حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای هاوکاری بەپەلە لە ئێران دەکات

وێنەی ئەرشیف

نوسینی: ڕێکار حوسێن؛ ژیار موحەمەد

حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای هاوکاری دارایی بەپەلەی لە کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە بەهۆی قەیرانی داراییەوە. بەگوێرەی سەرچاوە کوردی و ئێرانیەکان، لەبەرامبەردا ئێران ئامادەیی هاوکاری دەربڕیوە بەڵام داوای پشکی کردووە لە سەرچاوەی زۆر و زەبەندی وەزەی هەرێمی کوردستان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە قەوارەیەکی دۆستی ڕۆژئاوا و بە یەکێك لە چالاکترین هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەناسرێت لە شەری دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، لە ئێستادا ململانێ دەکات لەگەڵ قەیرانێکی دارایی سەخت کە بەرۆکی گرتووە لە ئەنجامی دابەزینی بەهای نەوت، شەڕێکی سەخت دژ بە داعش، وە میوانداری کردنی نزیکەی 1 ملیۆن و 800 هەزار ئاوارەی عێراقی و سوری. بەرپرسانی هەرێم کە وای دەخەمڵینن حکومەتەکەیان کەوتۆتە ژێر قەرزێکی نزیك 18 ملیۆن دۆلاری دەڵێن ئەم قەیرانە داراییە گەورەترین مەترسییە کە تا ئێستا ڕوبەڕووی هەرێم بوبێتەوە.

نازم دەباخ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند کە حکومەتی هەرێم داوای هاوکاری دارایی کردووە لە ئێران. بەڕێز دەباخ وتی، "لە ڕێگەی کەناڵەکانمان و لەکاتی دانیشتنە تایبەتەکانمان ئەو پەیامەی کە خەڵکی هەرێمی کوردستان هەیەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، وە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کە ڕایگەیاندووە لە قەیراندایە و پێویستی بە کۆمەك و هاوکاریە، گەیاندومانە."

دەباخ بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەیی خۆی نیشاندا بە دابینکردنی بڕێکی زۆر قەرز لەڕێگەی کۆمپانیا ئێرانیەکان کە کاردەکەن لە هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر ئەوەی هەرێم قەرزەکان بداتەوە لەڕێگەی سەرچاوەی نەوت."

بەگوێرەی دەباخ ئەم پێشنیارەی ئێران لەکاتی سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو لە کاتی کۆنفرانسی ئاسایشی میۆنخ خرایە ڕوو.

دەباخ ڕایگەیاند کە هەردوولا ڕێککەوتن کە لە داهاتوودا وردەکاریەکانی پێشنیارەکە لە کۆبونەوەیەکی تر لە هەولێر تاووتوێ بکەن.

ئەندامێکی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران کە نەیویست ناوی بهێندرێت بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "بەگوێرەی پێشنیارەکە حکومەتی ئێران ڕەزامەند بووە لەیەکەم هەنگاودا بڕی 50 ملیۆن دۆلار بەشێوەی قەرزی بچووك بداتە حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر ئەوەی حکومەتی هەرێم کاری هاوبەش لەگەڵ ئێران بکات لەبواری سەرچاوەکانی نەوت و پاڵاوگە."

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەسەرەتای ئەم ساڵ هەنگاوێکی هاوشێوەیان نا لە کاتی سەردانێکی فەرمیان بۆ واشنگتۆن کاتێك داوای هاوکاری دارایی بەپەلەیان کرد لە حکومەتی ئەمریکا. بەرپرسانی هەرێم لە کاتی سەردانەکەیان هۆشداری ئەوەیان دا کە قەیرانی دارایی ڕەنگە کاربکاتە سەر ورەی هێزی پێشمەرگە کە ڕوبەڕووی گروپی داعش دەبێتەوە سەرەڕای ئەوەی چەند مانگێکە موچەی وەرنەگرتووە.

بەگوێرەی سایتی فۆڕن پۆڵەسی، حکومەتی ئەمریکا هۆشداری بەرپرسانی کوردی بە گرنگی وەرگرتووە و ئامادەیی دەربڕیوە لەسەر پێدانی بڕی 50 ملیۆن دۆلار بە هێزی پێشمەرگە بۆ هەر مانگێك.

"بەهێزترکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئێران"

بەبۆچونی شارەزایان حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕابردوودا پەیوەندی باشی لەگەڵ دەوڵەتی ئێران دا هەبووە بەڵام شەڕی داعش و قەریانی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگەی بۆ ئێران خۆشکردووە کە پێگەی خۆی لە هەرێم قایمتر بکات.

ساڵی 2014 کاتێك داعش هێرشێکی کتوپڕی کردە سەر شاری هەولێر، ئێران لەزەویەوە هاوکاری سەربازی گەیاندە دەست هێزەکانی پێشمەرگە لەکاتێکدا ئەمریکا لە ئاسمانەوە بەرگری لە پایتەخت دەکرد.

وەك پێزانینێك بۆ ئەم هەڵوێستەی ئێران، مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مانگی 8ی 2014 لەمیانەی کۆنفرانسێکدا لە گەڵ موحەمەد جەڤاد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، "ئێمە داوای هاوکاری سەربازیمان کرد و ئێران یەکەم وڵات بوو کە چەك و تەقەمەنی پێشکەش کردین."

پێری کماك توێژەرەوە لە سەنتەری توێژینەوەی ئەمریکی کارنج ئینداومێنت بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "بەڕوونی دیارە کە سەرهەڵدانی داعش ڕێگە خۆشکەربووە بۆ فراوانبوونی پانتایی باڵادەستی ئێران لە کوردستان. ئێران دەیەوێت گاریگەری لەناو کورد زیاد بکات بەتایبەت لەکاتێکدا کورد لە سوریا و عێڕاق ڕۆڵی کاریگەر دەبینن لە ڕوبەڕوبونەوەی داعش."

شایەنی باسە، لە سەرەتای ئەم ساڵ ئێران سەنتەرێکی ڕۆشنبیری لە شاری کەرکوك کردەوە بەناوی سەنتەری ڕۆشنبیری و وەرزشی ئیمام خومەینی. هەر ئەم ساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێران واژوکرد بۆ ئاڵوگۆرکردنی قوتابی و مامۆستا لە نێوان هەردوو لا.

هاوسەنگی پەیوەندی لە گەڵ ئێران و تورکیا

سەرەڕای پەیوەندی باش لە نێوان حکومەتی هەرێم وڵاتی ئێران، کاربەدەستانی ئێران بەردەوام گلەیی ئەوەیان کردووە کە حکومەتی هەرێم پەیوەندی پتەوتری هەیە لەگەڵ تورکیا.

پێری کماك توێژەرەوەی لە سەنتەری توێژینەوەی ئەمریکی کارنج ئینداومێنت بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "لە هەولێر بەرهەمە تورکیەکان بازایان داگیرکردووە هەر لە باڵەخانە بەرزەکانەوە تا کەلوپەلی ئاسایی دوکانەکان...بۆیە زۆر ئاساییە بۆ ئێران کە هەوڵی ئەوە بدات باڵادەستی خۆی لە کوردستان زیاد بکات وەکو ڕکابەرێك بەرامبەر تورکیا."

بەگوێرەی نازم دەباخ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، تا ئێستا حکومەتی هەرێم هیچ هاوکاریەکی دارایی لە ئێرانەوە پێنەگەیشتووە ئەمەش پەیوەستە بە چونیەتی مامەڵەی حکومەتی هەرێم لەمەر هاوسەنگی پەیۆەندیەکانی لەگەڵ ئێران و تورکیا.

لەدرێژەی لێدوانەکەی بۆ دەنگی ئەمریکا، دەباخ وتی، "ئەم بابەتە پەیوەستە بەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرژەوەندیەکانی خۆی دەبەستێتەوە بە ئێران یا تورکیا. تۆ ناتوانیت بەشێوەیەك کار بکەیت کە خێرو بێرت لە وڵاتێك بێت و خێروبێرت بۆ وڵاتێکی تر بێت."

دەباخ کە بە ئاشکرا نیگەرانی پێوەدیار بوو سەبارەت بە هاوسەنگی پەیوەندیەکانی هەرێم لەگەڵ تورکیا و ئێران ڕایگەیاند، " ناکرێ هەموو هێلکەکانمان بخەینە ناو سەبەتەیەك. ئەم بابەتە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران پرسیاری لەسەر نییە. ئێمە داوای یارمەتی دەکەین لە کاتێکدا تورکیا و ئەو وڵاتانەی کە ئەو هەموو بەرژەوەندیەمان لەگەڵیان دروستکردووە چیان بۆ ئێمە کردووە تا ئێمە داوای یەك شتی زیاتر بکەین!"