لە یەک ڕۆژدا ئێران زۆرترین حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی کۆرۆناوە لە وڵاتەکەدا تۆمار دەکات

کەناڵی فەڕمی ئێران بڵاویکردەوە وڵاتەکە زۆرترین حاڵەتی گیان لەدەستدانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە یەک ڕۆژدا تۆمارکردووە، بەمەش کۆی حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە بەرزبۆوە بۆ زیاتر لە 70,000 حاڵەت.

کەناڵی فەڕمی ئێران وتی لە ڕۆژی یەکشەممەوە 496 حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئێران تۆمارکراوە، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی نوێیە لەو وڵاتەدا دوای ئەوەی لە مانگی یانزەدا 486 حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمارکرا.

کەناڵەکە لە زاری بەرپرسانی ئێرانەوە بڵاویکردەوە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 21,026 حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە، کۆی حاڵەتەکانی توشبوونیش بەرزبۆوە بۆ 2,417,230 حاڵەت.

وەزیری تەندروستی ئێران سەعید نەمەکی هۆشیاریدا لەوەی پێدەچێت لە هەفتەکانی داهاتوودا ژمارەی گیان لەدەستدانەکان زیاد بکەن.

دەزگای هەواڵی ئێرنا لە زاری نەمەکیەوە بڵاویکردەوە " دوو سێ هەفتەی سەختمان لەبەردەمدایە و دەبێت بەشێوەیەکی گونجاو مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت."

بەرپرسانی ئێران هۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان دەگەڕێننەوە بۆ پابەندنەبوونی هاوڵاتیان بە ڕێوشوێنە تەندروستیەکانەوە لە شوێنە گشتیەکان و هۆکارەکانی گواستنەوە و کۆبوونەوە خێزانیەکاندا.

سەبارەت بە ڤاکسینەکانیش، وەزارەتی تەندروستی ئێران وتی تەنها 820,000 ژەمە ڤاکسینمان دابین کردووە بۆ وڵاتێک کە 84 ملیۆن دانیشتووی هەیە.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا پڕۆگرامی کۆڤاکس کە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیە و ڤاکسینەکان بەشێوەیەکی یەکسان دەگەیەنێتە وڵاتانی هەژار، یەکەمین بارە ڤاکسینی لە هۆڵەنداوە گەیاندە ئێران کە پێکهاتبوو لە 700,000 ژەمە ڤاکسینی ئاسترازێنیکا.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس