بەهۆی پاڵەپەستۆوە لە گردبوونەوەیەکی ئایینیدا لە هیندستان لانیکەم 27 کەس گیانییان لە دەستداوە

کارمەندانی تەندروستی حکومەت ڕۆژی سێشەممە وتییان بەهۆی پاڵەپەستۆوە لە گردبوونەوەیەکی ئایینی هیندودا لە باکووری هیندستان لانیکەم 27 کەس گیانییان لە دەستداوە، زۆرێکی دیکەش بریندار بوون و ترس هەیە ژمارەی گیان لە دەستدانەکان زیاتر ببێت.

ڕووداوە کوشندەکان لە پەرستگاکاندا لە ماوەی بۆنە ئایینیەکاندا لە هیندستان شتێکی باون، گەورەترین بۆنەیان ملیۆنان کەس ناچار دەکات کۆچ بکەن بۆ شوێنە پیرۆزەکان.

ڕۆژی سێشەممە ژمارەیەکی زۆر لە نزیک شاری هاثراس گردبوونەوە، ئەوەش بە مەبەستی ئامادەبوونییان لە مەراسیمێکی بانگخوازێکی ئایینیدا.

ئەفسەری باڵای تەندروستی ویلایەتی ئوتار پرادیش، ڕام موهان تیواری بە فرانس پرێسی وت " تاوەکو ئێستا 27 لاشەمان بە دەست گەیشتووە."

وتیشی " زۆر قورسە بە دیاریکراوی بزانیت چەند کەس گیانییان لە دەستداوە چونکە لاشەکان هێشتا دەهێندرێن. نازانین چەند کەسیش بریندار بوون."

شایەتحاڵان و میدیا ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن لە کاتێکدا کە ئامادەبووان مەراسیمەکەیان جێهێشتووە خەڵکەکە بەسەر یەکتریدا ڕۆیشتوون و هەندێکییان گیانییان لە دەستداوە.

ژنێک بە ناوی شاوکونتالا بە دەزگای هەواڵی پرێس ترەستی هیندستانی وت " کاتێک مەراسیمەکە تەواو بوو، هەمووان دەستییان کرد بە ڕاکردن."

وتی " خەڵکەکە بەهۆی مەنهۆڵەکانی سەر شەقامەکەوە دەکەوتن، یەک لە دوای یەک بەسەر یەکتریدا دەکەوتن و بەوەش گیانییان لە دەست دەدا."

ئەفسەری باڵای تەندروستی ناوخۆ ئومێش کومار تریپاثی بە ڕۆژنامەنووسانی وت زۆربەی ئەوانەی گیانییان لە دەستداوە ژن بوون.

وتیشی " بریندارێکی زۆریش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە."

وەزیری باڵای ئوتار پرادیش یۆگی ئادیتیاناث " پرسە و سەرەخۆشی " ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانییەکان کرد.

ئۆفیسەکەی وتی " فەرمانی بە بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکەی کردووە دەستبەجێ بریندارەکان ببەن بۆ نەخۆشخانە و چارەسەری گونجاو وەربگرن و کارەکانی فریاگوزاری لە شوێنەکەدا خێرا بکەن."

وتیشی لێکۆڵینەوەش دەکرێت لەسەر هۆکاری ڕووداوەکە.

گردبوونەوە ئایینییەکان لە هیندستان تۆمارێکی خراپییان هەیە لە ڕووداوی کوشندەکاندا کە بەهۆی بەڕێوەبردنێکی خراپ و نەبوونی پارێزراوییەوە ڕوودەدەن.

لە ساڵی 2016 دا دوای ئەوەی تەقینەوەیەکی گەورە بەهۆی یارییە ئاگرینە قەدەغەکراوەکانەوە لە پەرستگایەک ڕوویدا، لانیکەم 112 کەس گیانییان لە دەستدا.

لە ساڵی 2013 دا 115 باوەڕداری دیکە لە پاڵەپەستۆیەکدا لەسەر پردێکی نزیک پەرستگایەک لە مادهیا پرادیش گیانییان لە دەستدا.

لە ساڵی 2008 دا بەهۆی پاڵەپەستۆیەکەوە لە پەرستگایەکی سەر گردێک لە شاری جۆدهپوری باکوور نزیکەی 224 کەس گیانییان لە دەستدا و زیاتر لە 400 کەسی دیکە بریندار بوون.

سەرچاوە/ فرانس پرێس