دوای فەرمانەکەی دادگای جیهان، فەلەستینییەکان خوازیاری کردەوەی کردارییان نەک تەنها قسە

دادگای دادی نێونەتەوەیی کە بە دادگای جیهان ناسراوە، ڕۆژی هەینی بەپەلە فەرمانی بە ئیسڕائیل کرد هێرشە سەربازییەکەی بۆ سەر ڕەفەحی باشووری غەززە ڕابگرێت، فەلەستینییەکانیش دەڵێن هەنگاوی کردارییان دەوێت نەک تەنها قسەکردن.

سەلوە ئەلمەسری کە بەهۆی جەنگەکەی ناو غەززەوە ئاوارە بووە، لە کاتێکدا کە لە دەرەوەی خێمەیەک لە دەیرولبەلەح چێشتی لێدەنا، وتی " کۆمەڵکوژییەکان تا دێت زیاتر دەبن."

وتی " نابێت شتێک بڵێن و کردارەکەشییان شتێکی جیاواز بێت. دەمانەوێت ئەم بڕیارانە لە ڕاستیدا جێبەجێ بکرێن."

دادگای دادی نێونەتەوەیی هیچ ئامڕازێکی لەبەردەستدا نیە بۆ سەپاندنی فەرمانەکانی، وەزیرێکی کابینەی جەنگی ئیسڕائیل بێنی گانتز وتی ئیسڕائیل بەردەوام دەبێت لە جەنگە " دادپەروەر و پێویستەکەی " دژی گروپی چەکداریی حەماس و گەڕاندنەوەی بارمتەکان و دڵنیایبوونەوە لە ئاسایش.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل 1200 کەسییان کوشتووە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. هەروەها نزیکەی 250 کەسیشییان بە بارمتە گرت، ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا هەڵمەتێکی سەربازیی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و ڕایگەیاند ئامانج لێی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماسە لە غەززەدا.

بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 35,000 فەلەستینی کوژراون، دەشڵێن زۆربەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون.

فەرمانەکەی دادگای دادی نێونەتەوەیی لەسەر دۆسییەیەک بوو کە ئەفریکای باشوور پێشکەشی دادگاکەی کردبوو، ئەفریکای باشوور لە دۆسییەکەدا ئیسڕائیل تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ. ئیسڕائیلیش ئەو تۆمەتەی ڕەت کردووەتەوە و دەڵێت بۆ بەرگریکردن لە خۆی و شەڕکردن دژی حەماس کاردەکات.

شەعبان عەبدل ڕەئوف کە چوار جار لە غەززە ئاوارە بووە، دەڵێت " ئیسڕائیل گرنگی بە جیهان نادات، وەکو ئەوە ڕەفتار دەکات کە لەسەروو یاساوە بێت چونکە بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا پاراستوویەتی لە سزا وەرگرتن."

وتی " جیهان هێشتا ئامادە نیە بۆ ڕاگرتنی کوشتنمان لەسەر دەستی ئیسڕائیلییەکان."

پارێزەرانی ئەفریکای باشوور هەفتەی ڕابردوو داوایان لە دادگای دادی نێودەوڵەتی کرد ڕێوشوێنی بەپەلە بسەپێنێت، وتییان هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر ڕەفەح دەبێت بوەستێندرێن تاوەکو دڵنیا ببنەوە لە ڕزگاربوونی گەلی فەلەستینی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز