ئێران مەشقی سەربازی لە نزیک تەنگەی هورموز ئەنجام دەدات

کەناڵی فەڕمی ئێران دەڵێت ڕۆژی هەینی سوپای ئێران مەشقە سەربازییە ساڵانەییەکەی لە نزیک تەنگەی هورموزی ستراتیژی لە ناوچە کەنارییەکانی کەنداوی عومان دەستپێکردووە، ئەمەش سەرەڕای بەردەوامبوونی سەرکوتکارییەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران دژی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکە.

تەنگەی هورموز ناوچەیەکی گرنگە بۆ تێپەڕبوونی پێویستییەکانی وزەی جیهان، پێنج یەکی ئەو نەوتەی بازرگانی پێوە دەکرێت بەو تەنگەیەدا تێپەڕ دەبێت.

کەناڵەکە وتی کۆماندۆکان و هێزەکانی پیادە و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و فڕۆکەی شەڕکەر و کۆپتەر و فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازیی و ژێرئاوگەڕ بەشداری لە مەشقەکەدا دەکەن کە بە مەشقی " زوڵفەقار 1401 " ناسراوە. سوپای ئێران لە مەشقەکەدا موشەک هەڵدەدات و سیستمەکانی بەرگری ئاسمانیش تاقی دەکاتەوە.

کەناڵەلە وتی " مەشقەکان بۆ باشکردنی ئامادەیی هێزەکان دەبن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان و ئەگەری هەر داگیرکارییەک."

ئێران بەردەوام ئەو جۆرە مەشقانە ئەنجام دەدات بۆ باشکردنی هێزی بەرگری و تاقیکردنەوەی چەکەکانی.

لە مانگی نۆوە ئێران ڕووبەڕووی خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەت بۆتەوە. خۆپیشاندانەکان بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینییەوە سەریانهەڵدا کە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا گیانی لە دەستدا. خۆپیشاندانەکان بە خێرایی پەرەیان سەند و ئێستا داوای کۆتایی هێنان بە ڕژێمی دەسەڵاتدارە ئاینییەکانی وڵاتەکە دەکەن کە زیاتر لە 40 ساڵە بەردەوامە.

سەرچاوە/ AP