فریشتە مازینانی هاوسەری مەهدی نەسیری، دەڵێت بەرپرسانی ئێرانی هاوسەرەکەیان دەستگیرکردووە کە چالاکوانێکی سیاسییە و ڕەخنەی لە سیستمی فەرمانڕەوایی کۆماری ئیسلامی گرتووە.
مازینانی وتی دەستگیرکردنی نەسیری هاوسەری دوای ئەوە بووە کە سەردانی گۆڕی شاعیری بە ناوبانگی فارسی فیردۆسییان کردووە لە شاری مەشهەدی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران.
مازینانی وتی نەسیری ڤیدیۆیەکی کرد و تێیدا باسی لە فیردۆسی و ڕۆڵە مەزنەکەی کرد لە زمانی فارسیدا. نەسیری باسی لەوەش کردووە کە بینای گۆڕەکەی فیردۆسی لە ساڵی 1934 دا لە سەردەمی ڕەزا شا پاهلاڤیدا دروست کراوە، لە ساڵی 1964 دا گۆڕەکە باشتر کراوە لەلایەن کوڕەکەی ڕەزا شاوە، محەمەد ڕەزا پاهلاڤی، کە دوایین شای ئێران بوو و لە ساڵی 1979 دا لەلایەن شۆڕشی ئیسلامییەوە دوورخرایەوە.
مازینانی وتی هێزەکانی ئاسایش لە بیناکەدا تەلەفونەکەی نەسیریییان پشکنیوە و سەیری ڤیدیۆکەیان کردووە و دواتر دەستگیرییان کردووە و گواستراوەتەوە بۆ بنکەیەکی پۆلیس. دواتر لەلایەن هێزەکانی هەواڵگرییەوە گواستراوەتەوە.
نەسیری پێشتر نوێنەری ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی بووە لە ڕۆژنامەی کەیهان، سێ ساڵ لەوێ لە ساڵەکانی نەوەدەکاندا سەرنوسەری ڕۆژنامەکە بووە.
لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا نەسیری ڕەخنەی لە سیستمی فەرمانڕەوایی کۆماری ئیسلامی گرتووە، بە تایبەتی بڕیارەکانی خامنەئی، دەستوەردانی ئێران لە ناوچەکەدا و خەرجکردنی پارەیەکی زۆر لەسەر گروپە چەکدارییەکان لە سوریا و لوبنان و یەمەن.
لە ساڵی 2022 دا، دوای خۆپیشاندانەکان دژی مەرگی ژینا ئەمینی کە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا گیانی لە دەستدا، نەسیری سەردانی گۆڕەکانی ئەو کەسانەی کردووە کە لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا ژیانییان لە دەستداوە. هەندێک ڤیدیۆی دەرکردووە تێیاندا ڕەخنە لە حکومەت و مامەڵەکردنی حکومەت لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندا دەگرێت.
هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ڕوون نیە و هیچ کام لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێرانیش تاوەکو ئێستا باسییان نەکردووە.
سەرچاوە/ AP
ئێران چالاکوانێکی سیاسی دەستگیر دەکات کە ڕەخنەی لە سیستمی فەرمانڕەوایی وڵاتەکە گرتووە
مەهدی نەسیری