بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکەوە لە فارگۆنی شەمەندەفەرێکدا لە هیندستان 9 کەس گیانییان لە دەستدا

بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکەوە لە فارگۆنی شەمەندەفەرێکدا لە شاری مادورای هەرێمی تامیل نادوی باشووری هیندستان نۆ کەس گیانییان لە دەستداوە.

بەرپرسێکی شاری مادورای وتی کەوتنەوەی ئاگرەکە دوای ئەوە بووە سلندەرێکی گاز کە لەلایەن هەندێک لە سەرنشینەکانەوە بۆ ئامادەکردنی چا لەسەر سۆبەیەک بەکارهاتووە تەقاوەتەوە.

بەرپرسەکە بە دەزگای هەواڵی ئانی وت زیاتر لە 50 سەرنشین لەو فارگۆنەی شەمەندەفەرەکەدا بوون کە ئاگرەکەی تێدا کەوتووەتەوە، فارگۆنەکە لە شەمەندەفەرەکەی جیاکرابۆوە و لە وێستگەکەدا بووە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆ دەڵێن ئاگرەکە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بەردەوام بووە پێش ئەوەی لەلایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت، وتیشیان 20 کەسی دیکە لە ڕووداوەکەدا بریندار بوون.

ڕووداوەکە دوای ئەوە دێت لە مانگی شەشدا بەهۆی پێکدادانی سێ شەمەندەفەرەوە لە ویلایەتی ئۆریسای ڕۆژهەڵاتی هیندستان زیاتر لە 250 کەس گیانییان لە دەستدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز