وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس ئارەقچی ڕۆژی یەکشەممە وتی کوژرانی جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیروت لەسەر دەستی ئیسڕائیل " تاوانێکی خراپ " بوو کە بەبێ وەڵام تێپەڕ نابێت.
جەنەڕاڵ عەباس نیلفۆرۆشان ڕۆژی هەینی لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر بەیروت کوژرا، لەو هێرشەدا سەرکردەی حزبوڵا حەسەن نەسڕوڵاش کوژرا.
ئارەقچی لە بەیاننامەیەکدا بۆ فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران جەنەڕاڵ حوسەین سەلامی وتی " هیچ گومانێک نیە کە ئەم تاوانە خراپەی ڕژێمی زایۆنی ( ئیسڕائیل ) بەبێ وەڵام تێناپەڕێت."
پێشتر لە ڕۆژی یەکشەممەدا سەرۆکی پەرلەمانی ئێران باقر قالیباف وتی دوابەدوای کوژرانی نەسڕوڵا گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران بەردەوام دەبن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسڕائیل بە یارمەتی تاران.
گروپە چەکدارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات بە بەرەی مقاوەمە ناسراون و هەریەک لە گروپە چەکدارییەکانی وەکو حەماس و حزبوڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن و چەندین گروپی چەکداریی شیعەی دیکە لە عێراق و سوریادا لە خۆدەگرێت.
قالیباف وتی " دوودڵ نابین بچینە هەر ئاستێکەوە لە پێناو یارمەتیدانی مقاوەمەدا."
هەروەها هۆشداریدایە ئەمەریکا و وتی " ئەمەریکا بەشدارە لەم تاوانانە و دەبێت بە دەرەنجامەکانی ڕازی بێت."
جێگری سەرۆکی ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی جەڤاد زەریف کاتێک سەبارەت بە کوژرانی نەسڕوڵا پرسیاری لێکرا بە دەزگای هەواڵی ئێرانی وت ئێران لە کاتێکی گونجاودا کاردانەوەی دەبێت دژی ئیسڕائیل.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز