کاندیدکردنه‌وه‌ی محه‌مه‌د سه‌دیق که‌بوودوه‌ند بۆ خه‌لاتی نۆبێل بۆ ئاشتی

خۆپێشاندان له‌ نوڕوێژ بۆ دژی له‌ سێداره‌دان و پشتیوانی له‌ کاندیدای که‌بوودوه‌ند بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نوبێل بۆ ئاشتی ساڵی 2013

محه‌مه‌د سه‌دیق که‌بوود وه‌ند بۆ جاری سێهه‌م له‌ وڵاتی نۆڕوێژ کاندیدای خه‌ڵاتی نوبێل بۆ ئاشتی کراوه‌.
محه‌مه‌د سه‌دیق که‌بوودوه‌ند به‌رپرسی به‌ندکراوی ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤی کوردستان، بۆ جاری سێهه‌م به‌ هاوکاری نوێنه‌رانی حیزبی سوسیالیسته‌وه‌ کاندیدای خه‌لاتی ئاشتی نوبێل کراوه‌.

له‌ وتووێژیکی له‌ گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا دا کاک که‌ریمی ئه‌للا وه‌یسی خه‌باتکارێکی دێرین و له‌ کۆمیته‌ی کار بۆ کاندید کردنی که‌بوودوه‌ند بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌ ده‌ڵیت " ئه‌ومه‌سه‌له‌ی کاندید کردنه‌ ده‌گه‌ریته‌وه‌ بۆ دوستایه‌تی حیزبی سوسیالیستی چه‌پی نۆڕێژه‌وه‌ که‌ له‌ ساڵی 1991 وه‌ دوستی کورده‌؛ راستی یه‌که‌ی ئه‌مه‌ هه‌شت ساڵێکه‌ ئه‌و دۆستایه‌تی یه‌ی ئه‌م حیزبه‌ ده‌گه‌ڵ کورد چڕ و پڕتر بۆته‌وه‌. به‌شێک له‌ کورده‌کان له‌ نۆڕوێژ زۆر کات هاوکاری باشی ئه‌و حیزبه‌مان کورده‌ و به‌ حه‌قیقه‌ت ئه‌م حیزبه‌ هه‌م له‌ به‌رنامه‌که‌ی دا و هه‌م به‌ کرده‌وه‌ دا ئاماده‌گی بۆ هه‌موو شتێک ده‌ربڕیوه‌."

به‌ڕێز ئه‌للا وه‌یسی که‌ خۆی له‌ حیزبی ناوبراو دا به‌رپرسایه‌تی هه‌یه‌، وێرای ڕێز لێنان له‌ کارگێران و به‌رپرسانی ئه‌و حێزبه‌، له‌ هه‌مان کاتدا جه‌خت ده‌کاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ که‌ پیویسته‌ کورده‌کان به‌ تایبه‌ت له‌ وڵاتانی ئورووپایی له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئه‌و خه‌ڵاته‌ دا پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ ئه‌ندامانی پاڕلمانی وڵاتی خۆیان بگرن. هه‌ڵبه‌ت ناوبراو ڕێز له‌ که‌مپێنی ساڵی پاره‌که‌ی هه‌موو لایه‌نه‌کان و به‌ تایبه‌ت خانمان ده‌گرێت که‌ بۆ کاندید کردنی به‌ڕێز که‌بوودوه‌ند هه‌وڵێکی زۆریان دا.

محه‌مه‌د سه‌دیق که‌بوودوه‌ند، سه‌رنووسه‌ری حه‌وتوونامه‌ی "پیام مردم" واتا په‌یامی خه‌ڵک و دامه‌زرێنه‌ری ڕێکخراوی مافه‌کانی مرۆڤی کوردستان، مانگی پووشپه‌ڕی ساڵی 1386ی هه‌تاوی ده‌ستبه‌سه‌ر کرا و دوای ماوه‌یه‌ک له‌ به‌ندیخانه‌، له‌ لایه‌ن ده‌زگای دادوه‌ری کۆماری ئیسلامی 11 ساڵ به‌ندی به‌ سه‌ردا سه‌پێندرا.

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ له‌ گه‌ڵ کاک که‌ریم ئه‌للا وه‌یسی