په‌رله‌مانتار عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز: ده‌ستێک هه‌یه ده‌یه‌وێت هێزه‌ سیاسیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ناکۆک بن

  • Ahmad Barzani

په‌رله‌مانتار عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز.

سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کگرتووی ئیسلامی له په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان ده‌ڵێت "ده‌ستێک هه‌یه ئه‌یه‌وێت وه‌زعی هه‌رێمی کوردستان تێک بدات و ئه‌یه‌وێت هێزه سیاسیه‌کان ناکۆک بن."

په‌رله‌مانتار عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز هه‌روه‌ها ده‌ڵێت ئاڵۆزی له‌نێوان هێزه کوردستانیه‌کان "له به‌رژه‌وه‌ندی که‌س نیه جگه له نه‌یاران و ناحه‌زانی هه‌رێمی کوردستان نه‌بێت."

ناوبراو گوتیشی " له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که ئێمه سته‌ملێکراوین، هیواخوازین که ئاڵۆزیه‌کان له‌م ئاسته‌دا بوه‌ستن به‌ڵام به‌‌و مه‌رجه‌ی که براده‌رانی پارتی به‌خۆیاندا بچنه‌وه."

په‌رله‌مانتار عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز هه‌روه‌ها گوتی ئێمه شه‌ڕمان نیه له‌گه‌ڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و چاوه‌ڕێی ده‌ستپێشخه‌ری پارتین "بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوێک بنێن بۆ گفتوگۆ بێت، بۆ ئیعتیزار بێت، بۆ چاره‌سه‌ر بێت وه‌یا بۆ سنوردارکردنی کێشه‌که بێت."

شایانی باسه، رۆژی هه‌ینی رابردوو هێرشکرایه سه‌ر بازاره‌کانی مه‌یفرۆشتن، شوێنی ماساج و چه‌ند شوێنێکی تری گه‌شتیاری و دواتر باره‌گای یه‌کگرتووی ئیسلامی له پارێزگای دهۆک سوتێنرا.

بۆ بیستنی ده‌قی گفتوگۆی هاوکارمان ئه‌حمه‌د بارزانی له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتار عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز، فایلی ده‌نگی لای چه‌پی ئه‌م ڕوپه‌له کیلک بکه.