ناوەندی هاوکاری حزبە کوردستانیەکان کە لە چوار حزب پـێکهاتووە، بڕیاری داوە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ئێران بکرێت.
خالید عەزیزی سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت حزبەکەی و هەموو لایەنەکانی دیکەی کوردستانی ئێران هەرگیز موخالیفی ئەوە نەبوون ئەگەر دەرفەتێکیان بۆ بڕەخسێت بە شێوەیەکی دیموکراتیک لە کەناڵی هەڵبژاردنێکی دیموکراتیکەوە چارەنووسی ئێران و خۆیان و لایەنەکان دیاریبکرێت، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پـێشوو زیاتر "موهەندسی کراوە" و زیاتر بەرنامەی خۆیانە و دەیانەوێت ئەو دەسەڵاتە خۆی یەکدەست بکاتەوە و بوارێکی وەهای نەهێشتووەتەوە بۆ بەشداریکردن، بۆیە ناوەندی هاوکاری حزبە کوردستانیـیەکان کە چوار حزبن بە دروستی بڕیارێکیان داوە، ئەویش ئەم هەڵبژاردنە بایکۆت و تەحریم بکەن.
سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستان پێی وەهایە کە ئەوان تا ئێستا هەڵبژاردنی جۆراوجۆریان تاقیکردووەتەوە بە پێی هەموو دەرفەتەکان حیزبی دیموکراتی کوردستان هەڵویستی هەبووە جاری وا هەبووە خەڵکێکی کەم بەشداری کردووە و جاری وەهاش هەبووە خەڵکێکی زۆرتر لە رابردوودا بەشداریان کردووە بەڵام ئەوەی کە بۆ ئەوان گرنگە ئێستایە ئەوان بەو هەڵویستە چ پەیامێک دەدەن بە کۆمەڵانی خەڵک لە ئێران و هەموو ئەوانەی بەجۆرێک بیر لە داهاتووی ئێران دەکەنەوە، ئەوان زۆرتر ڕوویان لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە رابردووشدا تا ئەو شوێنەی کە پەیوەندی بە حیزبی ئەوانەوە هەبووە کەمو زۆر وەڵامیان داوەتەوە، ئێستاش سەبارەت بەو هەڵبژاردنە ئەوان لەوێ نین کۆماری ئیسلامی دەرفەتی وای هەیە کە ئەو هەڵبژاردنە بە پێی مەیلو بۆچوونی خۆی دەستکاری بکات ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە هەرچیەکی هەبێت بەشێکی زۆری پەیوەندی بە بەرنامەی خودی کۆماری ئیسلامیەوە هەیە کە دەرئەنجامەی چوون بێت.
Your browser doesn’t support HTML5