سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیان دەڵێت بۆ ئەوەی گەشەی ساڵانەی ئابووری وڵاتەکە بگاتە لە سەدا 8، ئێران پێویستی بە نزیکەی 100 ملیار دۆلار هەیە لە وەبەرهێنانە بیانییەکاندا. لە ئێستادا گەشەی ساڵانەی ئابووری وڵاتەکە لە سەدا 4 ە.
پزیشکیان وتی ئێران پێویستی بە 250 ملیار دۆلار هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی بەڵام نیوە زیاتری ئەو بڕەی هەیە کە لە سەرچاوە ناوخۆییەکانەوە دەستی دەکەوێت. شارەزایان دەڵێن ئەگەر گەشەی ساڵانەی ئابووری بگاتە لە سەدا 8 ئەوا ڕێژەی هەڵاوسان و ڕێژەی بێکاریش کەم دەبنەوە.
سەدان کەس و لایەن لە ئێران، لە بەرپرسانی بانکی ناوەند و بەرپرسانی حکومەتەوە بۆ بەرهەمهێنەرانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئاڵوگۆڕکارانی دراو، بە پێشتر و ئێستاشەوە لە ژێر سزا نێودەوڵەتیەکاندان، زۆرێکییان تۆمەتبار کراون بە تۆمەتی دابینکردنی پشتیوانی دارایی بۆ سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە چەکدارییەکانی وەکو حەماس و حزبوڵا و حوسییەکان.
پزیشکیان لە چاوپێککەوتنێکدا گلەیی کرد سەبارەت بە سزاکان و وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی پلانی هەیە هەڵاوسانی ئابووری کەم بکاتەوە، کە لە ئێستادا ساڵانە ڕێژەکە دەگاتە زیاتر لە سەدا 40. وتی دەتوانین کەمی بکەینەوە " ئەگەر کێشەکانمان لەگەڵ دراوسێکانمان و جیهاندا چارەسەر بکەین."
پزیشکیان ئەوەشی پشتڕاست کردەوە کە یەکەمین سەردانی بۆ دەرەوەی وڵاتەکە وەکو سەرۆک بۆ عێراق دەبێت، دواتریش دەچێت بۆ نیویۆرک بە مەبەستی ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە بڕیارە لە 22-23 ی مانگی نۆدا بەڕێوەبچێت. وتی لەو ماوەیەدا کە لە نیویۆرک دەبێت لەگەڵ ئێرانییە پیشەگەرەکانی ئەوێدا کۆدەبێتەوە و بانگهێشتییان دەکات بۆ وەبەرهێنان لە ئێراندا. نزیکەی 1.5 ملیۆن پیشەگەر لە زیاتر لە 8 ملیۆن پیشەگەرەکەی ئێران لە ئەمەریکا دەژین.
پزیشکیان کە وەکو چاکسازێک سەیر دەکرێت مانگی ڕابردوو وەکو سەرۆکی وڵاتەکە سوێندی یاسایی خوارد و پێشتر لە مانگی هەشتدا پەرلەمانی ئێران کابینەی حکومەتەکەی پەسەند کرد، بەڵێنیدا ئێران تۆنێکی نەرمتری هەبێت لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکەشدا.
لە ساڵی 2018 ەوە ئابووری ئێران خراپ بووە، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا. پزیشکیان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا ئاماژەی بەوەداوە کە هەوڵ دەدات ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە زیندوو بکاتەوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا