تەیمور ئەلیاسی تێڕوانینی خۆی بۆ ڕاپـۆرتی ساڵانەی ئەمەریکا لەسەر ئێران دەخاتە ڕوو

کوشتن و دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و سەرکوتکردنی خوپیشاندەران و نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین و دۆخی خراپی کەمایەتییەکان و توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان تەنیا بەشێکن لەو پێشێلکاریانەی باسکراون لە ڕاپـۆرتی ئەمساڵی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی 2020 لە ئێراندا.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە دادگای شۆڕشی ئیسلامی بەردەوامە لە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە لە کاتێکدا تۆمەتباران مافی پـرۆسەی دادگاییکردنێکی دادپەروەرەیان نییە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتەکەدا دەشڵێت دادگاکان ڕێگری لە تۆمەتباران دەکەن دەستیان بە پارێزەر بگات و لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا سزاکان لەسەر بنەمای دانپێدانان لە ژێر ئەشکەنجەی زۆرەملێدا دەردەکرێن بۆ تۆمەتباران.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی نەک تەنیا پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دژی خەڵکی خۆیان دەکەن، بەڵکو لە دژی خەڵکی سوریا لە ڕێگەی پاڵپشتی سەربازی بۆ هێزەکانی بەشار ئەسەد و حیزبوڵا ، لە عێراق لە ڕێگەی گروپە میلیشیاکانەوە و لە یەمەن لە ڕێگەی حوسیەکانەوە و لەو وڵاتانەش پێشێلکاریی مرۆیی دەکەن دژی خەڵکی ئەو وڵاتانەش.

سەبارەت بە پێشێلکاری مافی کەمایەتییەکان باس لەو توندوتیژیانە دەکات کە ڕووبەڕووی هەموو کەمایەتییەکان دەبێتەوە. بۆ نمونە لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێت کوردەکان وەک هەشت ملیون خەڵکی ئەو وڵاتە بە هۆی چالاکی بۆ مافی ئۆتۆنۆمی یان خۆبەڕێوبەری بەبەردەوامی لەلایەن حکومەتەوە دەچەوسێنەوە و زیاتر لە زیندانییەکانی تریش ڕووبەڕووی گوشار و ئەشکەنجە دەبنەوە.

جیاوازی ڕاپۆرتەکەی ئەمساڵ لەگەڵ ڕاپۆرتی ساڵانی پێشوو لە چیدایە؟

ڕاپۆرتەکە ئەمساڵ زیاتر و وردتر باسی کوردەکانی وەک کەمایەتییەکی نەتەوەیی کردووە کە لەلایەن حکومەتەوە مافەکانیان پێشێلدەکرێت، ئایا ئەمە ئاسۆی هیوایەک دەبێت بۆ کوردەکان لەو وڵاتەدا؟

لەو بەشەی ڕاپۆرتەکە کە دەڵێت نزیکەی هەشت ملیون کورد کە دوای مافی ئۆتۆنۆمی یان مافی خۆبەڕێوبەری دەکەن و حکومەتیش بەم هۆیەوە سەرکوتیان دەکات، ئایا ئەم ئاماژەیە بە مافی خۆبەڕێوبەری جۆرێکە لە دانپێدانانی ئەمەریکا وەک مافێکی ڕەوا بۆ کوردەکان لە ئێران کە پێشێل دەکرێت؟

ئێران لەم ڕۆژانەدا خەریکی دانوستانە لەگەڵ ئەمەریکا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوەکییەی ئێران. ئەم ڕاپۆرتەی وەزارەتی دەرەوە لەسەر پێشێلکارییە مرۆییەکان، دەتوانێت لە پاڵ پرسی چەکی ئەتۆمییدا ببێتە پرسێکی گرنگ بۆ ئەوەی لە ڕێگایەوە فشار بخەنە سەر ئێران؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە بەفراو نووری لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لە واشنتن لەگەڵ تەیمور ئەلیاسی نوێنەری کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە ژنێڤەوە گفتوگۆی کردووە.

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ تەیمور ئەلیاسی