ئیدریس ئه‌حمه‌دی ده‌ڵێت له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سوریادا به‌رژه‌وه‌ندی عێراق و ئێران هاوته‌ریبن

وڵاتە یەکگرتووەکان خواستاری ئه‌وه‌یه‌ عێراق ڕێگا لە ئێران بگرێت کە ئاسمانی عێراق بەکار نەهێنێت بۆ ڕەوانە کردنی چەک بۆ سوریا. هه‌روه‌ها کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێن پشتیوانی ئێران بۆ حکومەتی سوریا شان به‌شانی یارمەتی ڕوسیا یەک لە هۆکارە هەرە مەزنەکانە کەوا سەرۆک ئەسەد توانیویەتی خۆی ڕابگرێت له‌ ماوه‌ی ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی سوریا که‌ زیاتر له‌ ساڵێکه‌ به‌رپابووه‌.

ئیدریس ئه‌حمه‌دی لێکۆڵه‌ر و شاره‌زای کاروباری سیاسی ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بنکه‌ له‌ سوێد له‌ وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا سه‌باره‌ت به‌ داواکه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق که‌وا‌ لێنه‌گه‌رێت ئێران ڕێگای ئاسمانی وڵاته‌که‌ی به‌کاربهێنێت بۆ هه‌نارده‌کردنی زانیاری له‌شکری و چه‌ک بۆ ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ سوریا، ده‌ڵێت ئه‌وه‌ زورتر په‌یامێکه‌ بۆ نوری مالیکی که‌ ئه‌گه‌ر یارمه‌تی ئه‌مه‌ریکا نه‌کات ئه‌وا ئه‌مه‌ریکا په‌یوه‌ندییه‌کانی خۆی له‌ گه‌ڵ عێراق ده‌گۆڕێت. ده‌ڵێت به‌ڵام ڕاستی مه‌سه‌له‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ پاش ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مه‌ریکا هێزه‌کانی خۆی له‌ عێراق کێشاوه‌ته‌وه‌ عێراق بۆ خۆی توانایی ئه‌وه‌ی نییه‌ که‌ ئاسمانی خۆی کۆنتڕۆل بکات. به‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندی له‌ گه‌ڵ سوریادا به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی عێراق و ئێران جووتن. ده‌شڵێت بۆیه‌ هه‌رچه‌نده‌ که‌ ئه‌مه‌ریکا باره‌زایه‌تی ده‌رببرێت یارمه‌تی عێراق به‌ ئێران له‌م ڕووه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

ئیدریس ئه‌حمه‌دی هه‌روه‌هاش ده‌ڵێت له‌ ڕاستیدا حکومه‌تی نوری مالیکی که‌ هه‌رچه‌نده‌ که‌ نکۆلیشی لێ ده‌کات به‌ڵام حکومه‌تێکی تایفییه‌ و نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ی که‌ ئه‌گه‌ر شۆڕش له‌ سوریا سه‌ربکه‌وێت ئه‌وا ئیخوان موسلمین و سوننه‌کان که‌ له‌ سوریا زۆرینه‌ن ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ ده‌سته‌وه‌ و ئه‌مه‌ ده‌توانێت هاوسونگی هێز له‌ ناوچه‌که‌دا بگۆڕێت و ده‌توانێت ببێت به‌پاڵ پشتێک بۆ سووننه‌کانی نێو خۆی عێراق و ده‌توانێت ململانێ و کێشه‌کانی تایفی که‌ له‌ عێراق هه‌یه‌ بته‌وبکات.

‌ ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی گفتوگۆکه‌‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ، ماوه‌كه‌ی 7:32 خوله‌كه‌.