کانی موحەمەدی لە بارەی بڕیارەکەی دادگای ئێران بۆ زیندانیکردنی زارای خوشکی دەدوێت

زارا موحەمەدی مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی نۆژین لە سنە، ڕۆژی پێنجشەممە 15ی مانگی شەشی ساڵی 2019 دەستبەسەردەکرێت و دوای نزیکەی شەش مانگ بە کەفالەت ئازاد دەکرێت، بەڵام چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دادگایەکی ئێران بڕیاری دا 5 ساڵ زیندانی بکرێت.

لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوودا زارا بە تۆمەتی "پێکهێنانی گروپ و دەستە بە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" بە 10 ساڵ زیندان سزا دەدرێت لە لایەن لقی 2ی دادگای ئینقلابی سنەوە.

کۆمەڵەی نۆژین دامەزراوەیەکی مەدەنییە کە بە مۆڵەتی فەرمی وەزارەتی ناوخۆ دامەزراوە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە شاری جیاوازەکانی کوردستانی ئێران خوڵی فێرکردنی زمانی کوردیان بەڕێوەبردوە.

خوشکی زارا موحەمەدی لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی رابردوودا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە زارا بە تاوانی فێرکردنی زمانی دایکی ڕووبەڕووی 10 ساڵ سزای زیندانی بووەتەوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە مانگی یازدەی ساڵی 2019 دا، بانگەوازییەکی بەپەلەی بۆ ئازادکردنی زارا بڵاوکردەوە کە تیایدا داوای ئازادکردنی بێ مەرجی زارای کردبوو.

زارا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستگرام چەند ڕۆژ پێش ئێستا ڕایگەیاند کە لە دوای ئەوەی پارێزەرەکانی داوای پێداچوونەوەیان کرد بۆ لابردنی سزاکەی، بەڵام داواکەی چەند ڕۆژ لەمەوبەر ڕەتکراوەتەوە و ئەمجارە سزای 5 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.

زارا لە ڕێگای هەژمارەکەی خۆیەوە لە بارەی سزاکەیەوە دەڵێت کە " دەرکردنی سزای 5 ساڵ زیندانی بەبێ بەڵگە و هۆکار و بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕاستییەکان، ئەوپەڕی نادادپەروەرییە."

بۆ دوایین زانیارییەکان لەسەر دۆسییەی زارا موحەمەدی، بەفراو نووری لە دەنگی ئەمەریکای بەشی کوردییەوە لە واشنتۆن لەگەڵ کانی موحەمەدی، خۆشکی زارا لە سویسراوە گفتوگۆی کرد.

کانی لەم گفتوگۆیەدا دەڵێت کە سزاکە بەپێی یاسا و دەستور نەبووە و لە ڕاستیدا بڕیاری دەزگای ئیتلاعاتی ئێرانە، نەوەک دەزگای دادوەری ئێران.

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ کانی موحەمەدی