بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە کانە خەڵوزێکی ئێران لانیکەم 33 کرێکار گیانییان لە دەستدا

ڕۆژی یەکشەممە بەرپرسانی ئێران وتییان بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە کانە خەڵوزێکی ڕۆژهەڵاتی ئێران لانیکەم 33 کەس گیانییان لە دەستداوە و 17 کەسی دیکە بریندار بوون، ئەمەش یەکێکە لە خراپترین کارەساتەکانی کانەکان لە مێژووی وڵاتەکەدا چونکە هەندێک لە کرێکارەکان دوای چەندین کاتژمێر لە تەقینەوەکە بێسەروشوێن بوون.

تەقینەوەکە شەوی شەممە لە کانە خەڵوزێک لە تاباس ڕوویداوە کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی تارانەوە بە دووری 540 کم.

لە کاتی تەقینەوەکەدا لانیکەم 70 کەس کارییان کردووە. کەناڵی تەلەفیزیۆنی دەوڵەت دواتر وتی باوەڕوایە 17 کەسیان لە قووڵایی 200 مەتردا لە ناو کانەکەدا گیرییان خواردبێت. بەڵام ژمارەکان ڕۆژی یەکشەممە بەردەوام دەگۆڕان و هەندێک دەڵێن ژمارەی گیان لە دەستدانەکان زیاترە.

بەرپرسان هۆکاری تەقینەوەکەیان گەڕاندووەتەوە بۆ دزەکردنی گازی میسان. ئەو جۆرە گازانە باون لە کانەکاندا.

سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیان کە ئامادەکاری دەکات بچێت بۆ نیویۆرک تاوەکو ئامادەی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت، وتی فەرمانیکردووە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ڕزگارکردنی ئەوانەی گیرییان خواردووە و یارمەتی خێزانەکانییان بدەن. وتیشی لێکۆڵینەوە دەکرێت لەوەی تەقینەوەکە چۆن ڕوویداوە.

وتی " قسەم لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستی و ئاسایشدا کردووە و فەرمانم پێکردوون کێشەی خێزانی قوربانییەکان و بریندارەکان بە خێرایی چارەسەر بکرێت. هەروەها داوام کردووە ڕێوشوێن بگیردرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە ڕوودانەوەی ئەم ڕووداوانە لە ڕێی باشکردنی ستانداردی کارکردنەوە لە کانەکانی وڵاتەکەدا."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا