مادده‌ ژه‌هراوی عه‌مباره‌که‌ی هه‌نگاریا گه‌یشـته‌ ناو ڕووباری دانوب‌

کارمه‌ندانی فریاکه‌وتنی هه‌نگاری سه‌رقاڵی پاککردنه‌وه‌ی ناوچه‌یه‌کن له‌ گوندی کۆلۆنتار که‌ به‌ مادده‌ی ئه‌لکالین ژه‌هراوی بووه‌، پـێـنجشه‌ممه‌ 7 ی ده‌ی 2010

ئه‌و پاشـماوه‌ ژه‌هراویـیه‌ی که‌ له‌ عه‌مبارێـکی مه‌زنی ڕۆژئاوای هه‌نگاریا ڕژابوو گه‌یشـتۆته‌ ڕووباری دانوب. شـاره‌زایان ده‌ڵێن وا خه‌ریکه‌ ماسی مردوو له‌ دووهه‌م ڕووباری گه‌وره‌ی ئه‌وروپادا ده‌رکه‌وێت.

ده‌سه‌ڵاتدارانی ژینگه‌یی یه‌کێتی ئه‌وروپا نیگه‌رانن که‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌و پاشـماوه‌ ژه‌هراویـیه‌ کاره‌سـاتێـکی ژینگه‌یی له‌ دانوبدا بقه‌ومێنێت و به‌ شه‌ش وڵاتی ئه‌وروپاشـدا بڵاوبـێته‌وه‌.

هاوکات ئه‌مڕۆ گوته‌بێژی ژینگه‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپا جۆهانۆن له‌ برۆکسله‌وه‌ ڕایگه‌یاند که‌وا هێشـتا به‌ ته‌واوه‌تی زیانی ئه‌و کاره‌سـاته‌ نه‌زانراوه‌.

هه‌ر ئه‌مڕۆ پـێـنجشه‌ممه‌ ده‌سه‌ڵاتداری به‌رپه‌رچی کاره‌سـات له‌ هه‌نگاریا تیبۆر دۆبسه‌ن ڕایگه‌یاند ڕاپـۆرتی مردنی ماسی دراون له‌ جێگه‌ی یه‌کگرتنی ڕووباره‌کانی دانوب و ڕابادا، گوتیشی نموونه‌ی ئه‌و ئاوانه‌ی وه‌رگیراون له‌ ئاسـتی پـتر له‌ 9% نیشـان ده‌ده‌ن له‌ مادده‌ی ئه‌لکالین له‌ ئاسـتی ئاسایی خۆی که‌ ده‌بێت له‌ نێوان 6 بۆ 8 بێت.

تیبۆر دۆبسه‌ن ڕاشیگه‌یاند سه‌رجه‌می ماسی و زینده‌وه‌ره‌کان له‌ شـوێنی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و پاشـماوه‌یه‌دا مردوون و کارمه‌ندانی فریاگوزاری خه‌ریکی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و کاره‌ن.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌نگاریا ڤێـکتۆر ئۆربان له‌ کاتی سه‌ردانی بۆ گوندی کاولبووی کۆلۆنتار گوتی ئه‌م لافاوه‌ پـێست سـووتێنه‌ره‌ خراپـترین کاره‌سـاتی لافاوه‌ له‌ مێژووی نوێی هه‌نگاریادا.