ناوەندی نیشتیمانی زریانەکانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە زریانی هێلین کە زۆر بە خێرایی دەڕوات درەنگانێکی ڕۆژی پێنجشەممە لە باکووری ڕۆژئاوای فلۆریدای داوە و گەیشتووەتە زریانی پلە 4، پێشبینی دەکرێت زریانەکە با و لافاوی وێرانکەر بە دوای خۆیدا بهێنێت.
ناوەندەکە وتی زریانی هێلین کاتژمێر 11:00 ی شەو بە کاتی ناوخۆ گەیشتووەتە کەناری ڕۆژئاوای فلۆریدا و بایەکی 225 کیلۆمەتری لە کاتژمێرێکدا لەگەڵدا بووە.
وتیشی زریانەکە " زۆر مەترسیدارە و دەکرێت مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکەکە دروست بکات." هەروەها داوای لە خەڵکەکە کرد هەتاوەکو زریانەکە تێپەڕ دەبێت لە پەناگەکاندا بمێننەوە.
فەرمانڕەوای ویلایەتی فلۆریدا ڕۆن دیسانتێس باری نائاسایی بۆ نزیکەی سەرجەم 67 شارۆچکەکەی فلۆریدا دەرکردووە، بە مەیامی دەیدیشەوە. هێزی پاسەوانی نیشتیمانی بڵاوکردووەتەوە و هەزاران سەربازی ئامادە کردووە بۆ ئەگەری ئەرکەکانی گەڕان و فریاکەوتن و چاککردنەوەی هێڵەکانی کارەبا.
کۆشکی سپیش وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدن ئاگاداری دۆخەکەیە و ئامادەیە بۆ دابینکردنی یارمەتی زیاتر بۆ فلۆریدا و ئەو ویلایەتانەی دیکەی ئەمەریکا کە لەسەر ڕێڕەوی زریانی هێلینن.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا