئێران دەسەڵاتی تەواوی بەسەر هەموو دامەزراوەکانی ئاسایش و ئەمنیدا هەیە. چەندین دەزگا بەرپرسیارێتی جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیان لە ئەستۆدایە، لەوانە هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و هێزەکانی ئینتیزامی کە لە ژێر وەزارەتی ناوخۆدان و ڕاپۆرتی خۆیان دەدەنە سەرۆک کۆمار و سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی کە ڕاستەوخۆ لە ژێر دەسەڵاتی ڕێبەری ئێراندایە، هەروەها ڕێکخراوی بەسیج کە گروپێکی خۆبەخشی سەربازین و لە سەرانسەری وڵاتدا هەندێک جار وەک یەکەیەکی جێبەجێکردنی یاسا یارمەتی ‌هێزەکانی سوپای پاسداران دەدەن. ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە درێژایی ساڵ بەشدارن لە پـێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤدا.

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران نەک هەر لە ئێران پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ ئەنجام دەدەن، بەڵکو لە سوریا لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی سەربازی هێزەکانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا و هێزەکانی حیزبوڵای لوبنان و هەروەها لە عێراق لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران و لە یەمەنیش لە ڕێگەی پشتیوانیکردنی لە حوسیەکانەوە، لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتانەشدا دەست هەیە.

* پرسە گرنگەکانی مافی مرۆڤ کە لە ئێران پێشێل‌دەکرێن بریتین لە:

• کوشتنی نایاسایی و لەسێدارەدانەکان بە بیانووی هەندێک تاوان کە بە پێی ستاندارد و پێناسەی یاسای نێودەوڵەتی بەشێک نین لە "تاوانە مەترسیدارەکان" ، وە تۆمەتباران بەبێ دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە لە سێدارە دراون، بە تایبەتی لە سێدارەدانی نەوجەوانان.

• دەستبەسەرکردنی بە زۆر و ئەشکەنجەدان لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە، بە تایبەتی بەکارهێنانی سیستماتیکی دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و دروستکردنی بارودۆخی سەخت بۆ زیندانیان و هەڕەشە لە ژیانی سەدان زیندانی سیاسی دەستبەسەرکراو.

• کێشەی سەربەخۆنەبوونی دەسەڵاتی دادوەری، بە تایبەتی دادگاکانی شۆڕش ئێسلامی.

• دەستێوەردانی نایاسایی لە ژیانی تایبەتی هاوڵاتیان و سنووردارکردنیان.

• چاودێری قورس لەسەر ئازادی ڕادەربڕین و چاپەمەنی و ئینتەرنێت لە ڕێگای توندوتیژی، دەستگیرکردن و دادگایـیکردنی بێ هۆکاری ڕۆژنامەنووسان و داخستنی ماڵپەڕەکان و دروستکردنی بوختان بۆیان.

• دەستێوەردان و سنووردارکردنی کۆبوونەوەی ئاشتیانە و ئەنجومەنەکان.

• سنوردارکردنی ئازادی ئایین و سنوردارکردنی بەشداری سیاسی.

• بوونی گەندەڵییەکی بەربڵاو لە هەموو ئاست و کەرتێکی حکومەتدا.

• لەبەرچاونەگرتن و پشتگوێخستنی توندوتیژییەکان لە دژی ژنان.

• وەرگرتنی نایاسایی منداڵانی سەرباز لە لایەن بەڕێوەبەرانی حکومەتەوە بۆ پشتگیری لە ڕژێمی ئەسەد لە سوریا و بازرگانیکردن بە مرۆڤەکانەوە.

• توندوتیژی بەرامبەر کەمایەتییە نەتەوەییەکان( ئەتنیکیەکان) و کەمایەتییە ڕەگەزییەکان(LGBTQ+)

حکومەت تاکو ئێستا بە شێوەیەکی کاریگەر هیچ هەنگاوێکی هەڵنەگرتووە بۆ لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن و سزادانی ئەو بەرپرسانەی کە ئەم پێشێلکارییانەیان ئەنجامداوە. زۆربەی پێشێلکارییەکان وەک بەشێک لە سیاسەتی حکومەت ئەنجامدراون، وەک کوشتنی لانی‌کەم 304 کەس لە کاتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانە بەربڵاوەکانی مانگی یازدەی ساڵی 2019 دا.

* لە سێدارەدانی ناڕەوا:

دەسەڵاتدارانی ئێران دەستیانداوەتە کوشتنەگەلێکی ناڕەوا و نایاسایی کە مەبەستی سیاسی لە پشتەوە بووە. بە وتەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوە ناحکومییەکانی ئێراندا، حکومەت ژمارەی تەواوی لەسێدارەدانەکانی ئاشکرا نەکردووه و نزیکەی 60 لە سەدی لەسێدارەدانەکانی باس نەکردووە.

بەپـێی ئامار و ڕێژەی ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی مافی مرۆڤ لە ماوەی ساڵی 2020 دا نزیکەی 200 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون، بەڵام حکومەت بە فەرمی تەنیا 36 دانە لە سێدارەدانەکانی ڕاگەیاندووە. ڕوحوڵا زەم، بەڕێوەبەری کەناڵی تێلێگرامی ئامەد نیوز یەکێک لەو کەسانە بوو کە بە فریودان و لە کاتی گەشتکردنی بۆ عێراق لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرا و دواتر برایەوە ئێران و لەسێدارەدرا. هەروەها بەپـێی ڕاپۆرتی لێبوردنی نێودەوڵەتی، پاڵەوانی زۆرانبازی ئێران نەوید ئەفکاری و 35 زیندانی دیکە لە ماوەی ئەو ساڵەدا لەسێدارەدراون.

هەروەها لە مانگی چواری ساڵی 2020 دا ڕێکخراوە ناحکوومییەکان باسیان لەوە کرد کە دەسەڵاتدارانی ئێران موستەفا سەلیمی، زیندانی سیاسی کوردیان دوای هەڵهاتنی ناوبراو لە زیندان و ڕادەستکردنەوەی لە عێراق لەسێدارە داوە. هێزە ئەمنییەکان سەرەتا لە ساڵی 2003 دا سەلیمیان بە تۆمەتی " دژایەتی کردنی خودا " و بە هۆی ئەندامێتی لە حیزبێکی ئۆپۆزسیۆنی کورددا دەستگیر کردبوو. ڕۆژی 27 ی مانگی سێ سەلیمی لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایـیەکان کە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە زیندانەکانی ئێراندا سەریانهەڵدابوو، لە زیندانی شاری سەقزدا هەڵهات و لە ڕێگای بەزاندنی سنووری ئێرانەوە دەڕواتە هەرێمی کوردستانی عێراق و لەوێ پێش ئەوەی دەرفەتی داواکردنی مافی پەنابەری بۆ بڕەخسێت، ڕادەستی ئێران دەکرێتەوە و دواتریش لەسێدارە دەدرێت.

هەروەها حکومەت بەردەوام بووە لە جێبەجێکردنی لە سێدارەدانی ئەو تاکانەی کە پێش تەمەنی 18 ساڵ تاوانەکەیان ئەنجام دابوو. لە مانگی چواردا پسپۆڕانی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بەو 90 کەسەی کە لە ڕیزی مەرگدان و دەوترێت تاوانەکەیان لە تەمەنی پێش 18 ساڵییەوە ئەنجامدابوو. شایان سەعیدپور، زیندانی کورد یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە سێدارەدرا. سەعیدپور لە مانگی سێدا بە هۆی ناڕەزایـیەکانی ناو زیندانی ئێران کە بە هۆی کۆڤیدی نوزدە سەریانهەڵدابوو، توانی هەڵبێت، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک ناوبراو دەستگیر دەکرێتەوە و بە تاوانی کوشتنی کەسێک لە ساڵی 2015دا کە لەو کاتەدا ناوبراو تەمەنی 17 ساڵ بوو، لە سێدارە دەدرێت.

جاوید ڕەحمان، ڕاپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە مانگی حەوتدا لە بارەی ڕەوشی مافی مرۆڤی ئێرانەوە، نیگەرانی خۆی بە قووڵی دەربڕیوە لە بارەی "نەبوونی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و شەفاف و خێرا لە ڕووداوەکانی مانگی یازدەی ساڵی 2019دا. بەپـێی بەراوردەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ڕۆیتەرز، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە نێوان 300 بۆ 1500 کەسیان لە سەرانسەری وڵاتدا کوشتوە لە دوای ئەو خۆپیشاندانانەی دژی بەرزبوونی نرخی سووتەمەنی ئەنجام دران.

بەردەوام ڕاپۆرت کراوە حکومەتی ئێران ڕاستەوخۆ پشتیوانی ڕژێمی ئەسەدی کردووە لە سوریا ، بە پلەی یەکەم لە ڕێگەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و دواتریش لە ڕێگای بەکرێگیراوانی شیعەی عێراقی و ئەفغانی و پاکستانی کە هۆکاربوون لە درێژکردنەوەی شەڕی ناوخۆ و مردنی هەزاران هاوڵاتی سیڤیل سوریایی لە ماوەی ساڵی 2020دا.

هەروەها حکومەت ڕاستەوخۆ پشتگیری هەندێک میلیشیای سەر بە ئێرانی کردووە کە لە ناو عێراقدا کاردەکەن ، لەوانە ڕێکخراوی تێرۆریستی کەتائیبی حزبوڵا کە بەپـێی ڕاپۆرتەکان دەستی هەبووە لە لەسێدارەدان و بێسەروشوێنکردنی خەڵکێکی زۆر و هەروەها پێشێلکاریـیەکانی تری مافی مرۆڤ بەرامبەر بە خەڵکی سیڤیلی عێراق.

لە ساڵی 2015 وە حکومەتی ئێران سەدان ملیۆن دۆلاری بۆ پشتگیری لە حوسیەکانی یەمەن تەرخانکردووە و چەکی زۆر و زەوەندی پێ بەخشیون کە ئەوەش ناکۆکییەکانی زیاتر و درێژتر کردووەتەوە و حوسیەکان چەکی ئێرانییان بەکارهێناوە لە هێرشەکان لە دژی خەڵکی سیڤیل و ژێرخانی سیڤیلی لە ناو یەمەن و هەم لە عەرەبستانی سعودیە.

* بێسەروشوێنکردن:

ڕاپۆرت کراوە لەسەر ڕفاندن بە مەبەستی سیاسی لە لایەن بەرپرسانی حکومەتەوە. هێزە ئەمنییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت، پارێزەر و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانیان ڕفاندوە و دەستبەسەریانکردوون.

لە مانگی پێنجدا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی راپۆرتی کردووە لەسەر دیارنەمانی چوار زیندانیکراو کە سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە، زیندانکراوەکانیش بریتین لە حوسەین سیلاوی، عەلی خەسرجی و ناسر خەفاجیان کە سێ زیندانی عەرەبی ئەهوازی بوون و هەروەها هیدایەت عەبدوڵاپور زیندانی کوردی ئێران. خێزانی ئەم زیندانیکراوانە مەترسیان هەیە لەوەی حکومەت بە نهێنی لەسێدارەی دابن. لە 31 ی مانگی سێدا، سیلاوی، خەسەرجی و خەفاجیان لە زیندانێکی شاری ئەهوازدا گواسترانەوە بۆ شوێنێکی نادیار و لە ڕۆژی 9ی مانگی پێنجیشدا، هیدایەت عەبدوڵاپور لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار و لەو کاتەوە بێسەروشوێنن.

* ئەشکەنجە و کردەوەی تری دڕندانە و سزای نامرۆڤانە:

هەرچەندە لە دەستووری ئێراندا ئەشکەنجە بۆ دانپێدانان قەدەغەکراوە، بەڵام ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی لە ئێران شتێکی باوە. حوسەین سێپەنتا لە زیندانی عادێڵ ئابادی شیراز لە کاتێکدا زۆر نەخۆش بووە لەلایەنئەو کەسەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کردووە بە توندی هێرشی کراوەتە سەر و دوای ئەوە ئەژنۆی تووشی نەخۆشی بووە. بە گشتی توندوتیژی سێکسی، لەسێدارەدانی درۆینە، بەکارهێنانی شۆکی کارەبایی، کێشانی نینۆکی دەست و پێ و لێدانی زۆر، حاڵەتە باوەکانی ئەشکەنجەدانن لە ئێراندا.

* ڕەوشی گرتوخانە و زیندانەکان:

دۆخی زیندانەکان بە هۆی کەمیی خۆراک، قەرەباڵغی زۆر و خراپی باری جەستەیی و کەمیی کەرەستە و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان زۆر خراپە و ژیانی زیندانیانی خستووەتە مەترسییەوە. دۆخی زیندانەکان لە دوای سەرهەڵدانی کۆڤید-19 خراپتر بووە. بۆ نموونە سێ دەروێشی ژنی گۆنابادی کە لە ساڵی 2018وە لە زیندانی شاری ڕەی دەستبەسەرن، بە بەردەوامی لە دەستگەیشتن بە چاودێری پزیشکی دوورخراونەتەوە و لە دۆخێکی نامرۆڤانەدا هێڵراونەتەوە. ڕێکخراوە ناحکومیەکان چەندین جار راپۆرتیانداوە کە ئاو و خۆراک لە زیندانەکاندا پیسن و کەم و کورتیان تێدایە، زیندانەکان مشک و قالونچەی زۆری تێدایە و هەروەها پلەی گەرمای ناو زیندانەکان تاقەت پڕووکێنە و شوێنی نووستنیش زۆر کەمە.

* دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و ناڕەوا:

هەرچەندە دەستوری ئێران، گرتن و دەستبەسەرکردنی ناڕەوا و هەڕەمەکی قەدەغە دەکات، بەڵام لە ماوەی ساڵی2020دا زۆر جار ئەم کردەوەیە ڕوویداوە. پەیماننامەی مافەکانی هاوڵاتی سەرۆک حەسەن ڕۆحانی لە ساڵی 2016دا ئاماژە بە پاراستنی ئازادییە جۆراوجۆرەکان دەکات کە بریتین لە پاراستنی"ئاسایشی تاکەکان، موڵک، کەرامەت، دامەزراندن، پرۆسەی یاسایی و دادوەریی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و هتد"، بەڵام حکومەت بڕگەکانی ئەم پەیماننامەیە جێبەجێ نەکردووە.

* پرۆسەکانی دەستگیر و دەستبەرکردن و شێوەی ڕەفتارکردن لەگەڵ گیراوەکاندا:

بە پێی دەستور و یاسای ئێران بۆ دەستگیرکردنی کەسێک پێویستە داوای فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کەسەکە دەربچێت و هەروەها دەبێت لە ماوەی 24 کاتژمێردا، دەستگیرکراو لەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵی ئاگادار بکرێتەوە. بەڵام زۆر جار بەبێ ئاگادارکردنەوە و فەرمانی دەستگیرکردن خەڵک دەستگیرکراون و بۆ ماوەیەکی زۆر لە گرتووخانەکاندا هێڵراونەتەوە بەبێ ئەوەی تاوانبار بکرێن یان ناونووس بکرێن و تەنانەت مافی پەیوەندیکردن بە خێزانەکانیان و ئاگادارکردنەوەیان لێ قەدەغەکراوە. میرحوسەین مووسەوی و زەهرا ڕەهنەوەرد و مەهدی کەڕووبی لەو کەسانەن کە ڕژێمی ئێران بەبێ ئەنجامدانی پرۆسەی دادوەری بەردەوامە لە دەستبەسەرکردنیان لە ماڵەوە. هەروەها ئێران بەردەوام بووە لە دەستبەسەرکردنی دوو لەو کەسانە کە هاوڵاتی ئێران و وڵاتێکی دیکەن، واتە سیامەک نەمازی و عێماد شەرقی.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە مانگی نۆدا لە ئێران بە لایەنی کەم 7 هەزار کەس لە پەیوەندی بە خۆپێشاندانەکانی مانگی یازدەی 2019 دەستگیرکراون و هەتا مانگی هەشت لانی‌کەم 500 کەس لە ژێر لێکۆڵینەوەی تاواندابوون. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ژمارە ڕاستەقینەکان زۆر زیاترن لەو ژمارانە.

* نەبوونی دادگاییەکی ڕەوای ئاشکرایانە:

بەپـێی دەستوری ئێران دەسەڵاتی دادوەری دەبێت " دەسەڵاتێکی سەربەخۆ بێت لە دەرەوەی هەموو جۆرە پەیوەندییەکی ناتەندروستەوە بێت. بەڵام سیستمی دادگای ئێران لە ژێرکاریگەری سیاسییە و دادوەرەکان "بەپـێی پـێوەرە ئایینیەکان" دەستنیشانکراون.

وەلی فەقی سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران دەستنیشان دەکات، سەرۆکی دەزگای دادوەری و ئەندامانی دادگای باڵا و داواکاری گشتی پیاوانی ئاینین. چاودێرانی نێودەوڵەتی بە بەردەوامی ڕەخنەیان گرتووە لە سەربەخۆنەبوونی سیستمی دادوەری و دادوەرانی ئەو وڵاتە و پێیان وابووە کە دادگاکانی ئەو وڵاتە پێوانە نێودەوڵەتییەکانی دادپەروەرییان لەبەرچاو نەگرتووە.

* پرۆسە و شێوەی دادگاییکردنەکان:

بەپـێی دەستور و یاسا، تۆمەتبار مافی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەی هەیە و هەتا ئەو کاتەی تاوانباربوونی دەسەلمێت مافی ئەوەی هەیە دەستی بگات بە پارێزەری هەڵبژاردەی خۆی و هەروەها لە زۆربەی ئەو حاڵەتانەدا کە سزاکەی گەورەیە مافی ئەوەشی هەیە داوای پێداچوونەوە بکات بۆ سزاکەی، بەڵام ئەم مافانە لە دادگاکانی ئێراندا ڕچاو نەکراون. چالاکوانانی مافی مرۆڤ راپـۆرتیان‌داوە لەسەر دادگاییکردنەکان کە تیایدا دەسەڵاتداران پێشوەخت حوکمەکانیان بۆ تۆمەتباران دیاریکردووە و تۆمەتباران دەرفەتیان بۆ نەڕەخساوە قبووڵی تۆمەتەکەی خۆیان بکەن یان ڕتی بکەنەوە یان پارێزەرەکانیان ببینن. ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە بە تاوانی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی تۆمەتبارکراون، یاسا هەڵبژاردنی پارێزەری بۆ سنووردار کردوون بۆ لیستێکی پەسەندکراوی حکومەت.

هەروەها ڕاپۆرتکراوە کە وەزارەتی ئیتلاعات بڕیاردەرە لە سەر زۆرێک لە دۆسـیەکانی دادگای شۆڕش. زۆرێک لە دۆسیە گرنگە سیاسییەکان دەنرێننە ژمارەیەکی کەم لە لقەکانی دادگای شۆڕش کە زۆرجار دادوەرەکانی بێ ئەزموونن و سەربەخۆش نین.

* دەستبەسەرکراوان و زیندانیانی سیاسی:

ئاماری فەرمی سەبارەت بە ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی کە لەسەر بیروباوەڕی سیاسی خۆیان زیندانی کراون لە بەردەستدا نییە. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی یەکگرتنەوە بۆ ئێران، هەتا 18ی مانگی دە، 500 زیندانی بە هۆی بیروباوەڕیانەوە لە زیندانەکانی ئێراندا زیندانیکراون. وەک ڕەزا خەندان مەهابادی ، بەکتاش ئابتین ، ئاتێنا دائێمی کە لە زیندانەکانی ئێراندا زیندانین. بەپێی ڕاپۆرتی سەنتەری پارێزەرانی مافی مرۆڤ، ئێران بە شێوەیەکی بەردەوام ئەو پارێزەرانەی دەستگیرکردووە کە بەرگرییان لە زیندانیانی سیاسی کردووە و بە هۆی کارەکەیانەوە سزای قورس دراون.

* تۆڵەسەندنەوە بە مەبەستی سیاسی لە خەڵکی دەرەوەی وڵات:

ئێران بە سوودوەرگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان لە دەرەوەی وڵات ڕەخنەگران و نەیارانی خۆی کردووەتە ئامانج. بۆ نموونە جەمشید شارمەد و حەبیب ئەسییود و ڕوحوڵا زەم لەو کەسانە بوون کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندران و برانەوە ناو ئێران.

* ڕێکاری دادوەری مەدەنی بۆ قەرەبووکردنەوە:

توانای هاوڵاتیان بۆ تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دادگاکان لە دژی حکومەت سەبارەت بە پـێشێلکاریـیە سیڤیلیەکان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ سنووردارە.

* گەڕاندنەوەی موڵک:

دەستوری ئێران ڕێگە بە حکومەت دەدات موڵک و ماڵێک کە لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامیدا ناگونجێت دەستی بەسەردابگرێت و پێدەچێت حکومەت لە ڕێگای ئەم یاسایەوە کەمینە نەتەوەیی و ئایینیەکانی کردبێتە ئامانج.

* دەستێوەردانی نایاسایی لە تایبەتمەندی، خێزان، ماڵ و نامە و پەیوەندییەکان:

هێزە ئەمنییەکان چاودێری چالاکی هاوڵاتیانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کردووە. چوونەتە ناو ماڵ و ئۆفیس و شوێنی عیبادەتکردنیان. چاودێری پەیوەندی تەلەفۆنی و پەیوەندییەکانی ئینتەرنێتیان کردووە. بەبێ مۆڵەتی دادگا نامەکانیان کردوونەتەوە.

لە مانگی سێدا راپۆرت کراوە کە داتا و زانیارییەکانی 42 ملیۆن هەژماری تێلێگرامی ئێرانی دزەیان کردووە. تێلێگرام بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە داتاکان لە دوو بەرنامەی نافەرمی تێلێگرام دزەیان کردووە کە دوای قەدەغەی پلاتفۆرمی فەرمی تێلێگرام لەو ئێراندا بەناوبانگ بوون. هەروەها ڕاپۆرت کراوە کە هەردوو ئاپەکان پەیوەندییان بە حکومەت و گروپی هاکەرە ئێرانییەکانەوە هەبووە.

* ئازادی ڕادەربڕین:

دەسەڵاتداران ڕێگەیان بە تاکەکان نادەن ڕەخنە بگرن لە ڕژێمی ئێران، ڕێبەر، یان ئایینی فەرمی. هێزە ئەمنییەکان سزای ئەو کەسانەیان داوە کە ئەو سنوورانەیان بەزاندوە. ڕاپۆرتێکی مانگی حەوتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە بەردەوامی هەوڵەکانی حکومەت کردووە بۆ " سەرکوتکردنی " ئازادی ڕادەربڕین لەو وڵاتەدا. بەپـێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی "ڕۆژنامەگەری تاوان نییە" بەلایەنی کەمەوە 78 ڕۆژنامەنووس هەتا مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو لە زینداندابوون کە ئەم ڕێژەیەش زیاتر لەوەی ساڵی 2019 .

* ئازادی ئینتەرنێت:

حکومەت کێشەی لە هێڵەکانی ئێنتەرنێت دروستکردوە، بۆ نموونە لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2019 دا نزیکەی هەفتەیەک ڕێگەی چوونە ناو ئینتەرنێتی پچڕاند و سنوورداری کرد. جارێکی تریش دووبارە لە کاتی نزیک بوونەوە لە یادێک بۆ ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکاندا لە مانگی یازدەدا کوژران، ڕێگەی چوونە ناو ئینتەرنێتی خاو کردەوە. دەسەڵاتدارانی ئێران دەستگەیشتنیان بە دەیان هەزار ماڵپەڕ، بە تایبەت ماڵپەڕە هەواڵییە نێودەوڵەتییەکان سنووردار کردووە و زۆر کەسیشیان بە هۆی چالاکی ئینتەرنێتیەوە دەستبەسەر کردووە. حکومەت پڕوپاگەندەیەکی فراوانی دیجیتاڵی هەیە کە لە ڕێگایەوە پشتگیری لە لایەنگرانی دەکات. پاش مردنی فەرماندەی هێزی سوپای قودس قاسم سولەیمانی، ژمارەیەک ئەکاونتی تویتەر کە لە ئێران جێگیرن، دەستیان کرد بە تویتکردن و بەکارهێنانی هاشتاگی وەک #توڵەسەندنەوەی قورس و هەروەها دانانی وێنەکانی سولەیمانی.

* ئازادی ئەکادیمی و کۆنترۆڵکردنی بۆنە کولتورییەکان:

ئێران ئازادی ئەکادیمی بە توندی سنووردار کردووە و ناهێڵێت بەهاییەکان لە قۆناغی باڵادا بخوێنن و ئەوانەش کە لە زانکۆ نافەرمییەکانی بەهاییەکان بە شێوەی ئۆنلاین دەخوێنن، هەراسانی کردوون. کونترۆڵی تەواوی بەشەکانی کولتوری و میدیایی دەکات. بەپـێی میدیا و ڕێکخراوە ناحکومیـیەکان، بۆ نمونە دەسەڵاتداران فیلمساز موحەمەد رەسول ئۆف‌یان بانگکردووە بۆ تێپەڕاندنی ساڵێک سزای زیندان کە بەسەریدا سەپێندراوە. ناوبراو بە هۆی ناوەرۆکی فیلمەکانیەوە سزای ساڵێک زیندانی بۆ دەرکراوە. لە بواری مۆسیقادا دەسەڵاتداران هەروەها دژایەتی پەروەردە و فێرکردنی مۆسیقایان کردووە لە قوتابخانەکاندا .

* ئازادی گردبوونەوە و خۆپـیشاندان:

بەپـێی قسەی چالاکوانان حکومەت ڕێگری دەکات لە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ئەو کەسانەی بە دژی خۆیانی دەزانن، لە کاتێکدا کە لایەنگرانیان بە دەگمەن کێشەیان دەبێت بۆ گردبوونەوە و خۆپێشاندان.

* ڕەوشی پەنابەران:

بە گوێرەی گروپە جیاوازەکان و قسەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ سیستەمی ئێران بەردەوام بووە لە مامەڵەی خراپ لەگەڵ زۆرێک لە ئەفغانییەکان و ئازاری جەستەیی داون و هەندێکیانی ناچاری کردووە کە لە سوریا شەڕ بکەن. لە مانگی پـێنجدا باس لەوە کراوە کە پاسەوانانی سنووری ئێران دوای ئەوەی 57 کۆچبەری ئەفغانییان دەستبەسەرکردووە، دواتر بە زۆری چەک فڕەیانداونەتە ناو ڕووبارێکی سەر سنوور. بەڵام تاکو ئێستاش ئەنجامی لێکۆڵینەوەی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی ئەفغانستان و ئێران دیار نییە لەسەر ئەم بابەتە.

* ئازادی بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا:

مافی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ هەموو کەسێک یەکسان نییە، بۆ نمونە هەڵبژاردنەکانی مانگی دووی پەرلەمان گونجاو نەبووە لەگەڵ پێوانەکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانەدا. بە تایبەتی بە هۆی ڕۆڵی شورای نێگەهبانەوە کە کاندیدەکانی هەڵبژاردن دیاری دەکات. بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی ئەتڵانتیک، شورای نێگەهبان تەنیا 7296 کەسی هەڵبژاردووە لە کۆی 14500 کەس کە ناوی خۆیان تۆمارکردبوو بۆ هەڵبژاردنەکان. هەروەها دەسەڵاتدارانی ئێران لە بەردەم بەشداری سیاسی کەمینەکان و ژناندا، ئاستەنگی زۆری ئایینی و یاسایی و کولتوریان دروستکردوە.

* گەندەڵی و نەبوونی ڕوونی و ئاشکرایی :

بۆ نمونە کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران یەکێک لەو بەشانەن کە دەستیان لە گەندەڵییەکی زۆردا هەیە و چالاکیەکانیان زۆر جار نایاساییە. ئەو کۆمپانیایانە لە کەرتەکانی وەک پەیوەندی و کانگە و بیناسازیدا کار دەکەن. هەروەها هەندێک لەو کۆمپانیانە دەستیان لە قاچاخ و مامەڵەی نایاسایی بە دەرمان و ماددە هۆشبەرەکان و کەرەستەی خاودا هەیە . ڕۆژنامەوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی نووسیویانە ئەو کەسانەی پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵ حکومەتدا هەیە بە نرخێکی باشتر و هەرزانتر دراوی بیانی دەکڕن و بەمەش سوود لە جیاوازی نرخەکان وەردەگرن کە لە بازاڕی ڕەشدا مامەڵەی پـێدەکرێت.

* هەڵوێستی حکومەت سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان لەسەر پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ:

ئێران هاوکاری ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی نەکردووە کە لێکۆڵینەوە لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بکەن. کاری چالاکوانانی ناوخۆی سنووردارکراوە و کاردانەوە لە بەرامبەر داواکارییەکانیان دەستگیرکراون یان کۆمپیوتەر و ئەکاونت و حسابەکانیان هاککراون.

* جیاکاری، پێشێلکارییە کۆمەڵایەتییەکان :

ژنان:

• دەستدرێژی سێکسی نایاساییە و سزای توندی بەسەردا دەسەپێنرێت، لەوانە سزای مەرگ، بەڵام هێشتا وەک کێشە ماوەتەوە. زۆربەی قوربانیانی دەستدرێژی سێکسی لە ترسی توڵەی فەرمی و سزا قورسەکان، تاوانەکە ڕاناگەیەنن، هەروەها قوربانیانی دەستدرێژی سێکسی ترسیان لە تۆڵەکردنەوە و سەرزەنشتکردنی کۆمەڵگا هەیە. ڕاپۆرت هەبووە دەڵێت نزیکەی لە سەدا هەشتای حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی ڕاپۆرت نەکراون. ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لە مانگی چواردا ڕایگەیاند پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان بە ژمارەیەکەوە کە بۆ توندوتیژیی خێزانی دابینکراوە، زۆر زیادیانکردووە. لە ساڵانی ڕابردوودا هەندێک کەس بە ئەسید هێرشیان کراوەتە سەر، بە تایبەتی ئەو ژنانەی گوایە بەپـێی نەریتەکانی کۆمەڵگە هەڵسوکەوتیان نەکردووە. هەرچەندە بەپێی راپۆرتەکان شورای نیگەهبان یاسای زیادکردنی سزا بۆ بکەرانی ئەو هێرشانەی دەرکردووە، بەڵام حکومەت بەردەوام بووە لە دادگایکردنی ئەو چالاکوانانە کە بەدوای لێپرسینەوەی زیاتری حکومەتەوە بوون لەبارەی ئەو هێرشانەوە. ڕاپۆرت هەبووە لەسەر کوشتنی ژنان لەسەر "شەرەف" یان نەریتە زیانبەخشەکانی تر لە ماوەی ئەو ساڵەدا. هیچ ئامارێکی فەرمی لە وڵاتدا نییە سەبارەت بە کوشتنی ژنان لەسەر ناموس، بەڵام بەپـێی وتاری ئەکادیمی و لێکۆڵینەوەکانی زانکۆ کە ڕۆژنامەی ئیبتیکار وەک سەرچاوە بەکاری هێناون، هەموو ساڵێک لە نێوان 375 بۆ 450 کوشتنی لەو شێوەیە لەسەر پرسی شەرف ڕوودەدەن، کە بە زۆری ژنان بە دەستی پیاوانی خزم و کەسوکاریانەوە وەک هاوسەر و باوک و براکانی خۆیان لە ژێر ناوی پاراستنی "شەرەفی خێزان " دەکوژرێن.

دژایەتی جووەکان:

• لە کاتێکدا یاسای ئێران بە فەرمی جووکان بە کەمینەیەکی ئایینی دەناسێنێت، بەڵام بەپـێی ڕاپۆرتەکان کۆمەڵگەی جووەکان، ئەوان ڕووبەڕووی جیاکاری و بەربەستی زۆر دەبنەوە لە لایەن حکومەتەوە. هەروەها دەسەڵاتدارانی ئێران دۆسیەی مێژوویی هۆلۆکۆست دەخەنە شوێنی پرسیار و گۆمانی لێدەکەن. دژایەتی جووەکان لەو وڵاتەدا وەک کێشەیەک درێژەی هەیە.

ئەندامانی پێکهاتە نەژادی و ئاینییەکان:

• کەمینەکان مافی یەکسانیان نەبووە و حکومەت بە بەردەوامی زمانەکەیانی بۆ فێربوون لە قوتابخانەکان قەدەغە کردوە. حکومەت بە شێوەیەکی خراپ گروپە کەمایەتییەکانی وەک کورد، ئەهوازییەکان، ئازەرییەکان و بەلوچییەکان، لە ڕێگای دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و دەستبەسەرکردن و ئازاردانی جەستەیی و بێسەروشوێنکردنیان کردووەتە ئامانج. گروپە کەمایەتییە نەتەوەییەکان ڕاپۆرتیان داوە لەسەر جیاکاری و نادادپەروەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری، بە تایبەتی لە دەستگەیشتنیان بە یارمەتییە ئابوریـیەکان، مۆڵەتی بازرگانی، وەرگرتنیان لە زانکۆ، هەلی کار، مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی کتێب، مافی خانووبەرە و زەوی.

لە مانگی حەوتدا جاوید ڕەحمان وەک نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ مافی مرۆڤی ئێران نیگەرانی خۆی بە قوڵی دەربڕیووە لە بارەی ئەو ژمارە زۆرە لە زیندانیانی سیاسی و ئایینی کەمایەتییەکانی ئێران وەک کورد و تورکی ئازەری و عەرەبی ئەهواز. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تێبینیانکردووە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لەلایەن حکوومەتەوە بە شێوەیەکی ناڕێک و نادادپەروەرانە کاریگەری هەبووە لەسەر کەمایەتییە نەتەوەییەکان.بەپـێی راپۆرتەکان، دەسەڵاتداران ئەندامانی کەمایەتییە نەتەوەیی و گروپە ئاینییەکانیان زیاتر لە زیندانییەکانی دیکە لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا و پێش دادگاییکردن خستوەتە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی قورس بەبێ گوێدانە جۆری تاوانەکەیان.

نزیکەی هەشت ملیۆن کورد لەو وڵاتە بە بەردەوامی چالاکی دەکەن بۆ مافی خۆبەڕێوبەری. حکومەتیش بەردەوام بووە لە گرتن و دادگایکردنی کوردەکان بە هۆی بەکارهێنانی مافی ئازادی ڕادەربڕین و دروستکردنی ئەنجومەنەکان. بە گوێرەی راپۆرتەکان حکومەت رۆژنامە و کتێبی بە زمانی کوردی قەدەغەکردووە و ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و بنکەکانی بڵاوکردنەوەیان بە هۆی رەخنەگرتنیان لە سیاسەتەکانی حکومەت ڕووبەڕووی سزا کردووەتەوە. ڕاپۆرتەکەی جاوید ڕەحمان لە نەتەوە یەکگرتوەکان هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، پارێزگاکانی ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کرماشان، کۆڵبەرانی کورد بەردەوام ڕووبەڕووی هێزێکی لە ڕادەبەدەر و کوشندەی بەرپرسانی سنووری ئێران بوونەتەوە. لە ساڵی 2019دا 84 کۆڵبەر کوژراون و 192 کۆڵبەری دیکەش برینداربوون. ئەم ڕەوتە تاکو ئێستا بەردەوامە و بەهۆی کردەوەی بەرپرسان و هیزەکانی سەر سنوورەوە لە ساڵی 2014وە تاکو ئێستا زیاتر لە هەزار کۆڵبەر کوژراون یان برینداربوون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە زۆرجار حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی کۆڵبەران لە دادگاکانی ئەو وڵاتەدا بێ سەپاندنی سزایەک بۆ تاوانبار و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و کەسوکاریان ڕەتکراوەتەوە.

پێشیلکارییەکان بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان:

• بەپـێی یاسای ئێران چالاکی و پەیوەندی سێکسی لە نێوان هاوڕەگەزەکاندا تاوانە و سزاکەشی بریتیە لە مردن، لێدان یان سزای کەمتر لەوانە. یاسا جیاکاری و نادادپەروەری لەسەر بنەمای سێکسواڵیتە و شوناسی جێندەری قەدەغە ناکات. لە مانگی شەشی ساڵی 2019دا وەزیری دەرەوەی ئێران بەرگری کرد لەسێدارەدانی هاوڕەگەزخوازەکان و کۆمەڵگەی (LGBTI) دوای ئەوەی لە ئەڵمانیا لە لایەن ڕۆژنامەوانێک پرسیار لە وەزیری دەرەوەی ئیران کرا کە بۆچی ئەو وڵاتە «هاوڕەگەزخوازەکان» لەسێدارە دەدات، ، وەزیری دەرەوە ڕایگەیاند، "کۆمەڵگەی ئێمە بنەمای ئەخلاقی هەیە و ئێمەش بەپـێی ئەم بنەمایانە دەژین و ئەمانە پرەنسیپی ئەخلاقی گشتی خەڵکن و ئەمەش بەو مانەیە کە یاسا رێزی لێگیراوە و دەبێت جێبەجێ بکرێت."

* مافی کرێکاران:

• دەستوور و یاساکانی ئێران مافی سەندیکاکانی دیاری نەکردووە. لە هەموو سێکتەرەکاندا مانگرتن نایاساییە، هەرچەندە کارمەندانی کەرتی تایبەت دەتوانن خوپیشاندانی "ئاشتیخوازانە" لە ناو شوێنی کارەکەیاندا بکەن. ڕاپۆرتکراوە کە دەسەڵاتداران ڕێزیان لە ئازادی کۆبوونەوەکان نەگرتوە و بە توندی سنوورداریان کردووە و هەروەها بەریان بە هەوڵی کرێکارن گرتووە بۆ ڕێکخستنی خۆیان. بۆ نمونە یوسف بەهمەنی و حەمید مۆبینی و مەسعود حەیدری و ئیبراهیم عەباسی کرێکارانی هەفت تەپە بوون کە لە مانگی دەدا بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی دەستگیرکراون و بەبێ بوونی پارێزەر خراونەتە بەر لێپرسینەوە.