وڵاتانی ئەندام لە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەرزەنشتی شوێنەوارەکانی یۆرانیۆم دەکەن لە ئێران

دیبلۆماتکارانی کۆبوونەوە داخراوەکەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەڵەتی ڕایانگەیاند وڵاتانی ئەندام لە دەزگاکە بە کۆی دەنگ بڕیارێکیان پەسەند کرد کە تیایدا سەرکۆنەی ئێران دەکەن بەهۆی ئەوەی شکستی هێناوە ڕوونکردنەوە بدات لەسەر ئەو شوێنەوارانەی یۆرانیۆم کە لە سێ کارگەی ئێراندا دۆزراونەتەوە، کە پێشتر ئێران ئەو کارگانەی ئاشکرا نەکردووە.

دیبلۆماتکاران وتیان تەنها ڕووسیا و چین دژایەتی نوسراوەکەیان کردووە، هاوکات 30 ئەندامەکەی دیکەی دەزگاکە پەسەندییان کردووە.

لە نوسراوەکەدا هاتووە دەڵێت " دەستەی دەزگاکە نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت " سەبارەت بەوەی ئێران ڕوون کردنەوەی نەداوە لەسەر ئەو شوێنەوارانەی یۆرانیۆم کە دۆزراونەتەوە، کە ئەوەش بەهۆی ئەوەوە بووە ئێران بەشێوەیەکی چالاک و کاریگەر هاریکاریی لەگەڵ دەزگاکەدا ناکات، داواشی لە ئێران کرد گفتوگۆ لەگەڵ دەزگاکەدا بکات.

ئێران دەستیکردووە بە فراوانکردنی کارخانەکانی ژێرزەوی پیتاندنی یۆرانیۆم و ڕۆژی چوارشەممە وتی کامێراکانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لە کارخانەکاندا دەکوژێنێتەوە.

ئێران بڕیارەکەی ڕەت کردەوە و پێشوەختیش هۆشداریدابوو لەسەر تۆڵەسەندنەوە. چەند کاتژمێرێک بەر لە کۆبوونەوە داخراوەکەی دەستەی بەڕێوبەرایەتی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی، ئێران هەنگاوێکی ڕاگەیاند.

کەناڵی سەر بە دەوڵەتی ئێران وتی " تاوەکو ئێستا دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی نەک تەنها سوپاسگوزار نەبووە لەسەر هاریکارییە فراوانەکانی ئێران، بەڵکو وەکو ئەرکێک سەیری کردووە. لەمڕۆوە، بەرپرسانی پەیوەندیدار فەرمانیان دەرکردووە کامێرا چاودێرییەکانی چاودێریکردنی ئۆنلاینی پیتاندنی یۆرانیۆم بکوژێندرێنەوە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو کامێرایانەی کە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمەکە لە کاتی خۆیدا دەپێون.

بەڵام دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی زیاتر لە ساڵێکە دەستی نەگەیشتووە بەو داتایانەی کە کامێراکان کۆیان کردوونەتەوە. دەزگاکە هیوادارە بتوانێت دەستی بە داتاکان بگات کە ئێستا لەدەستی ئێراندان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز