ئێران ڕۆژی هەینی لەگەڵ سێ زلهێزی ئەوروپا لەسەر پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆدەبێتەوە

سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیان

دەزگای هەواڵی کیۆدۆی ژاپۆن ڕۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە ئێران پلانی هەیە لە 29 ی مانگی یانزەدا لەگەڵ سێ زلهێزی ئەوروپادا کۆببێتەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی بەرنامە ئەتۆمییە جێناکۆکی لەسەرەکەی، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی دژی ئێران پەسەند کرد.

بڕیارەکە لەلایەن ئەمەریکا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیاوە پێشنیارکرا و ئێرانیش لە وەڵامدا وتی کۆمەڵێک ڕێوشوێنی نوێ دەگرێتەبەر، لەوانەش چالاککردنی ئامێری نوێ و پێشکەوتووی جیاکەرەوە کە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەکاردەهێندرێن.

کیۆدۆ وتی حکومەتەکەی سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیان هەوڵی چارەسەرێک دەدات بۆ پرسە ئەتۆمییەکەی پێش ئەوەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە مانگی یەکدا دەستبەکاربێت.

گەورە بەرپرسێکی ئێران ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە کۆبوونەوەکە لە ڕۆژی هەینی داهاتوودا ئەنجام دەدرێت، وتیشی " تاران هەمیشە باوەڕی وابووە کە پرسی ئەتۆمی دەبێت لە ڕێی دیبلۆماسییەوە چارەسەر بکرێت، ئێران هەرگیز دەستبەرداری گفتوگۆکان نەبووە."

لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا. ڕێککەوتنەکە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانی سنووردار دەکرد لە بەرامبەر لابردنی سزاکانی سەر تاراندا. لەو کاتەوە ئێران بەرپرسیارێتییەکانی لە ڕێککەوتنەکەدا پشتگوێ خستووە و دەستیکرد بە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ لە سەدا 60 ی بێگەردی، کە ئەوەش نزیکە لە سەدا 90 ەوە کە پێویستە بۆ دروستکردنی بۆمبێکی ئەتۆمی. هاوکات ئامێری جیاکەرەوەی پێشکەوتووی بەکارهێناوە بۆ خێراکردنی پڕۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم.

گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و تاران بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە شکستییان هێناوە، بەڵام ترامپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا لە مانگی نۆدا وتی " دەبێت ڕێککەوتنێک بکەین، چونکە دەرەنجامەکان مەحاڵن. دەبێت ڕێککەوتنێک بکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز