ئێران وێستگەکانی کارەبا بەهۆی کەمی سوتەمەنییەوە دەکوژێنێتەوە

بەهۆی کەمی سوتەمەنییەوە کە لە وەرزە ساردەکاندا خواست لەسەری زیاتر دەبێت، ئێران کارەکانی لە چەندین وێستگەی کارەبا ڕاگرتووە.

ئێران وڵاتێکی زەبەلاحی وزەیە و یەکێکە لە خاوەنی گەورەترین یەدەگەکانی گازی سروشتی لە جیهاندا، بەڵام لەم چەند هەفتەی ڕابردوودا ناچار بووە کارەبا کەم بکاتەوە و قوتابخانەکان و بیناکانی حکومەت دابخات.

سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیان کە داوای کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سوتەمەنی کردووە، ڕۆژی دووشەممە داوای لێبووردنی لە خەڵکەکە کرد لەسەر کەمی سوتەمەنی و بەڵێنیدا ساڵی داهاتوو ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.

دەزگای هەواڵی ئیرنا وتی پارێزگای لۆرستان لە ڕۆژئاوای ئێران نوێترین پارێزگا بوو کە بەهۆی کەمی سوتەمەنییەوە بەشێکی وێستگەیەکی گازی داخست، ئەوەش بەهۆی " زیادبوونی بەکارهێنانی گازەوە لەلایەن خەڵکەکەوە."

ڕۆژی یەکشەممە پارێزگای گوڵستان لە باکووری ئێران وێستگەکانی داخست و کارەبای کەمکردەوە. نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ژێر پلەی سەدی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا تۆمار دەکرێن، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە بەرپرسان قوتابخانەکان و ئۆفیسەکانی حکومەت لە زیاتر لە 20 پارێزگا دابخەن، بە تارانی پایتەختیشەوە.

میدیا ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە پارێزگاکانی ئەسفەهان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا نوێترین بوون لەو پارێزگایانەی کە فەرمانییان کردووە بە داخستنی قوتابخانەکان و بیناکانی حکومەت بەهۆی سەرماوە.

خەڵکەکە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا کارەبایان کوژاوەتەوە، بە تارانیشەوە. ئیرنا ڕۆژی دووشەممە وتی ڕێوشوێنەکان بۆ سنووردارکردنی کارەبا لە ماوەی 24 کاتژمێردا بووەتە هۆی پاراستنی دوو ملیۆن مەتر لە گاز و 100 مێگاوات کارەبا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس