ئێران پیاوێک لە سێدارە دەدات لەسەر کوژرانی ئەفسەرێکی باڵای پاسداران لە خۆپیشاندانەکانی 2022 دا

دەسەڵاتی دادوەری ئێران دەڵێت ڕۆژی سێشەممە ئێران پیاوێکی لە سێدارەداوە دوای ئەوەی دادگاکان بە تۆمەتی کوشتنی ئەفسەرێکی سوپای پاسدارانی ئێران لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2022 دا تۆمەتبارییان کردووە.

ماڵپەڕی میزانی دەسەڵاتی دادوەری وتی " غوڵامڕەزا ڕاسایی ئەم بەیانییە (سێشەممە) لە زیندانی کرماشان لە سێدارە دراوە." بە تۆمەتی " کوشتنی کۆلۆنێڵێکی سوپای پاسدارانی ئێران بە چەقۆ لە ماوەی خۆپیشاندانە نایاساییەکانی مانگی یانزەی ساڵی 2022 دا."

دەزگای هەواڵی تەسنیم وتی کۆلۆنێڵەکە، نادر بەیرامی، بەرپرسی یەکەی هەواڵگری پاسداران بووە لە شاری سەحنەی پارێزگای کرماشان لە ناوچە کوردییەکەی ئێران.

ناوچە کوردییەکانی ئێران یەکێک بوون لە ناوەندەکانی خۆپیشاندانەکان کە دوابەدوای مەرگی ژینا ئەمینی 22 ساڵەوە سەریانهەڵدا. ژینا کچێکی کوردی سەقزی لە دەمی دەستبەسەری لەلایەن پۆلیسەوە گیانی لەدەستدا.

ژینا ئەمینی بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاساکانی پۆشاکی ژنانی ئێران لە تاران دەستگیرکرا.

سەدان کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژران، دەیان ئەندامی هێزەکانی ئاسایشیش کوژران، هەزاران کەسی دیکەش دەستگیرکراون.

میزان وتی ڕاسای لە مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا سزای مەرگی بەسەردا سەپێندراوە، ئەوەش بەپێی یاسای شەریعەی ئیسلامی لەسەر " تۆڵەسەندنەوە ". دواتر سزاکە لەلایەن دادگای باڵاوە پەسەند کرا.

تاوەکو ئێستا 10 کەس بە تۆمەتەکانی پەیوەست بە کوشتن و توندوتیژییەوە لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا لە سێدارە دراون.

بەپێی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی وەکو ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێودەوڵەتی، ئێران زیاتر لە هەموو وڵاتێکی دیکە جگە لە چین ساڵانە زۆرترین کەس لە سێدارە دەدات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس