لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری حیزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت"دۆخی عێراق و ناوچەکە ئاڵۆزە، عێراق سهرهوهری لەدەستداوە و ئێراق و ئەمەریکا لەسەر خاکەکەی ململانێیانە."
دەشڵێت،"مامەڵەی کورد تا ئێستا لەگەڵ دۆخی عێراق دا باشبووە، کورد نایەوێت ببێتە بەشێک لەکێشە مەزهەبی و تایەفیەکانی عێراق؛ پێویستە ئەمەریکا وئێران و لایەنەکانیش موراعاتی کورد بکەن، چونکە کورد تەنها لایەنە لە شایی و شیوەندا سەربڕدراوە، لەشەڕی عێراق و داعشیشدا هەر لێی کوژراوە."
محەمەدی حاجی مەحمود یەکێکبوو لەو سیاسیانەی پشتگیری ریفراندۆمی هەرێمی کوردستانی لە ساڵی 2017 کرد، لەکاتێکدا هەفتەی رابردوو سیناتۆرێکی ئەمەریکی پشتگیری بۆ سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیاند.
لەمبارەیەوە محەمەدی حاجی مەحمود وتی"بەرپرسانی ئەمەریکا تا لە پۆستدا نین، پشتگیری سەربەخۆیی کورد دەکەن، کەچوونە پۆستەوە بێ دەنگن. ئێمە ڕێزی ڕای سیناتۆرەکە دەگرین، بەڵام بۆ پێشتر پشتگیرمان نەبوو، بۆیە ئەمەریکیەکان دەبێت لەگەڵ مەسەلەی کورددا واقیعی بن نەک عاتفی."
دوای بە ئامانج کردنی قاسمی سولەیمانی فەرماندەی هێزی قودس لەلایەن ئەمەریکاییەکانەوە، سکرتێری حیزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان، فەرماندەی هێزی قودسی بەقوربانی ناوبرد، لێرەدا مەبەستەکەی روونتردەکاتەوە، دەڵێت"حوکمڕانی لەعێراقدا ناعەدالەتی تیایە، ئەم ناعەدالەتیەش عێراقی خستەگێژاوەوە، خەڵک هاتە سەر جادە، حەشد تەداخولی کرد و ئەمەریکا لێیدا، قاسمی سولەیمانی هات بۆ چارەسەری کێشەکە و بووە قوربانی خراپ کارکردنی عێراقیەکان، گەر خراپ حوکمڕانی عێراق نەبێت، سولەیمانی بۆ دێ؟."
سەبارەت بە مامەڵەی قاسمی سولەیمانی لەگەڵ بەرپرسانی حیزب و لایەنە کوردیەکاندا، محەمەدی حاجی مەحمود گوتی، "بەتەنها و بەکۆمەڵیش قاسمی سولەیمانیم بینیووە، پیاوێکی هێمن و لەسەرخۆبوو، شتی فەرز نەدەکرد و گوێی دەگرت، هەڕەشەم لێ نەبیستووە."
لەبەشێکی تری قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، باسی هەڵوێستی قاسمی سولەیمانی لەهەمبەر ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان کرد، وتی"سولەیمانی دژی ریفراندۆم بوو لەکەرکوک، پێیوتین: 'ئهگەر ریفراندۆم لەکەرکوک نەکەن، تا حەمرینتان ڕادەست دەکەین. تەنانەت گوتی: داوام لە شێخ جەعفەر کردووە هێز بێنن بۆ حەمرین، بەڵام شێخ جەعفەر وتویەتی: ئێستا بۆمان ناکرێت."
هەروەها وتیشی"خۆم گوێم لێبوو، قاسم سولەیمانی گوتی: ریفراندۆم نەکەن، تا حەمرینتان رادەست دەکەین."
لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، محەمەدی حاجی مەحمود روونیکردەوە قاسمی سولەیمانی، عێراق و وڵاتانی یەمەن و سوریا و لوبنانی بەیەکتریەوە بەستبوویەوە، بەڵام دوای ئەو ئەو یەکخستنەوەیە نامێنێت، گوتی،"نێوان ئێران و ئەمەریکاش بەرەو هێوربوونەوە و رێککەوتن دەڕوات."
Your browser doesn’t support HTML5