بەرپرسێکی ئەمەریکا دەڵێت ئێران لە دانوستانە ناوکییەکەدا کات بە فیڕۆ دەدات

کاربەدەستێکی باڵای ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە گوتی نابێت ڕێگە بە ئێران بدرێت لە وتووێژەکانی ڤیەننا کە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015 بەڕێوەدەچێت، کات بە فیڕۆ بدات و پرۆسەکە خاو بکاتەوە.

لیندا تۆماس گرینفیڵد، نێردراوی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتوەکان لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکاندا گوتی " ئێمە لەوبڕوایەداین ئەگەر ئێران بە خێرایی و نیاز باشییەوە گەڕابێتەوە بۆ گفتوگۆکانی ڤیەننا، ئەوا دەتوانین بە خێرایی بگەینە تێگەیشتنێک بۆ گەڕانەوەی دولایەنە بۆ ڕێککەوتنەکە، بەڵام ناتوانین ڕێگە بە ئێران بدەین کە بەرنامە ناوەکییەکەی خێراتر بکات و بە خاویش دیپلۆماسیەتی ناوکییەکەی بباتە پێشەوە." ئەو گوتیشی "زۆر بە داخەوە کە ئەمە دەڵێم، بەڵام ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە پێدەچێت لە گفتوگۆکانی ڤیەننادا ڕووبدات."

گرینفیڵد دووپاتی کردەوە کە بەڕێوبەرایەتی بایدن ئامادەیە بە تەواوی ئەو سزانەی کە لەگەڵ پابەندبوونەکان بە ڕێککەوتنەکەوە ناگونجێت، لایاندات و ئەمەش ڕێگە بە ئێران دەدات کەڵک لە سوودە ئابوورییەکانی ئەو ڕێککەوتنە وەربگرێت.

تۆماس گرینفیڵد گوتیشی ئێران دوایین خولی گفتوگۆکانی لە 29ی مانگی ڕابردوودا بە ورووژاندنی چالاکی نوێی ناوەکی و پێگەی نادیار و نادروست و زۆرخوازیی لەبارەی هەردوو کێشەی ناوکی و سزاکانەوە دەستپێکردوە.

ئەمەریکا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشداری لە گفتوگۆکاندا دەکات لەگەڵ ئێران لە ڤیەننادا، بەڵام لەنیویۆرک هەردوو نێردراوی ئەمەریکا و ئێران ڕۆژی سێ شەممە لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکاندا لە لەدەوری مێزێک دانیشتبوون.

نێردراوی ئەمەریکا گوتی کە تەنگەژە ناوکییەکانی ئێران پرسیار دەخاتە سەر مەبەست و نیازەکانی ئەو وڵاتە و گوتیشی "ڕاشکاوانە ئەوە بڵێم کە ئەم کارانەی ئێران هیچ کاریگەری و سودێکی بۆ ئێران نابێت لە دانوستانەکاندا و تەنها نیگەرانییەکانمان سەبارەت بە چالاکییەکانی ئێران چڕتر دەکاتەوە".

مەجید تەخت ڕوانچی، نێردراوی ئێران لە نەتەوە یەکگرتوەکان بە ئەنجومەنەکەی گوت "ڕاستیەکە ئەوەیە کە ئێمە نزیکەی چوارساڵە لە هەموو مافەکانی خۆمان لە ناو ڕێککەوتنە ناوکییەکەدا بەتەواوی بێبەش بووین".

ڕوانچی گوتی سزاکان کاریگەرییان خستوەتە سەر ژیانی خەڵکی ئێران و بەو پێیەش کە پێشێلکردنی بەرچاوی یاسا نێودەڵەتییەکان کاریگەرییەکی زۆری خستوەتە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵک، هەر بۆیە ئێران پێویستە دڵنیا بکرێتەوە لەو ڕووەوە کە هەموو سزاکان لادەبرێن و ئەمەریکاش جارێکی تر لە ڕێککەوتنەکە نەکشێتەوە.

ئەنجومەنی ئاسایش بۆ پێداچوونەوە بەجێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە ناوکییەی ئێران کە خودی ئەنجومەنیش پەسەندی کردووە،هەموو ساڵێک دووجار کۆدەبێتەوە. ڕێککەوتنە ناوکییەکە لە بەرامبەر سنووردارکردنی بەرنامە ناوەکییەکەی تاران، سزاکانی سەر ئێرانی کەم کردبووە. ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە تەنیا دەیەوێت تواناکانی لە بواری مەدەنیدا پەرە پێبدات، بەڵام زلهێزەکانی ڕۆژئاوا دەڵێن ئەو ڕێژەیە لە یۆرانیۆمی پیتێندراو زۆر لەوە زیاترە و دەکرێت بۆ گەشەپێدانی چەکی ناوکی بەکاربهێنرێت.

دانوستانەکان دوای چەند مانگێک وەستان، جارێکیتر لە 29 ی مانگی ڕابردووەوە بە مەبەستی زیندوکردنەوەی ڕێککەوتنی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان دەستێپێکردوەتەوە.

لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا و ئێرانیش لە بەرامبەردا کۆمەڵێک لە بەرپرسیارێتیە سەرەکییەکانی لە ڕێکەوتنەکەدا پێشێلکردووە.

مارگریت بەشیر/ دەنگی ئەمەریکا