یەکێتی ئەوروپا دەڵێت ئەم هەفتەیە لە برۆکسل لەگەڵ ئێراندا کۆدەبێتەوە

وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند دانوستاندنکاری باڵای یەکێتی ئەوروپا لەم هەفتەیەدا لە شاری برۆکسل لەگەڵ هاوتا ئێرانیـیەکەی کۆدەبێتەوە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەسەر ڕێککەوتنە ناوکیـیەکەی ئێران.

یەکێتی ئەوروپا و زلهێزانی جیهان لە هەوڵی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکاندان لەگەڵ ئێران کە بە مەبەستی زیندوکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015لە ڤیەننا بەڕێوچوون و دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران تاکو ئێستا ڕاگیراوە.

عەلی باقری جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئێران لە تویتەر نووسیویەتی "ڕۆژی چوارشەممە لە برۆکسل دەبم بۆ بەردەوامبوون لە وتووێژەکانماندا."

پیتەر ستانۆ، وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند کە ئێنریکە مۆراش بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکات. مۆرا لە سەرەتای ئەم مانگەدا سەردانی تارانی کردبوو بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێرانیـیەکان قسە بکات بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی وتووێژەکان.

ستانۆ گوتیشی دەستەی دیپلۆماسیی یەکێتی ئەوروپا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ڤیەننا.

داهاتووی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی درێژمەوەدا لەبارەی بەرنامە ناوکییە مشتومڕ لەسەرەکانی ئێران، لەوەتای دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە مانگی پێنجی ساڵی 2018دا لە ڕێککەوتنەکە چووە دەرەوە، بە نادیاری ماوەتەوە.

بەڵام سەرۆک بایدن دەڵێت ئەمەریکا ئامادەیە بگەڕێتەوە ناو ڕێککەوتنەکە، بەو مەرجەی ئێران بە تەواوی پابەند بێت بە هەموو خاڵە سەرەکییەکانی ناو ئەو ڕێککەوتنەی کە تاکو ئێستا ئێران زۆریانی پێشێلکردووە.

وتووێژی ناڕاستەوخۆ لە مانگی چواری ڕابردووەوە دەستیپێکردووە بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە بڕیار بوو سزاکان لەسەر ئێران هەڵبگیرێن و لە بەرامبەریشدا دەبوو ئێران بەرنامە ناوکییەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو ڕابگرێت، بەڵام واشنتن لە سەروەختی سەرۆکایەتییەکەی دانۆڵد ترامپدا لەو ڕێککەوتنە کشایەوە.

هەڵبژاردنەکەی ڕەئیسی لە مانگی شەشدا ئەو وتووێژانەی ڕاگرت و لەو کاتەشەوە هەروادێ و فشارەکان زیاتر دەبن بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ سەر مێزی دانوستاندن.

سەرچاوە / فڕانس پـرێس