پاسدارانی ئێران بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە هاووڵاتیانی ئێرانی بەڕیتانی دەستگیر دەکات

دەزگای هەواڵی ئێران دەڵێت سوپای پاسدارانی ئێران حەوت کەسییان دەستگیرکردووە کە پەیوەندییان بە بەڕیتانیاوە هەیە، هەندێکیشیان ڕەگەزنامەی ئێرانی و بەڕیتانیشیان هەیە، ئەوەش بەهۆی خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەتەوە کە وڵاتەکەی هەژاندووە.

دەزگاکە وتی " حەوت سەرکردەی سەرەکی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییانە کە پەیوەندییان بە بەڕیتانیاوە هەیە لەلایەن دەزگای هەواڵگری سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، لە نێویشیاندا هاووڵاتییان تێدایە کە دوو ڕەگەزنامەی هەیە و هەوڵیانداوە وڵاتەکە جێبهێڵن."

وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا وتی هەوڵ دەدات زانیاری زیاتری دەستبکەوێت لە بەرپرسانی ئێرانەوە سەبارەت بە هەواڵی دەستگیرکردنی هاووڵاتیانی بەڕیتانی ئێرانی لە ئێران.

هەواڵەکانی دەستگیرکردنی ئەو هاووڵاتییانە دوابەدوای خۆپیشاندانێک دێت کە لە مانگی نۆدا دوای مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا سەریانهەڵدا و سەرانسەری وڵاتەکەی گرتەوە.

سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگای ئێرانی بەشداری خۆپیشاندانەکانی ئێرانییان کردووە و داوای ڕووخانی ڕژێمی ئێران دەکەن.

حکومەتی ئێران بەرپرسیارێتی خۆپیشاندانەکانی خستووەتە سەر ئەستۆی ئەو خۆپیشاندەرانەی کە موڵکی گشتی تێکدەدەن و دەڵێت لەلایەن دوژمنەکانی ئێران وەکو ئەمەریکا و سعودیە و ئیسڕائیلەوە مەشقییان پێدراوە و چەکییان دراوەتێ.

سەرچاوە/ فرانس پرێس