سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران دەگۆردرێت لەم دەمەی بەهای دراوی ئێران لە دابەزیندایە

ولی الله سەیف، سەرۆکی پـێشووی بانکی ناوەندی ئێران.

میدیا فەرمیـیەکانی ئێران بڵاویانکردەوە حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێرانی گۆڕیوە لەم دەمەی بەهای دراوی وڵاتەکەی گەیشتۆتە ئاستی هەرە نزمی.

ئاژانسی ئێرنا دەڵێت بەڕێوبەرایەتی ڕوحانی عەبدولناسر هیمەتی بە سەرۆکی بانکی ناوەندی دەستنیشانکرد لە بری ولی الله سەیف کە لەوەتای ساڵی 2013 وە لەو پـۆستەدا بوو.

سەیف لەلایەن بەڕێوبەرایەتی سەرۆک ترامپ لە مانگی پێنجدا بە تێرۆریست لە قەڵەمدراوە بەهۆی گوایە گواستنەوەی بە ملیۆنەها دۆلار بۆ گرۆپی حیزبۆڵای لوبنان کە ئیران پشتیوانیان دەکات، و هەروەها ناوی لەسەر لیستی سزاکانی ئەمەریکاش هاتووە.

لەو کاتەدا وڵاتە یەکگرتۆکانی ئەمەریکا هەروەها سزای تری بەسەر سەیف سەپاند واتە هەر کەسێکی کارداری لەگەڵ خودی سەیف خۆی بکات ئەوا دەستی بە سیستەمی دارایی ئەمەریکا ناگات.

هیمەتی ، تەمەنی 61 ساڵە و بەرپرسی کۆمپانیای ناوەندی بیمەی ئێران بوو و پێشتریش لە کەرتی بانکدا کاریکردووە.

جێی باسە لەم ساڵانەی دواییدا بەهای ڕیاڵی ئێرانی بە شێوەیەکی بەرچاو نزمبۆتەوە هەرچەندێکە لە مانگەکانی دواییدا زۆر بەخێرا بەهاکەی ڕووە و کەمبوونەوە ڕۆیشتووە دوابەدوای بڕیاری ئەمەریکا بە کشانەوە لە پەیماننامە ناوکێکەی لەگەڵ ئێران لە مانگی پێنچدا و راگەیاندنی بۆ زیاکردنی سزاکانی بۆ سەر ئێران.

ڕەخنەگران هەروەها دابەزینی بەهای ڕیاڵی ئێرانیان خستۆتە ئۆباڵی ڕیبازەکانی سەیفەوە.

شایەنی باسە یەک دۆلاری ئەمریکی دەکاتە 43 هەزار و 776 ڕیالی ئێرانی بەراورد بە 35 هەزار و 186 لەمانگی یەکدا. ئاژانسی ئێرنا هەروەها گوتی بانکی ناوەندی ئێران لە ڕۆژی چوارشەممەوە کارئاسانی بۆ گواستنەوەی دراوی بیانی بۆ وڵاتەکە کردووە.