چاوه‌ڕوان‌ده‌کرێت ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بڕیاری سـزاکانی دژ به‌ ئێران په‌سه‌ند بکات

چاوه‌ڕوان ده‌کرێت له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه ‌یه‌کگرتووه‌کان بڕیاری سه‌پاندنی چواره‌م کۆمه‌ڵه‌ سزای خۆی به‌سه‌ر ئێراندا بدات له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ناوکیـیه‌ مشتومڕ له‌سه‌رکه‌ی.

باڵوێزی ئه‌مه‌ریکا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان سوزه‌ن ڕایس ده‌ڵێت ئه‌و بڕیاره‌ بریتیـیه‌ له‌ گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی نوێ. پـێشـبینی ده‌کات ئه‌و به‌رنووسه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ به‌ ده‌نگی زۆرینه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نه‌ 15 ئه‌ندامیـیه‌که‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان په‌سه‌ند بکرێت.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا هێله‌ری کلنتن ده‌ڵێت ئه‌م سزایانه‌ توندترین سزای دژ به‌ ئێران ده‌بن.

بڕیاره‌ سـزاکان بریتی ‌بێت له‌ کۆت‌وبه‌ند خستنه‌سه‌ر گه‌شت و هاتوچۆی ژماره‌یه‌ک به‌رپـرسی ئێرانی و هه‌روه‌ها سه‌پاندنی سزای دارای دژ به‌و که‌س و گروپانه‌ی که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ چالاکی ناوه‌کی و چه‌کی بالاستیکی ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌ و هه‌روه‌ها سوپای پاسـداران و هێڵه‌کانی هه‌نارده‌ی کۆماری ئیسلامی.

سه‌رۆکی ئێران مه‌حمود ‌ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد ئاگاهی دا به‌وه‌ی هه‌ر سـزایه‌کی نوێی نێوده‌وڵه‌تی به‌سه‌ر ئێران له‌وانه‌یه‌ بـبێته‌ مایه‌ی کۆتایی‌هێنان به‌و وتووێژانه‌ی له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ناوکیـیه‌که‌ی وڵاته‌که‌ی ده‌کرێن.