داواکاری دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هەوڵی بە دەستهێنانی مۆڵەتی دەستگیرکردن دەدات بۆ نەتانیاهو و سەرکردەکانی حەماس

داواکاری باڵای دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ڕۆژی دووشەممە وتی هەوڵی بە دەستهێنانی مۆڵەتی دەستگیرکردن دەدات بۆ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو و وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت و سەرکردەی حەماس لە غەززە یەحیا سینوار و دوو سەرکردەی دیکەی حەماس کە پەیوەندییان بە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە هەیە.

داواکاری دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کەریم خان لە بەیاننامەیەکدا وتی هۆکاری گونجاوییان هەیە لەسەر ئەوەی باوەڕییان وابێت کە ئەو پێنج کەسە " بەرپرسن لە تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی."

وتی داوای مۆڵەتی دەستگیرکردنی کردووە بۆ وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت و سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهوش. ئەو دوو بەرپرسەی ئیسڕائیل سەرپەرشتی هێرشەکانی ئیسڕائیلییان کردووە بۆ سەر غەززە، ئەوەش دوای هێرشە کوشندەکەی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل.

خان داوای مۆڵەتی دەستگیرکردنیشی کردووە بۆ سەرکردەی حەماس یەحیا سینوار و محەمەد ئەلمەسری فەرماندەی باڵی سەربازیی حەماس و ئیسماعیل هەنییەی سەرکردەی سیاسیی حەماس.

کۆمەڵێک دادوەری پێش دادگاییکردن بڕیار دەدەن لەسەر ئەوەی ئایا ئەو بەڵگانەی لەبەردەستدان پشتگیری لە مۆڵەتەکانی دەستگیرکردن دەکەن یان نا. بەڵام دادگاکە هیچ ئامڕازێکی لەبەردەستدا نیە بۆ جێبەجێکردنی ئەو جۆرە دەستگیرکردنانە، لێکۆڵینەوەکانیش لەسەر غەززە لەلایەن ئەمەریکا و ئیسڕائیلەوە دژایەتی کراون.

سەرکردەکانی ئیسڕائیل و حەماس تۆمەتەکانی تاوانی جەنگییان ڕەت کردووەتەوە، نوێنەرانی هەردوولاش ڕەخنەیان لە بڕیارەکەی خان گرتووە.

نەتانیاهو وتی " ئەو جۆرە لێکچوواندنەی داواکارەکەی هاگ لە نێوان ئیسڕائیلی دیموکرات و بکوژەکانی حەماس ڕەت دەکەمەوە." وتی ئەو هەنگاوە " شێواندنی تەواویی واقیعە."

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی ئەو بڕیارە " بێزارەکەرە "، هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی ئەو بڕیارە دەکرێت گفتوگۆکان لەسەر ئاگربەست و گەڕانەوەی بارمتەکان بخاتە مەترسییەوە.

بەرپرسی باڵای حەماس سامی ئەبو زوهری وتی بڕیاری داواکەرەکە بۆ داواکردنی مۆڵەتی دەستگیرکردن بۆ سێ سەرکردەی حەماس " قوربانییەکە لەگەڵ بکوژەکەدا یەکسان دەکاتەوە." حەماس داوای کردووە داواکە بۆ مۆڵەتی دەستگیرکردنی سەرکردەکانی هەڵبوەشێندرێتەوە.

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە مانگی سێی ساڵی 2023 دا مۆڵەتی دەستگیرکردنی بۆ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەرکرد لەسەر ئەوەی گوایە تاوانی جەنگی لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا ئەنجام داوە، بەڵام هەنگاوەکەی ڕۆژی دووشەممە یەکەمین جارە خان هەوڵ بدات دەستوەربداتە ململانێکەی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.

خان وتی " ئیسڕائیل، هاوشێوەی هەموو وڵاتانی دیکە، مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە دانیشتوانەکەی خۆی بکات. ئەوە ڕاستە، بەڵام ئەو مافە ئیسڕائیل و هیچ وڵاتێکی دیکە لە پابەندبوون بە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانەوە بێبەری ناکات."

وتی ئەو تاوانانەی دژی مرۆڤایەتی کە گوایە لەلایەن ئیسڕائیلەوە ئەنجام دراون " بەشێک بوون لە هێرشێکی ڕێکخراویی بەرفراوان دژی دانیشتوانی سڤیلی فەلەستینی بەپێی سیاسەتی دەوڵەت."

وتی " بەپێی هەڵسەنگاندنی ئێمە، ئەم تاوانانە تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوامن."

دادوەری باڵا کەریم خان لە بەیاننامەیەکدا وتی ئۆفیسەکەی باوەڕی وایە کە نەتانیاهو و گالانت " بەرپرسن " لە تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، لەوانەش برسیکردنی هاووڵاتییانی سڤیل وەکو شێوازێکی شەڕ و فەرمانکردن بە هێرشەکان بۆ سەر هاوووڵاتیانی سڤیل بە مەبەست.

خان لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئۆفیسەکەم پێی وایە ئەم کارانە لە چوارچێوەی پلانێکی باودا بوون بۆ بەکارهێنانی برسێتیکردن وەکو شێوازێکی جەنگ و کارە توندوتیژییەکانی دیکە دژی دانیشتوانی سڤیلی غەززە وەکو ئامڕازێک بۆ لە ناوبردنی حەماس، هەروەها بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بارمتانەی کە ئیسڕائیل ڕفاندوونی، هەروەها بۆ سزادانی بە کۆمەڵی دانیشتوانی سڤیلی غەززە، کە وەکو هەڕەشەیەک بۆ ئیسڕائیل سەیر دەکرێن."

خان وتی ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی بەرپرسانی حەماس کراونەتەوە بریتین لە تۆمەتەکانی کوشتن و بردنی بارمتەکان وەکو تاوانێکی جەنگ و دەستدرێژیکردنی سێکسی و توندوتیژییە سێکسییەکانی دیکە و ئەشکەنجەدانیش.

وەزیری کابینەی جەنگی ئیسرائیل بێنی گانتز وتی " لەیەکچوواندن لەنێوان سەرکردەکانی وڵاتێکی دیموکراسی کە سوورە لەسەر بەرگریکردن لە خۆی لەگەڵ تیرۆری قێزەونی سەرکردەکانی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی تینو بە خوێن (حەماس) ، شێواندنێکی قووڵی دادپەروەری و ئیفلاسییەکی ئاشکرایە لە ئەخلاقدا."

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل 1200 کەسییان کوشتووە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. هەروەها نزیکەی 250 کەسیشییان بە بارمتە گرت، ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا هەڵمەتێکی سەربازیی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و ڕایگەیاند ئامانج لێی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماسە لە غەززەدا.

بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 35,000 فەلەستینی کوژراون، دەشڵێن زۆربەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز