بەرپرسێکی حکومەتی ناوخۆ بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت لە ماوەی فیستیڤاڵێکی هیندۆسەکاندا لە ڕۆژهەڵاتی هیندستان لانیکەم 46 کەس خنکاون، 37 منداڵیشیان تێدا بووە.
بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتی کارەساتەکانی ویلایەتی بیهار بە فرانس پرێسی وت قوربانییەکان لە ڕووداوی جیادا خنکاون لە ویلایەتی بیهار لە کاتێکدا کە لەو ڕووبار و دەریاچانەدا خۆیان شتووە کە بەهۆی لافاوەکەی ئەمدواییەوە ئاستی ئاوەکە تێیاندا بەرز بووەتەوە.
بەرپرسەکە وتی " خەڵکەکە ئاگادارییەکانییان لەسەر مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکانی ڕووبار و دەریاچەکان پشتگوێ خست و وەکو ئاهەنگگێڕانێک بە بۆنەی فیستیڤاڵەکەوە خۆیان لەو ڕووبار و دەریاچانەدا شتووە."
خنکانەکان لە ڕۆژی سێشەممەوە ڕوویاندا لە سەرانسەری 15 ناوچەی ویلایەتی بیهاردا، کاتێک باوەڕداران یادی فیستیڤاڵی جیتیا پارڤ هیندۆسیان کردەوە، یادەکە لەلایەن دایکانەوە یاد دەکرێتەوە بۆ باشی منداڵەکانییان.
بەرپرسەکە وتی حکومەتی ویلایەتی بیهار ڕایگەیاندووە قەرەبووی سەرجەم خێزانی قوربانییەکان دەکاتەوە.
ساڵی ڕابردوو میدیا ناوخۆییەکان ئاماژەیان بەوەدا 22 کەس لە ماوەی 24 کاتژمێردا لە بیهار خنکاون، زۆربەیان لە ماوەی یادکردنەوەی ئەو بۆنەیەدا بووە.
ڕووداوە کوشندەکان لە ماوەی فیستیڤاڵە ئاینییەکاندا لە هیندستان لە شوێنەکانی پەرستن باون، گەورەترین بۆنەی ئاینی لە هیندستان کۆچی ملیۆنان باوەڕدارە بۆ شوێنە پیرۆزەکان.
لە مانگی حەوتدا لانیکەم 116 کەس لە گردبوونەوەیەکی هیندۆسەکاندا لە ویلایەتی ئوتار پرادیش بەهۆی پاڵەپەستۆ و قەرەباڵغییەوە گیانییان لە دەستدا.
هەروەها هیندستان لە ماوەی مانگەکانی شەش و نۆدا بارانێکی زۆری تێدا دەبارێت و لافاو لەو ماوەیەدا دروست دەبێت.
وەرزی باران بارین لە هیندستان زۆر گرنگە بۆ کشتوکاڵ و بژێوی ژیانی ملیۆنان جووتیار. بەڵام ساڵانە دەبێتە هۆی وێرانکارییەکی بەرفراوان و دروستبوونی هەرەسهێنانی زەوی و لافاو کە دەبنە هۆی کوژرانی سەدان کەس لە باشووری ئاسیادا.
لە مانگی حەوتدا زیاتر لە 200 کەس لە ویلایەتی کیرالای باشووری هیندستان بەهۆی باران بارینی بەخوور و هەرەسهێنانی زەوییەکەوە گیانییان لە دەستدا.
سەرچاوە/ فرانس پرێس